گوتەبێژی سوپای نیشتمانی لیبیا: ئەردۆغان چەتەکانی داعش دەنێرێتە لیبیا

گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەڵێ ڕژیمی تورکیا نزیکەی ٣٥٠ ئەندامی داعشی لە سووریاوە بۆ لیبیا گواستۆتەوە و ئەو داعشانە ئێستا بە وڵاتانی ئەفریقادا بڵاو بوونەتەوە.

ئەحمەد میسماری لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووناهی، ڕایگەیاندووە کە بەشێک لەو داعشانە هەوڵ دەدەن ڕێکخستنەکانی ئەو ڕیکخراوە تیرۆریستییە لە باکووری ئەفریقا بژیەننەوە.

بە گوتەی میسماری ڕژیمی تورکیا ٤ هەزار و هەشتسەد چەتەی لە سووریاوە ناردووەتە لیبیا. بۆ ئەو مەبەستەش پارەیەکی زۆری بەو ڕێکخراوانە داوە کە ئەو چەتانە تێیدا ئەندامن.

ئەو دەڵێ کە  ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ کەس لەو چەتانە جیهادیستەکانی جەبهەتولنوسرە، لقی ئەلقاعیدە لە سووریان.

گوتەبێژی سوپای نیشتمانی لیبیا ئەوەشی وتووە کە ئەو چەتانەی ئەردۆغان ناردوونیەتە لیبیا هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ئەورووپا درووست دەکەن.

میسماری ئاشکرای کردووە کە تورکیا ئێستاش چەکوچۆڵی سەربازی بۆ هێزەکانی حکوومەتی ویفاق لە تەرابلۆس و میسڕاتە دەنێرێت.

سوپای نیشتمانیی لیبیا بە سەرۆکایەتیی خەڵیفە حەفتەر، دژی هێزەکانی حکوومەتی ویفاق شەڕ دەکات. حکوومەتی ویفاق کە جەماعەتی ئیخوانولموسلمین تێیدا باڵادەستن، لەلایەن تورکیا و قەتەرەوە پشتگیری دەکرێت.

وەشانی ڕاستەوخۆ