لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند کەسی دیکە بە هۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا

لە باشووری کوردستان چەند حاڵەتی نوێی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا تۆمار کراوە. لە ڕۆژهەڵاتیش چەند کەسی دیکە گیانیان لەدەست داوە.

وەزارەتی تەندرووستیی هەرێمی کورستان ڕایگەیاندووە کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥٢٠ پشکنین بۆ هاوڵاتیان لە پارێزگاکانی هەرێم کراوە و لە ئەنجامدا ٢٢ تووشبووی نوێ تۆمار کراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندرووستیدا لەمبارەیەوە هاتووە کە لەو ٢٢ حاڵەتە نوێیە ١٢ حاڵەتیان خەڵکی پارێزگای هەولێرن. لە دە حاڵەتەکەی دیکەش دوو کەس دانیشتووی ناوشاری سلێمانی، حەوت کەس دانیشتووی دەربەندیخان و کەسێکیش خەڵکی چەمچەماڵ بووە.

بەمپێیە، کۆی گشتیی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٧٦ کەس کە ٥٢ کەسیان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. ١٣ تووشبوو بەتەواوی چاکبوونەتەوە و تووشبوویەکیش گیانی لەدەست داوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ سێ کەسی تر لە سەقز گیانیان لەدەست داوە. لە ئیلام و کرماشانیش چەند کەسی تر بوونەتە قوربانی. ژمارەی تووشبووان لەو دوو پارێزگایە سەدان کەسی تێپەڕاندووە.

هەروەها لە پارێزگای ئوورمییەش ژمارەی تووشبووان بەگوێرەی ئامارەکانی ڕژیم بووەتە نزیکەی چوارسەد کەس. ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووان چەند قەت لەو ژمارەیە زیاترە.

سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستانیش، ڕێوەبەریی خۆسەر دەڵێت کە هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تۆمار نەکراوە.

خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی کۆرۆنا، تا ماوەیەکی نادیار قەدەغەی هاتوچۆی لە هەرێمی حەسەکە ڕاگەیاند.

پێشتریش ڕێوەبەریی خۆسەر بڕیاری داخستنی قوتابخانە، زانکۆ و شوێنە ئیدارییەکانی دەرکردبوو و سەرجەم سنوورەکانیشی داخستبوو.

روهات خەلیل هاوسەرۆکی دەستەی پەروەردەی هەرێمی جزیرە بە ئاریەن تی.ڤی گوتووە کە بڕیارە لەمەودوا وانەکان تۆمار بکرێن و لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوە بگەیەندرێنە خوێندکاران.

وەشانی ڕاستەوخۆ