کۆرۆنا.. ئێستا زۆربەی تووشبووان لە دەرەوەی چینن

کۆی ژمارەی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە جیهان گەیشتووەتە نزیکەی ١٩٠ هەزار کەس. لەو ژمارەیە، ٨٠ هەزار کەس بەتەواوی چاک بوونەتەوە و ٧٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە. تا هەفتەیەک لەمەوبەر زۆربەی تووشبووان و قوربانیانی پەتای کۆرۆنا خەڵکی وڵاتی چین بوون. بەڵام نیوەی زیاتریان لە دەرەوەی چینن.

بەهۆی ناکارامەیی سیستەمی بازاڕی ئازاد لەبەرانبەر پەتای کۆرۆنادا، خەڵک لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان کەوتوونەتە پانیکەوە. پەتاکە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپای ناچار کردووە ڕەوشی ئاوارتە ڕابگەیەنن.
بڕیارە یەکێتیی ئەورووپاش سنوورەکانی وڵاتانی ناو پەیمانی شینگن بۆ ماوەی یەک مانگ دابخات.

لە فەڕەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی داوا لە خەڵک کراوە تا ئەو جێگەی دەتوانن لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.

ئەمەش وای کردووە خەڵک بە لێشاو هورووژم بۆ فرۆشگەکان بەرن و لەسەر پێداویستیی ڕۆژانەی وەک کاغەزی توالێت و ماکارۆنی پێکداهەڵپرژێن.

لە ئیتالیا ژمارەی تووشبووان لە ماوەی یەک هەفتەدا سێ قات زیادی کردووە و لە ٣٠ هەزار کەس نزیک بووەتەوە. ڕەوشی وڵاتانی دیکەش کەم تا زۆر هاوشێوەی ئیتالیایە.

لە ئیتالیا و ئیسپانیا ڕێکاری قەرەنتینەی گشتی گیراوەتە بەر. فەڕەنسا، بەلژیکا و هۆلەنداش بەنیازن ڕێکارێکی هاوشێوە پەیڕەو بکەن. لە زۆربەی وڵاتان قوتابخانە و زانکۆکان، ڕێستورانتەکان، باڕەکان و زۆربەی شوینە گشتیییەکان داخراون.

لە ئەمریکا، ژمارەی تووشبووان لە ٥ هەزار کەس نزیک بووەتەوە. نزیکەی سەد کەسیش گیانیان لەدەست داوە. بڕیار دراوە شاری سانفڕانسیسکۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بۆ ماوەی سێ هەفتە قەرەنتینە بکرێت. حەوت ملیۆن دانیشتوانی شارەکە، لەو ماوەیەدا تەنیا بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان دەتوانن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.

لە تورکیاش، ژمارەی تووشبووان، بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە یەک ڕۆژدا نزیکەی دووقات زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٩ کەس. هەندێ زانیاریی دیکە باس لەوە دەکەن کە ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووان زۆر لەو ژمارەیە زیاترە. لە تورکیاش وەکوو ئێران، ئەو کەسانەی ئامارێکی جیا لە ئامارەکانی ڕژیم بڵاو بکەنەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزای زیندان دەبنەوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ