پەتای کۆرۆنا لە ئێران؛ بەرپرسانی ڕژیم ئاماری دژبەیەک بڵاو دەکەنەوە

ڕژیمی ئێران نوێترین ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای زیاتر لە ٩ هەزار کەس ڕاگەیاندووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە نوێنەرێکی وەزارەتی تەندرووستی ئاماری تووشبووانی تەنیا یەک پارێزگای بە ٥٢٠٠ کەس ڕاگەیاندووە. لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ڕژیم سەبارەت بە کۆرۆنا زیاتر لە خودی پەتاکە ترس و دڵەڕواکێی خستۆتە ناو خەڵکەوە.

نەخۆشیی کۆرۆنا سەرجەم پارێزگاکانی ئێرانی گرتووەتەوە و زیاترین ژمارەی تووشبووان لە پارێزگاکانی قوم، تاران، مازەندەران، ئیسفەهان و گیلان تۆمار کراوە.

وەزارەتی تەندرووستیی ڕژیمی ئێران ئەم دوانیوەڕۆیە تازەترین ئاماری فەرمیی تووشبووان و قوربانیانی کۆرۆنای ڕاگەیاند. بەگوێرەی ئامارەکە زیاتر لە ٩ هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراوە و زیاتر لە ٣٥٠ کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارانە لەگەڵ لێدوانەکانی بەپرسانی خۆجێیی ڕژیم لە هەرێمە جیاوازەکانی ئێران یەک ناگرێتەوە.

نوێنەری وەزارەتی تەندرووستی لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران ڕایگەیاندووە کە تەنیا لەو پارێزگایە ٥٢٤٣ کەس بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە لە نەخۆشخانەکانن. ئامارەکانی ڕژیم ژمارەی تووشبووانی ئەو پارێزگایەی ٥٣٠ کەس لەقەڵەم داوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆی ژمارەی قوربانیانی نەخۆشییەکە لە ٨٠٠ کەس تێپەڕیوە. ئاماری تووشبووانیش چەند قات زیاترە لەو ئامارەی ڕژیم ڕایگەیاندووە.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە بەیاننامەیەکدا ڕژیمی ئێران بە پەردەپۆش کردنی ڕاستییەکان سەبارەت بە ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا تۆمەتبار کردووە. ئەو رێکخراوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕژیم ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنە سەربەخۆیانەی هەوڵ دەدەن، زانیاریی ڕاست بڵاو بکەنەوە سەرکوت دەکات.

عەباس مووسەوی باڵیۆزی ڕژیم لە لەندەن هەڕەشەی لە ڕاگەیاندنە فارسییەکانی دەرەوەی ئێران کردووە و گوتوویەتی ئەوان گوایە ئاماری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە.

زۆربەی نەخۆشخانەکان بەدەست کەمیی پێداویستیی خۆپارێزیی لە نەخۆشیی کۆرۆناوە دەناڵێنن. ئەمەش مەترسیی جیددی لەسەر پزیشکان و پەرستاران درووست کردووە.

دەیان کادری پزیشکیی نەخۆشخانەکان لەنێوان قوربانیانی نەخۆشیی کۆرۆنادان. پزیشکێکی شاری تاران ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە یەک نەخۆشخانەی ئەو شارە ٢٦ پزیشک و کادری پزیشکی بەنەخۆشیی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە.

هاوکات سەدان کارمەندی حکوومیش بەهۆی پێداگریی ڕژیم لە بەردەوامی کاری فەرمانگە حکوومییەکان تووشی کۆرۆنا بوون و گیانیان لەدەست داوە. بەگوێرەی ئامارەکان لانیکەم ١٤ کارمەندی بانک بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە لە هەرێمی ئەحواز لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران ترس لە کۆرۆنا و نەبوونی مەوادی خۆپارێزی لە بازاڕەکان خەڵکی بەرەو بەکارهێنانی ئەلکولی ساختە هانداوە. لەو هەرێمە لانیکەم ٥٧ کەس بەهۆی ئەلکولی ساختەوە گیانیان لەدەست داوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ