ئەردۆغان قەیرانی کۆچبەران بۆ مەرامە سیاسییەکانی بەکار دەهێنێت

زیاتر لە هەفتەیەکە دەیان هەزار کۆچبەر لە ئەنجامی قوماری ئەردۆغان بە قەیرانی سووریاوە ڕوویان لە سنوورەکانی یۆنان و بۆلگاریا کردووە. ئەردۆغان بۆ قەرەبووی شکستەکانی لە ئیدلیب گوتبووی کە چیدی ڕێگری لە دەربازبوونی کۆچبەران بەرەو ئەرووپا ناکات. بەڵام دوای هەفتەیەک جارێکی تر ڕایگەیاند کە ڕێگەی دەربازبوونی کۆچبەران دەگرێتەوە. ئێستا قومارەکەی ئەردۆغان گیان و ماڵی کۆچبەرانی خستۆتە مەترسییەوە.

مانەوەی کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی تورکیا لەگەڵ بۆلگاریا و یۆنان قەیرانێکی مرۆیی لێ کەوتۆتەوە.

لەملاوە تورکیا هەفتەیەکە کۆچبەرانی بەزۆر هانداوە بەرەو ئەورووپا بچن. لەولاشەوە یۆنان و بۆلگاریا سنوورەکانیان توندتر کردووە. هێزەکانی پۆلیس بە خراپترین شێوە ڕووبەڕووی کۆچبەران دەبنەوە. تەقە لە کۆچبەران دەکەن، دەیانگرن، ڕووتیان دەکەنەوە و ئاودیوی ئەبەری سنووریان دەکەنەوە.

هەر هێزەکانی پۆلیس نا، بەشێک لە خەڵکی ڕاستڕۆ و فاشیستیش بۆ ڕێگری کردن لە دەربازبوونی کۆچبەران هاتوونەتە سەر سنوورەکان.

لە کاتێکدا کە کۆچبەران لەسەر ئەو سنوورانە لە خراپترین ڕەوشدا بەسەر دەبەن، بەپرسانی سیاسی وڵاتان بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی لێرە و لەوێ کۆبوونەوەی ئاوارتە دەگرن.

هەری دوایی ڕۆژی هەینی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە زاگرێب پایتەختی کرۆواسی بۆ تاوتووێ کردنی قەیرانی ئەمجارەی کۆچبەران کۆبوونەوە.

قەیرانەکە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە ئەردۆغان ڕایگەیاند چیدی ڕێگری لە دەربازبوونی کۆچبەران بەرەو ئەرووپا ناکات.

یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ تورکیا لە پێناو ئامانجە سیاسییەکانیدا دەیەوێت کەڵکی خراپ لە قەیرانی کۆچبەران وەرگرێت.

بەرپرسانی باڵای یۆنانیش ئەردۆغانیان بە پێشێل کردنی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٦ تۆمەتبار کردووە. سەرۆکوەزیرانی یۆنان ئەو ڕێککەوتنەی بە “مردوو” لە قەڵەم داوە و گوتوویەتی کە تورکیا بەهۆی ڕووداوەکانی سووریاوە لەو ڕێککەوتنە لایداوە.

بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٦ تورکیا بەڵێنی دا لە پێناوی وەرگرتنی شەش ملیار دۆلار یارمەتیی دارایی ڕێگەی دەربازبوونی کۆچبەران بەرەو ئەورووپا بگرێت.

ئەردۆغا ئێستا جگە لەوەی داوای پارەی زیاتر دەکات، دەیەوێت بە کارتی گوشاری کۆچبەران ئەورووپاش ناچار بکات پشتگیریی سیاسەتەکانی لە سووریا بکەن.

سولەیمان سۆیلۆ وەزیری دەرەوەی ڕژیمی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕێگە بە گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە بۆ تورکیا نادات و بۆ ئەم مەبەستەش هێزی زیاتر ڕەوانەی سنوور دەکات.

ئەردۆغان کە تا هەفتەیەک لەمەوبەر کۆچبەرانی بەرەو ئەورووپا هان دەدا، ئێستا دەڵێ ڕێگە نادات لە لە دەریاوە بەرەو سنوورەکانی ئەورووپا بپەڕنەوە.

ئێستاکە گیان و ماڵی کۆچبەران لەسەر ئەو سنوورانە لە نێوان مەرامە خراپەکانی ئەردۆغان و خەمساردییەکانی ئەورووپادا لە مەترسیدایە. ئەوەی ئێستا لەسەر سنوورەکانی بۆلگاریا و یۆنان لەگەڵ تورکیا دەبینرێت، کارەساتێکی مرۆیییە کە بەرچاوی ئەورووپا و تورکیا و جیهانەوە خەریکە ڕوودەدات.

وەشانی ڕاستەوخۆ