دۆخی ئیدلیب؛ ئەردۆغان ملی بۆ پلانەکەی پووتین دانادۆخی ئیدلیب ئەردۆغان ملی بۆ پلانەکەی پووتین دانا

سەرەنجام چاوسوورکردنەوەکانی یەک مانگی ڕابردووی ئەردۆغان لە سووریا بەوە کۆتایی هات کە مل بۆ پێشڕەوییەکانی ئەمدواییەی ڕژیمی سووریا لە ئیدلیب دانەوێنێ. ئەردۆغان و پووتین لە دیداری دوێنیاندا لەسەر پێکهێنانی ئاگربەست لە ئیدلیب ڕێککەوتن. ئەو ڕێککەوتنە وەک شکستێکی دیکەی ئەردۆغان لە سووریا و پاشەکشێ لە قسەکانی یەک مانگی ڕابردووی لێکدراوەتەوە.

دوای گفتوگۆی چەند کاتژمێریی نێوان پووتین و ئەردۆغان و دواتر وەفدی هەردوولا، ڕاگەیەندراوێکی چەند خاڵی لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ئیدلیب خوێندرایەوە.


لە ڕاگەیاندنەکەدا کە وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات خوێندیانەوە هاتووە کە تەواوی جموجۆڵە لەشکرییەکان لە کاتژمێر دوانزەی شەوی هەینییەوە ڕادەگیرێت.

هەروەها بە مەدوای شەش کیلۆمەتر لە هەردوو بەری جادەی ئیم ٤ لە ئیدلیب کۆریدۆرێکی ئەمنی ساز دەکرێت و لە ١٥ ئادارەوە گەشتی هاوبەشی ڕووسیا و تورکیا لەسەر ئەو جادەیە دەست پێدەکات.

ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئەمجارە لە ئیدلیب لە دۆخێکدا ڕاگەیەندراوە کە هێزەکانی سووریا سەرتاسەری جادەی ئێم ٥ی کۆنتڕۆڵ کردووە و بەپێی خاڵێکی ناو ڕێککەوتنەکە دەرفەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جادەی ئێم ٤ یش ڕەخساوە.


لە ڕاستیدا شەڕی ئەمجارەی ئیدلیب، شەڕی کۆنتڕۆڵ کردنی هەردوو جادەی ستراتیژیک و نێونەتەوەیی ئێم ٥ و ئێم ٤ بوو. جادەی ئێم ٥ حەڵەب بە دیمەشقەوە گرێ دەدات و جادەی ئێم ٤یش بەندەری لازەقییە بە حەڵەبەوە دەبەستێتەوە. شاری حەڵەب تا پێش شەڕی ناوخۆی سووریا ناوەندی پیشەسازی و پایتەختی ئابووریی ئەو وڵاتە بوو. ئەو دوو جادەیەش شادەمارەکانی شارەکە.

بەپێی نەخشەی مەیدانیی ئیدلیب و خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی دوێنێ بێت، دیداری دوێنێی نێوان ئەردۆغان و پووتین لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ ئەردۆغان شکست خواردوو بوو.

ئەردۆغان تا پێش دیدارەکە چاوی سوور دەکردەوە و دەیوت دەبێ هێزەکانی سووریا لە جادەی ئێم ٥ بکشێنەوە.بەڵام دوێنێ نەک هەر لە هەڕەشەکانی پاشگەز بوویەوە بەڵکوو بە هاتنی هێزەکانی ڕووسیا بۆ جادەی ئێم ٤یش قایل بوو.

ئەو دوای ئەوەی پشتگیرییەکەی ئەوتۆی لە ئەمریکا و ناتۆوە دەستنەکەوت، بە ناچاری پەنای بۆ پووتین بردەوە و ملی بۆ مەرجەکانی مۆسکۆ لە ئیدلیب دانا.

وەشانی ڕاستەوخۆ