پەتای کۆرۆنا ٧٥ لەسەدی وڵاتانی جیهانی گرتووەتەوە

پەتای کۆرۆنا ئێستا ئیتر پەتایەکی عالەمگیرە. ١٤٩ وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە و کۆی ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە سەرووی ١٥٠ هەزار کەس. لەزۆربەی وڵاتان ڕێوشوێنی توند گیراوەتە بەر. بەشێکیان سنوورەکانیان بەتەاوەتی داخستووە و لە هەندێکیاندا سەرجەم دامەزراوە حکوومی و گشتییەکان داخراون. لە ئەمریکاش دۆناڵد تڕامپ سەرۆکی ئەو وڵاتە کە پێشتر گاڵتەی بە کۆرۆنا دەهات، ناچار بووە باری لەناکاوی سەرتاسەری ڕابگەیەنێت.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەس لە ١٤٩ وڵاتی جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. کۆی ژمارەی قوربانیانیش لە ٥ هەزار و ٥٠٠ کەس تێپەڕیوە.

زیاترین ژمارەی تووشبووان و قوربانیان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە ئیتالیا و ئێران تۆمار کراوە. لە ئیتالیا ژمارەی مردووان ٢٥٠ کەس زیادی کردووە و لە ١٢٠٠ کەس تێپەڕێوە. لە ئێرانیش ئاماری فەرمیی ڕژیم ٩٧ حاڵەتی دیکەی مردنی ڕاگەیاندووە، هەرچەندە باس لە ئاماری زۆر لەوە زیاتر دەکرێت.

لە ئەورووپا, دوای ئیتاڵیا زۆرترین ژمارەی تووشبووان و قوربانیان لە وڵاتانی ئیسپانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، سویسڕا و نەرویژ تۆمار کراوە.

لە ئیسپانیا بۆ ماوەی دوو هەفتە لە سەرتاسەری وڵات حاڵەتی لەنائاسایی ڕاگەیەندراوە و لە وڵاتانی نەرویژ و چیک سەرجەم دووکان، ڕێستورانت و کافەکان داخراوە.

لە وڵاتانی هۆڵەندا، ئیرلەندا و نەرویژ دوای ئەوەی حکوومەت بڕیاری داخستنی قوتابخانەکان و شوێنەحکوومییەکانی داوە، خەڵک هورووژمیان بۆ فرۆشگەکان بردووە و بەشی چەندین هەفتە کەلوپەلیان کڕیوە. سەدان وێنە لە ڕەفەی بەتاڵی فرۆشگە گەورەکانی زۆربەی وڵاتان لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە.

بەشێک لە وڵاتانی جیهان سنوورەکانی خۆیان بەتەواوەتی داخستووە. عەرەبستانی سعوودی بڕیاری داوە گەشتی سەرجەم فڕۆکەکان بۆ ئەو وڵاتە بۆماوەی دوو هەفتە ڕابگرێت. نەرویژ سنوورەکانی بەڕووی بیانییەکاندا داخستووە. نیوزیلەند ڕایگەیاندووە هەرکەس سەردانی ئەو وڵاتە بکات دوو هەفتە قەرەنتینە دەکرێت. بەریتانیاش هەموو چەشنە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی قەدەخە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کە تا هەفتەیەک لەمەوبەر گاڵتەی بە کۆرۆنا دەهات، دوای بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی تووشبووان و قوربانیان، باری نائاسایی لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە ڕاگەیاندووە.

لە ئەمریکا ژمارەی تووشبووان لە ٢٥٠٠ کەس نزیک بووەتەوە و زیاتر لە ٥٠ کەسیش بەو نەخۆشییە مردوون.

هاوکات باس لە ئەگەری تووشبوونی تڕامپ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت و داوای لێکراوە تاقیکردنەوەی پزیشکی ئەنجام بدات. دوای ئەوەی دەرکەوت کە فابیۆ واینگاتن یاریدەدەری سەرۆک کۆماری بڕازیل تووشی کۆرۆنا بووە، گومانی تووشبوونی تڕامپیش هاتووەتە ئاراوە. واینگاتن لە دیداری چەند ڕۆژ لەمەوبەری تڕامپ لەگەڵ هاوتا بڕازیلییەکەی ئامادە بووە و تەوقەی لەگەڵ تڕامپ کردووە.

وەشانی ڕاستەوخۆ