ئەورووپا لەجیاتی چین بووەتە ناوەندی تەشەنەکردنی کۆرۆنا

کۆرۆنا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بەتایبەت چین کە شوێنی سەرهەڵدانی پەتاکە بوو، تا ڕادەیەک کۆنترۆڵ کراوە. بەڵام لە ئەورووپا تادێت زیاتر بڵاو دەبێتەوە. ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی ئەرووپای بە ناوەندەی تەشەنەکردنی کۆرۆنا لە جیهانا ناساندووە.

کۆی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان گەیشتووەتە سەرووی ١٦٠ هەزار کەس. دوێنێ ئەو ژمارەیە نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس بوو. یانی تەنیا لە شەو و ڕۆژێکدا زیاتر لە دە هەزار کەسی تر تووشبووە. کۆی ژمارەی مردووانیش نزیکەی هەزار کەس زیاد بووە.

زۆربەی هەرە زۆری ئەو ژمارە تازانە، لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا تۆمار کراون. ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا ئێستا سێ ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەن.

ڕێژەی تەشەنەکردن لەو سێ ناوچەیە، ئێستا لە چین، واتە شوێنی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە زیاترە. لە چین لە ماوەی شەو و ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا ٢٥ حاڵەتی نوێ تۆمار کراوە. ئەم ژمارەیە بۆ ئیتالیا زیاتر لە ٣هەزار و بۆ ئیسپانیا زیاتر لە ٥٠٠ بووە.

تا سێ هەفتە لەمەوبەر نزیکەی ٢٠ لەسەدی تووشبووان و قوربانیانی کۆرۆنا لە دەرەوەی چین بوو، ئێستاکە نیوەی ئەو ئامارانە لە دەرەوەی چینە.

لە ئەرووپا، ڕێژەی تەشەنەکردن لە وڵاتانی ئیتالیا و ئیسپانیا یەکجار زۆرە.

تەشەنەی خێرای کۆرۆنا، وڵاتانی جیهانی ناچار کردووە کۆمەڵێ ڕێوشوێنی توند بگرنە بەر. زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا سنوورەکانی خۆیان بەتەواوەتی داخستووە. ئیتالیا و ئیسپانیا بڕیاری قەرەنتینەی گشتیی دانیشتووانیان داوە.


لە ئیتالیان هەرکەس بێ ئەوەی کاری پێویستی بێت لە ماڵەکەی بچێتە دەرەوە سزا دەدرێت. هەروەها ئەگەر کەسێکی تووشبوو لەماڵ دەرکەوێت، سزای تا ٢١ ساڵ زیندانی ڕووبەڕوو دەبێتەوە. لە نەرویژیش سزای چوار ساڵ زیندان بۆ ئەو تووشبووانە دانراوە کە ڕێکارەکانی قەرەنتینەی ناوماڵ ڕەچاو ناکەن.

وڵاتی فەڕەنساش بڕیاری داخستنی بۆ سەرجەم ڕێستۆرانتەکان، سینەماکان، قاوەخانەکان و باڕەکانی لە سەرتاسەری وڵات دەرکردووە. لەو وڵاتە زیاتر لە ٤٥٠٠ کەس تووش بوون و سات بە سات ئەو ژمارەیە زیاد دەکات.

لە سویدیش ژمارەی تووشبووان لە هەزار کەس نزیک بووەتەوە و دوو کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەست داوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ