سەفەری شەمخانی بۆ عێراق دەنگی لایەنگەرانی ڕژیمیشی دەرهێنا

عەلی شەمخانی دەبیری شوورای ئەمنیەتی ڕژیمی ئێران سەفەرێکی دوو ڕۆژەی بۆ عێراق کرد. شەمخانی لە گەڵ چەندین دەستڕۆیشتووی عێراقی کۆبوویەوە. دوای کوژرانی قاسم سلێمانی ئەمە یەکەم جارە کاربەدەستێکی ئەمنی ڕژیمی ئێران بڕواتە عێراق.

لە بەرەبەیانی رۆژی سێ ژانڤیەدا قاسم سلێمانی فەرماندەی گشتی سوپای قودس و ئەبوو مەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی حشدی شەعبی لە عێراق کرانە ئامانجی هێرشێکی ئامریکا و کوژران.

کوژرانی قاسم سلێمانی لە سەروبەندی ئاڵۆزیەکانی شەقامی عێراقدا کەلێنێکی خستە نێوان کاربەدەستانی رژیمی ئێران و دەستڕۆیشتووەکانی سیاسەت لە عێراقدا.

دوابەدوای کوژرانی قاسم سلێمانی رژیمی ئێران ئیسمائیل قائانی کردە فەرماندەی سوپای قودس. ناوبراو هەم لە لایەن فەرماندەکانی سوپای پاسداران و هەم لە لایەن حزبوڵڵای لوبنان و حەشدی شەعبیەوە بە جدی وەرنەگیراوە. قائانی بە هیچ جۆرە نەیتوانیوە چاوەڕەوانیەکانی ڕژیمی ئێران و مۆرەکانی لە ناوچەکەدا جێبەجێ بکات.

لاوازی قائانی خامنەیی مەجبوور کردووە کەسانی تریش بۆ جێبەجێ کردنی شەڕەنگێزیەکانی لە ناوچەکەد ئەرکدار بکات. یەک لەو کەسانە عەلی شەمعخانیە. ناوبراو عەرەبی ئەهوازە و بە هۆی بەشداری لە شەڕێ ئێران و عێراقدا لە گەڵ کاربەدەستانی ئەمڕۆی عێراق ناسیاویی هەیە.

شەمخانی بە ئومێدی ئەوەی کە بتوانێت کەلێنی ئەمنیەتی کە رژیمی ئێران دوای کوژرانی سلێمانی لە عێراقدا تووشی هاتووە پڕکاتەوە رووی کردە بەغداد.

شەمخانی هەر لە بەرهەم ساڵەح و عادڵ عەبدولمەهدی هەتا فالح فەیاز و عەمار حەکیمی بە سەر کردەوە.

شەمخانی دوو ئامانجی سەرەکی لەم سەفەرەیدا هەبوو:

یەکەم- کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە گەر بە تەواوەتیش گوێڕایەڵی ڕژیمی تاران نەبێت، ئەوە مەیلەو ئامریکاش نەبێت و دژی ڕژیمی ئێران نەوەستێتەوە.

دووهەم- گرووپە جۆراوجۆرەکانی نێو حەشدی شەعبی کە دوای کوژرانی قاسم سلێمانی تەواو شپرزە بوون و ورەیان بەردواوە، جارێکیتر بهێنێتەوە سەر ڕێبازە دڵخوازەکەی خۆیان.

هەر دوو ئامانجی ئەو نوێنەرەی خامنەیی بەشێکن لە بیرۆکەی خامنەیی بۆ هەنگاوی دووهەمی شۆڕش. واتای هەنگاوی دووهەمی شۆڕش سەلماندنی دەسەڵاتی ڕژیمی ویلایەتی فەقیهـە بە سەر ناوچەکەدا.

شەمخانی لە گەڵ موستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراقیش کۆبوویەوە. ئەو کۆبوونەوەیە گوماناوی بوو و لە نێو کاربەدەستانی ڕژیمی ئێرانیش کاردانەوەی هەبوو. کازمی لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبیەوە بە کەسێکی سەر بە ئامریکا ناسراوە. دەگورێت کازمی ئەو کەسەیە کە لە کوشتنی قاسم سلێمانی چاوساغی بۆ ئامریکا کردووە. کۆبوونەوەی کازمی و شەمعخانی نیشانەی شکستی ڕژیمە لە بێدەنگ کردنی کارگوزارەکانی لە نێو حەشدی شەعبی.

شەمخانی وتبووی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرونا ئامادەیە کە یارمەتی بگەنێتە عێراق.

ئەو قسەیە دەنگی نوێنەرانی مەجلسی ڕژیمی ئێرانیشی دەرهێنا. بەهرام پارسایی نوێنەری شیراز رایگەیاندووە کە پێش ئەوەی یارمەتی عێراق بدەن فریای شارەکانی باکووری ئێران بکەون. ژیانی ٨٠ میلیۆن لە مەترسیدایە.

گەلانی عێراق بانگەشەی شەمعخانی بۆ بە هاناوە چونیان سەبارەت بە پەتای کرۆنا بە جیدی ناگرن و دەزانن کە ئاڵۆزیەکانی عێراق لە بن سەری ڕژیمی ئێران دایە.

وەشانی ڕاستەوخۆ