کۆدار: لە ساڵی نوێدا تێکۆشانی هەمەلایەنە لە کوردستان و ئێران بەگوڕتردەکەین

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لێدوانێکدا نەورۆز پیرۆز دەکات و رایدەگەینێت: هەموو هێرشەکان لە دژی گەل و بزاڤەکەمان پێداگرمان دەکاتەوە لە سەر درێژەدان بە تێکۆشان.

کۆدار لە سەرەتای لێدوانەکەیدا هاتنی نەورۆز پیرۆز دەکات و ڕایدەگەینێت: تێکۆشانی گەلی کورد لە ساڵی ١٣٩٨دا بۆ دامەزراندنی کۆنفدرالیسمی دیموکراتیک و نەتەوەی دیموکراتیک بە هێزەوە بەردەوام بوو.

هەوڵدانی کۆدار بۆ یەکیەتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی بەرەکانی تێکۆشانی گەلەکەمان لە هەرچواپارچەی وڵات، بەستنی کونگرەی راوێژی رۆژهەڵات مژدەی داهاتوویەکی گەشی لە تیكۆشان پێیە.

کۆدار دژایەتی رژیمی داگیرکەری ئێران دژی گەلای کورد و بزاڤی ئازادیخوازی بەبیردێنتەوە و رایدەگەینێت: ئەو هێرشانە پێداگریمان لە سەر تێکۆشانمان لە گەرمەی شەڕی سێهەمی جیهانیدا پتەوتر دەکاتەوە.

کۆدار سووربوونی لە سەر ستراتژی هێڵی سێهەم دووبارە دەکاتەوە و رایدەگەینێت: هەوڵدانمان بۆ یەکیەتی نەتەوەیی، یەکڕیزی حزبە کوردستانی و هاوئاهەنگی حزبە ئوپوزیسیۆنە ئێرانیەکان ئەرکی میژوویمانە. هەرچەندە وڵامی حزب و لایەنە کوردستانی و ئێرانیەکان لە ئاست قۆناغەکەدا نەبووە، بەڵام ئەو تێکۆشان و هەوڵدانە لە داهاتووش بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە هێرشەکانی رژیمی ئێران کۆدار رایدەگەینێت: رژیمی داگیرکەری ئێران لە ماکۆ هەتا ئیلام لە دژی گەریلا بەردەوام کەمینی دەنایەوە. ئەو رژیمە داگیرکەرە سەرەڕای هەموو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی و سەرەڕای ڕاوەستاندنی یەک لایەنەی چالاکیەکانی یەرەکە، نایەوێت کەمترین مافی گەلی کورد جێبەجێبکات. هێرشی رژیمی ئێران بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی ئازادی زیهنیەتی سەرکوتکەری ئەو رژیمە داگیرکەرە دەسەلمێنێت. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەرخودان و فەداکاری گەریلا هاوشانی رەنجدانی گەل دەگاتە ئەنجام.

کۆدار سەرهەڵدانی گەلانی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری رابردوو بەبیردێنێتەوە و رایدەگەینێت: رژیمی لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە. قەیرانەکان رۆژ لە دوای رۆژ قووڵتر دەبنەوە. ساڵی رابردوو ساڵی گلۆربوونەوەی رەوایەتی سیستمی دەسەڵاتداری ئێرانە.

لە بەردەوامیدا کۆدار مژدەی بەگوڕتر کردنی تێكۆشانی ئازادی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەدات و رایدەگەینێت: ئەو یەکە پێداویستی قۆناغەکەیە. لە هەموو بوارەکاندا هێزمان بۆ گەیشتنی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئازادی دەخەینە گەڕ.

کۆدار پیلانگێڕی ڕژیمی ئێران لە ژێرناوی هەنگاوی دووهەمی شۆڕش بەبیردێنێتەوە و رایدەگەنێت: گوشار دژی زیندانیانی سیاسی، کرێکاران ژنان و ژینگەپارێزان لە درێژەی سیاسەتی رژیم دژی گەلانە و دەستنیشانی دەکات: بانگەوازی لە گەلەکەمان دەکەین لەم ساڵە نوێیەدا تێکۆشانیان بە یەکگرتوویی و بەرەو لووتکە ببەن. ئەنجومەنی گەل بۆ چارەسەری کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان دامەزرێنن. تێکۆشانی جەوانان و ژنان وەکوو بڕبڕەی پشتی ئەنجومەنی گەل لە دژی کرۆنا بەرچاوە. پێوەیستە ئەمساڵ بکرێتە ساڵی گەشاندنەوە و سەرهەڵدانی ئەنجومەنەکانی گەل.

لە کۆتاییدا کۆدار بانگەوازی بۆ چارەسەری دیموکراتیک لە لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات و جەخت لە سەر تێکۆشانی هاوبەش و یەکیەتی دەکاتەوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ