هاوسەرۆکی پژاک: چارەسەری کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵات ئامانجی سەرەکیمانە

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک لە گوتوبێژێکدا لە گەڵ ئاژانسی دەنگوباسی فورات هەوڵدانەکانی ئامانجە ستراتیژیکەکانی پژاک شرۆڤە دەکات و رایدەگەینێت: بە دامەزراندنی کۆنفدرالیسمی دیموکراتیک گەلی کورد دەبێتە پێشەنگی گەلان لە ئێراندا.

بەشی فارسی ئاژانسی فوراتنیوز گوتوبێژی لە گەڵ زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پژاک سەبارەت بە دواهەمین ڕەوشی بەرخودانی ژنان و هەروەها تێکۆشانی پژاک لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە.

زیلان ڤەژین لەسەرەتای گوتوبێژەکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی پژاک بۆ یەکیەتی نەتەوەی لە کوردستان دەکات و رایدەگەینێت: ئێمە وەکوو پژاک هەموو کات هێزمان لە گەلی خۆمان وەرگرتووە. بە ئیرادەیەکی سەربەخۆ بۆ کوردستانێکی ئازاد و دیموکراتیک تێدەکۆشین. گەلی کورد یەکیەتی دەوێت. ئێمە پەرتەوازەیی حزبە کوردیەکان بە مەترسی بۆ داهاتووی گەلی کورد دەزانین. بێوچان هەوڵ دەدەین کە یەکیەتی نێوان ڕێکخراوە و حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێت. یەکیەتی نەتەوەیی مەترسی هێرش و داگیرکاری لە سەر کوردستان لە ناودەبات. لە بواری نزامی و دیپلۆماتیک پێویستیمان بە کاری هاوبەشە. وەکوو هێزێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەمانەوێت یەکیەتی نەتەوەیی پێشبخەین و ئەرکمان وەکوو هێزێکی پێشاهەنگ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەجێ بێنین. دەبێت هێزەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمن تەرخانبکەین. نابێت ببین بە هۆی لاواز کردنی یەکتری. تا ئەو کاتەی سیاسەتی بنەماڵەیی و عەشیرەیی لە ناونەچێت ناتوانین بگەینە ئەو ئامانجە. نابێت سیاسەتی نەتەوەیی بکەینە قوربانی تاکەکەس و حزب.

سەبارەت بە چالاکیەکانی پژاک زیلان ڤەژین رایدەگەینێت: لە گەڵ بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا چەندین پڕۆژە و کەمپینمان بە ئامانجی چالاکی هاوبەشی نەتەوەیی ئەنجامداوە. هەوڵدەدەین کە ڕێکخراوەکان، کەسایەتیەکان و هونەرمەندان بەڕێکخستن بکەین.

لەم ماوەیەدا کۆنفڕانسی راوێژی نەتەوەیمان بەڕێوەبرد. ئەو چالاکیە بەرفراوانتر دەکەینەوە. پێویستە بۆچوون و ڕەخنەکانی خەڵک لە کۆبوونەوەکاندا بێنە بەرباس. ئامانج ئەوەیە کە هەر کەس لە ئەرکەکانی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە تێبگات.

لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئامانجە ستراتژیەکانی پژاک زیلان ڤەژین وتی: لە بەرنامەی حزبیماندا بە روونی ستراتژی و پارادیمی خەباتمان باس کردووە. چارەسەری کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئامانجی بنەڕەتی ئێمەیە. گونجاوترین شێوە بۆ وەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی، ئەوەیەکە گەلەکەمان لە داگیرکاری دەوڵەت-نەتەوەی ئێران رزگار بکەین. لە سەدساڵی ٢٠دا ئولگووی دەوڵەت-نەتەوەیان بۆ چارەسەری کێشەی گەلان ڕاگەیاند. سەدساڵی ٢٠ بوو بە سەدساڵی کوشتوبڕ، شەڕی بێئەنجام، چەپاوکردن و داگیرکاری. سەرەڕای ئەوەش هەموو بناغە مادی و ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگا تاڵان کرا. بۆچوونی ناسیۆناڵیستی و شوڤێنیستی قۆناغێکی نوێ لە کۆمەڵکوژی و کارەسات بە دوای خۆیدا دێنێت. مودێلی دەوڵەت-نەتەوە پەیوەندی بە خواست و داخوازی ژنان، کۆمەڵگا و چینوتوێژە کۆمەڵایەتیەکانەوە نیە.
لە بەرامبەردا ئێمە کونفدرالیسمی دیموکراتیک پێشنیار دەکەین. کۆنفدرالیسمی دیموکراتیک چارەسەری بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا پێیە.
کۆنفدراڵیسمی دیموکراتیک بە مانای ئاشتی کۆمەڵایەتی، یەکسانی، کمۆناڵیسم و ئابووری لە سەر بنەمای ژینگەپارێزیە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵدانەکان لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوە ڕێگای بۆ کۆمەڵکوژی کردەوە و رەوشەکەی خراپتر کرد. چەند دەستەیی و پارچەبوونی لێکەوتەوە و دەسەڵاتخوازی پێشخست. گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە پێشخستنی کۆنفدرالیسمی دیموکراتیک دەبێتە ئولگوو بۆ هەموو گەلانی ئێران. لە ئێراندا بە بێ دیموکراسی کێشەی کورد و گەلانی تر هەر لە جێگای خۆیە. سیستمی ئێستاش مەترسی کۆمەڵکوژی لە سەر گەلانی هەیە.

وەشانی ڕاستەوخۆ