ئەمڕۆ ٣٤ مین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی مەعسووم کورکمازە

٣٤ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا فەرماندەی مێژوویی ١٥ی تەباخ، مەعسووم کورکماز ناسراو بە عەگید، لە شەڕێکدا لە دژی سوپاد داگیرکەری تورکیەدا گیانی بەختکرد. 


فەرماندەی ئەفسانەیی گەلی کورد مەعسووم کورکماز ناسراو بە عەگید، ساڵی ١٩٥٦ لە ناوچەی فارقینی سەر بە شاری ئامەد لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە دایک بوو. دوای ئەوەی خوێندنی سەرەتایی لە فارقین تەواوکرد، ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ بنەماڵەکەی باریانکرد بۆ شاری ئێلح. 

عەگید هەر لە منداڵییەوە خاوەن کەسایەتییەکی تایبەت بوو، لە لێکۆڵینەوەکانیدا لە سەردەمی خوێندکاریدا، لە شاری ئێلح تەڤگەری چەپ و دیموکراتەکانی ناسی و لەو ساڵانەدا بەشداری لە چالاکییەکانی سەندیکا کرێکارییەکانی شاری ئێلح دا کرد.

دوای کودەتای سەربازیی ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ گرووپێک لە جەوانانی ئاپۆیی دەڕواتە لوبنان و لە دۆڵی بێقاع بەشداری خولێکی پەروەردەی ٧ مانگی سیاسی و سەربازی دەبێ.ساڵی ١٩٨١ دەگەڕێتەوە بۆ وڵات و لە چیاکانی باکوری کوردستان ئامادەکاری بۆ تێکۆشانی گەریلایی دەکات. 

١٥ی تەباخی ساڵی ١٩٨٤ عەگید فەرماندەیی چالاکیەک لە دژی بنکەیەکی سەربازی هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورکیە لە ناوچەی د‌هێی سەر بە شاری سێرت دەکات. لەگەڵ ئەو چالاکییەدا هێزەکانی ڕزگاری کوردستان “هەرەکە” ڕادەگەیەندرێ و عەگید وەکوو یەکەمین فەرماندەی “هەرەکە” لە مێژووی گەلی کورد دا جێگای خۆی دەگرێ. 

چالاکییەکانی فەرماندە عەگید هیوایەکی گەورەیی بۆ گەلی کورد درووست کردبوو و لە هەمانکات دا ترس و دڵەڕاوکێی گەورەی خستبووە دڵی داگیرکەرانی تورکیەوە.

فەرماندەی ئەفسانەیی گەلی کورد مەعسووم کورکماز لە ڕۆژی ٢٨ی مارسی ساڵی ١٩٨٦ ، لە شەڕێکدا لە دژی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە لە چیای گابار لە ناوچەی بۆتان گیانی بەختکرد و پەیوەستی کاروانی شەهیدانی کوردستان بوو. 

دوای گیانبەختکردنی فەرماندە عەگید، بۆ ڕێزگرتن لە یاد و تێکۆشانی ئەرتەشی ڕزگاری گەلی کوردستان ” ئارگەکە” دامەزرێندرا. لە نێو ڕیزەکانی ئارگەکە و دواتر هێزەکانی پاراستنی گەل “هەپەگە” دا هەزاران ڕۆڵەی ئازای گەلی کورد تێکۆشانی فەرماندە عەگیدیان درێژە پێدا و لە ئێستا دا لە دەشت و چیاکانی کوردستان لە دەرسیمەوە تا ئیلام، لە ماکۆوە تا عەفرین و لە سەرحەدەوە تا شەنگال، شاگردەکانی فەرماندە عەگید تێکۆشانی مێژوویی ئەو درێژە پێدەدەن. 

وەشانی ڕاستەوخۆ