کۆرۆنا ئەمریکا و ئەرووپاش دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

پەتای کۆرۆنا ئێستاکە بە ١١٨ وڵاتی جیهاندا بڵاو بووەتەوە. ئەمەش ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیی ناچار کرد لە بڕیارێکدا کە زۆر کەس پێیان درەنگوەخت بوو، کۆرۆنا وەک پەتایەکی گشتگیر پێناسە بکات. هاوکات دۆناڵد تڕامپ سەرۆکی ئەمریکاش گەشتی هاوڵاتیانی ئەورووپای بۆ ئەمریکا بۆماوەی یەک مانگ هەڵپەساردووە.

دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوێنێ شەو لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بڕیاری دا بۆ ماوەی یەک مانگ گەشتی هەموو هاوڵاتیانی وڵاتانی پەیماننامەی شینگن بۆ ئەمریکا هەڵپەسێرێت. تڕامپ هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ بەرگرتن لە تەشەنەی زیاتری کۆرۆنا لە ئەمریکا گەڕاندەوە.

سەرۆکی ئەمریکا پێشتر لە تویتەکانیدا کۆرۆنای زۆر بە مەترسیدار نەدەزانی و دەیوت نابێ بەهۆیەوە شوێنە بازرگانییەکان دابخرێن. بەڵام دوێنێ شەو ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەرووپا گرت و گوتی لەکاتی خۆیدا ڕێوشوێنی پێویستیان نەگرتووەتە بەر.

بڕیارەکەی تڕامپ هاوڵاتیانی بەریتانیا و وڵاتانی دەرەوەی پەیماننامەی شینگن ناگرێتەوە.

لە ئەمریکا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەزار کەس تێپەڕیوە و نزیکەی ٣٠ کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەورووپا ڕەخنەی لە بڕیارەکەی تڕامپ گرتووە. شارل میشێل سەرۆکی شوورای ئەورووپا لە تویتێکدا گوتوویەتی کە دەبێ پێش بە پشێویی ئابووری بگیردرێت.

دوای ئەو بڕیارە پێوانەی بۆرسەی ئەورووپا کەمترین ئاستی دوای ساڵی ٢٠١٦ تۆمار کرد. هەروەها پێوانەی بۆرسەی نیۆیۆرک نزیکەی ٦ لەسەد کەمی کرد و نرخی نەوتیش بە ڕێژەی ٢ لەسەد دابەزی.

کۆرۆنا ئێستا لە ١١٨ وڵاتدا بڵاو بۆتەوە. ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی سەرەنجام دوای چەندین هەفتە مشتومڕ بڕیاری دا کۆرۆنا وەک “پەتایەکی گشتگیر” پێناسە بکات. ئەم بڕیارە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو پەتایە چیدی بە دەڤەرێک یان چەند دەڤەری جیهانەوە نەبەستراوەتەوە و سەرتاسەری جیهانی گرتۆتەوە. بەپێی ئەو بڕیارە هەروەها داوا لە وڵاتان دەکرێت ئاستی هۆشداری بۆ بەرزترین پلە بەرز بکەنەوە.

لەم ناوەدا ئەورووپا خەریکە دوای چین دەبێتە دووەم ناوەندی بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

لە ئیتالیا زیاتر لە ١٢هەزار کەس تووش بوونە. لە هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و ئیسپانیاش ژمارەی تووشبووان لە ١٥٠٠ کەس زیاتر بووە. هەندێ لە وڵاتان شوێنە گشتیەکان و فەرمانگە حکوومییەکانیان داخستووە. هەندێ وڵاتی تریش بیر لە ڕاگەیاندنی قەرەنتینەی سەرتاسەری دەکەنەوە.

لە چین شوینی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە، بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی جیهان ڕێژەی تەشەنەکردن ڕووی لە کەمی کردوووە. ئەمڕۆ لە شاری ووهان ئەو شوێنەی یەکەمجار نەخۆشییەکە تێیدا بەدی کرا، تەنیا هەشتی حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار کراوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ