چەندین کەسی تر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست دا

کۆرۆنا دەیان کەسی تری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردە قوربانی. لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ چەندین بنەماڵەی تر لە شارەکانی بۆکان، پیرانشار، سەردەشت، سەقز، مهاباد، کرماشان و ئیلام خەمباری لەدەستدانی ئازیزانیان بوون. خەمی زیاتری ئەو بنەماڵانە لەوەدابوو کە بەهۆی ڕەوشەکەوە نەیاندەتوانی تەرمی ئازیزانیان بۆ دوایین جار لە ئامێز بگرن یان تەنانەت مەراسیمی پرسەیان بۆ بگێڕن.

ڕژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە کرماشان گەیشتووەتە ١٧٥ کەس و حەڤدە کەسیش بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەست داوە. ڕژیم هەروەها ژمارەی تووشبووانی پارێزگای ئیلامیشی ١٨٣ کەس و ئاماری قوربانیانی دە کەس ڕاگەیاندووە.

بەڵام بەپێی زانیارییەکان ژمارەی تووشبووان و قوربانیان لە دوو پارێزگایە چەند قاتی ئەو ئامارانەیە کە ڕژیم بڵاوی کردۆتەوە.

لە پارێزگای سنەش ژمارەی تووشبووان لە دوو هەزار کەس تێپەڕیوە. زیاترین ئاماری تووشبووان و قوربانیانی کوردستان لەو پارێزگایە تۆمار کراوە. ژمارەی قوربانیانی پارێزگای سنە نزیکەی ١٥٠ کەسە. بەڵام ڕژیم تەنیا ئاماری ٢٩ کەسی ڕاگەیاندووە.

لە شآری سەقز دوو کەسی تر بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیانیان لەدەست داوە. زیاتر لە نیوەی قوربانیانی پارێزگای سنە خەڵکی شاری سەقزن.

لە پارێزگای ئوورمییەش ئامارەکانی ڕژیم دەڵێن ٣٩٥ کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون. ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووان لە سێ قاتی ئەو ژمارەیە زیاترە. دەیان کەسی تریش بوونەتە قوربانیی نەخۆشییەکە.

هەر ئەمڕۆ دوو کەس لە نەخۆشخانەکانی مەهاباد و سەردەشت بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە. لە بۆکان و پیرانشاریش دوو کەسی تر بوونەتە قوربانی.

لە شاری شنۆ بەهۆی پڕبوونەوەی نەخۆشخانەکان، لە خانووی مامۆستایانی شارەکە بۆ حەوانەوەی نەخۆشخەکان کەڵک وەردەگیرێت.

سەبارەت بە باشووری کوردستانیش حکوومەتی هەرێم ڕێوشوێنی توندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە گرتووەتە بەر. ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم بووەتە ٥٦ کەس.

حکوومەتی هەرێم ئەمڕۆ بڕیاری دا قەدەغەی هاتووچۆ لە شار و شارۆچکەکان تا یەکی نیسان درێژ بکرێتەوە. ئەو قەدەغەی پێشتر بۆ ماوەی دە ڕۆژ ڕاگەیەندرابوو.

بەرپرسانی حکوومەت ڕایانگەیاندووە کە ڕێکاری توندتر لە بەرانبەر ئەو کەسانەی سەرپێچی لە ڕێوشوێنەکان دەکەن، دەگرنە بەر. قایمقامی حەڵەبجەش گوتوویەتی ئەگەر پێویست بکات ڕێوشوێنی توندتر لەو شارە دەگرنە بەر.

هەر لەم پەیوەندییەدا بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیبراهیم خەلیل بەهۆی ئەوەی ڕێکارەکانی تایبەت بە قەرەنتینەی ڕەچاو نەکردووە لە کارەکەی دوور خراوەتەوە. ئەو بەڕێوەبەرە لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە پابەندی ڕێنماییەکانی تایبەت بە ڕووبەڕوو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا نەبووە.

وەشانی ڕاستەوخۆ