دوایین ئامار و زانیارییەکان سەبارەت بە کۆرۆنا لە هەر چوار بەشی کوردستان

باس و خواسی پەتای کۆرۆنا لە کوردستانیش وەکوو هەموو جیهان گەرمە. کوردستانیان کۆمەڵێ ڕێوشوێنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە گیرتووەتە بەر. لە هەرێم قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی پێنج ڕۆژی تر درێژ کراوەتەوە. لە شەنگال ئەنجوومەنێک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنا پێکهاتووە. لە ڕۆژئاوا ڕێوەبەریی خۆسەر کۆمەڵێ بڕیاری تازەی دەرکردووە. لە ڕۆژهەڵاتیش گەل بە ئینسیاتیفی خۆی ڕێکاری پێویستی گرتووەتە بەر.

لە هەرێمی جزیرەی ڕۆژئاوای کوردستان هەندێ ڕێوشوێنی وەک داخستنی هەموو کافەتریاکان و شوێنەکانی نێرگەلەکێشان، دەمانڕێژکردنی شوێنە گشتییەکان و قەدەغەکردنی سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان گیراوەتە بەر.

ڕێوبەرەیی خۆسەر پێشتریش هەموو سنوورەکانی داخستبوو و بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر پشووی گشتیی ڕاگەیاندبوو.

لە دەڤەری شەنگالیش، ئەنجوومەنێک بۆ ڕووبەڕوو بووونەوەی کۆرۆنا پێکهێنراوە. یەبەشە، ئاسایشی ئێزیدخان، کۆمیتەی تەندرووستیی شەنگال و شارەوانیی گەل نوێنەریان لەو ئەنجوومەنەدا دەبێت.

هاوکات لە باشووری کوردستانیش، پێشتر پێنج ڕۆژ قەدەخەی هاتووچۆ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان ڕاگەیەندرابوو. حکوومەتی هەرێم بڕیاری داوە قەدەخەی هاتوچۆ بۆ پێنج رۆژی دیکە درێژ بکاتەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەل دەزانن کە خەمساردییەکانی ڕژیمی ئێران هۆکارێکی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بووە و نابێ هیچ چاوەڕوانییەکیان لە ڕژیم هەبێت. بۆیە گەل بە ئینسیاتیفی خۆیان چەندین ئەنجوومەن و تیمی تایەبتیان بۆ بەرەنگاریی کۆرۆنا پێکهێناوە.

گەنجانی شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان تیمەکانی “فەداییانی گەل”یان پێکهێناوە و بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە نەخۆشیی کۆرۆنا گەڕەک و کۆڵانەکان دەرمانڕێژ دەکەن.

هەروەها چەند کارگەی بەرهەمهێنانی دەمامک لە شارەکانی جوانڕۆ و مەریوان لەلایەن خەڵکی خۆبەخشەوە دامەزراوە.

ئەنجوومەنی سەوزی چیا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە شاری مەریوانیش لە ئامادەکردنی دەرمانی ئانتی باکتری و دابەشکردنی بەسەر خەڵکدا بەردەوامن.

هەروەها ژنانی خەباتکاری مەریوانیش لە کۆڵانەکانی ئەو شارە دەگەڕێن داوا لە خەڵک دەکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

لە شاری مهاباد کۆمەڵێ لە ژنان بڕیاریان داوە تێچووی مەراسیمی نەورۆز بە نەخۆشخانەی کاتیی تووشبووانی کۆرۆنا پێشکەش بکەن.

لە شاری پاوەش ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی “ژیوای” وەکوو ڕۆژانی ڕابردووە بەردەوامە لە دەرمانڕێژ کردنی کۆڵانەکان.

وەشانی ڕاستەوخۆ