دواین ئامار و زانیارییەکان ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان

پەتای کۆرۆنا چوار قوڕنەی جیهانی تەنیوەتەوە. نوێترین ئاماری تووشبووان لە جیهان لە ١١٩هەزار و ژمارەی قوربانیان لە ٤٢٠٠ کەس تێپەڕێوە.

هەرچەندە لە چین بەگوتەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پەتاکە خەریکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، کەچی لە هەندێ وڵاتی دیکە تازە خەریکە سەرهەڵدەدات و تەشەنە دەکات.

لە ئەورووپا بەشێکی بەرچاوی تووشبووان ئەوانەن تازە سەردانی ئیتالیایان کردووە.

ئیتالیا بووەتە ناوەندی تەشەنەکردنی کۆرۆنا. ژمارەی تووشبووان لە سەرووی دە هەزار کەسە و نزیکە ی ٦٥٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە. ئەمەش حکوومەتی ناچار کردووە سەرجەم وڵاتەکە قەرەنتینە بکات.

لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیسپانیا، سوید، نەرویژ و چەندین وڵاتی دیکەی ئەورووپا ژمارەی تووشبووان ڕۆژانە بەرز دەبێتەوە. ئەنگێلا مێرکێل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گوتوویەتی لەوانەیە کۆرۆنا ٦٠ بۆ ٧٠ لەسەدی دانیشتووانی ئەو وڵاتە تووش بکات.

لە سوید ژمارەی تووشبووان ٤٠٠ کەسی دەرباز کردووە. تازەترین تووشبوو منداڵێکی سێ ساڵانە. حکوومەتی سوید هێشتا ڕەوشی ئاوارتەی ڕانگەیاندووە بەڵام فێستیواڵە جەماوەرییەکانی وەک نەورۆز و چوارشەممەسووریی قەدەخە کردووە.

لە بەریتانیا وەزیری تەندرووستیی ئەو وڵاتە تووشبووە و لە نەرویژیش وەزیری بەرگری بە گومانی تووشبوون قەرەنتینە کراوە.

لە تورکیا، ڕژیم تا دوێنێ هەوڵی دەدا ڕاستییەکان بشارێتەوە. بەڵام دوای ئەوەی وڵاتانی ئیسڕائیل و سەنگاپوورە ڕایانگەیاند کە لە هەندێ گەشتیاری تورکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدی کراوە، ناچار بوو مکوڕ بێت.

وەزیری تەندرووستیی ڕژیمی تورکیا ئەمڕۆ کاتژمێر یەکی نیوەشەو هەواڵی تووشبوونی چەند کەسێکی ئەو وڵاتەی بە کۆرۆنا ڕاگەیاند.

لە ئەمریکا دۆناڵد تڕامپ، وەک لە تویتەکانیدا دیارە، هێشتا کۆرۆنای زۆر بە جیددی وەرنەگرتووە.

هەرچەندە ئیدارەکەی ٨ ملیار دۆلاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تەرخان کردووە و لە هەندێ ویلایەت دامودەزگاکانی حکوومەت کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ژمارەی تووشبووان لە ئەمریکا هەزار کەسی دەرباز کردووە و ژمارەی قوربانیانیش گەیشتۆتە ٢٨ کەس. ٢٣ قوربانی تەنیا لە ویلایەتی واشینگتۆن تۆمار کراوە.

کۆرۆنا لە چەندین وڵاتی دیکەی ئەفریقا بڵاو بووەتەوە. لە ئۆستراڵیاش سەرەڕای ئەوەی وەرزی هاوینە و دەگوترێت کۆرۆنا بە گەرما لەناو دەچێت، سەد حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراوە.

لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، دەسەڵاتدارانی چین رایانگەیاندووە کە لە کۆنتڕۆڵ کردنی یەکجارەکیی پەتاکە نزیک بوونەتەوە.

سەرۆک کۆماری چین سەردانی شاری ووهان، شوێنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای کردووە و بەناو شەقامەکاندا گەڕاوە. هەروەها بۆ یەکەمجار، دوای چەند مانگ چەند ناوەندێکی بازرگانی و ئیداریی شارەکە کراوەتەوە.

لەو دەڤەرە دوای چین، زیاترین ژمارەی تووشبووان و قوربانیان لە کۆریای باشووڕ تۆمار کراوە. حکوومەتی کۆریای باشوور ڕەوشی ئاوارتەی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیاندووە.

وەشانی ڕاستەوخۆ