ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە حەوتسەد هەزار کەس تێپەڕیوە

ڕێژەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە دنیادا گەیشتۆتە ئاستێک کە ئێستا ئیتر ڕۆژانە نزیکەی سەد هەزار کەس بە ژمارەی تووشبووان زیاد دەبێت. هەندێ لە بەرپرسانی سیاسیش هۆشدارییان داوە کە رەوشی وڵاتەکەیان لەوانەیە لە ئێستا خراپتر بێت.

ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی کۆرۆنا ئەم ڕۆژانە سات بە سات لە زیادبووندایە. تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە حەوتسەد هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان تووشبوون و ٣٢ هەزار کەس گیانیان لەدەست داوە.

وەک ڕۆژانی رابردوو، زۆرترین ئاماری ڕۆژانەی قوربانیان لە وڵاتانی ئیتالیا و ئیسپانیا تۆمار دەکرێت. ئەمریکاش لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەتەنیا خۆی زیاترین ڕێژەی تووشبووانی تۆمار کردووە. ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتۆتە نزیکەی ١٢٥ هەزار کەس.

تورکیاش کە تا چەند هەفتە لەمەوبەر ئیدعای دەکرد کە کۆرۆنا سنوورەکانی ئەو وڵاتەی دەرباز نەکردووە، ئێستا لە ناو ١٥ وڵاتی یەکەمی جیهان لەڕووی ژمارەی تووشبووانەوەیە.

حاڵی حازر زۆربەی وڵاتان ڕێکاری کەمکردنەوەی قەرەباڵغییەکان یان قەرەنتینەی گشتییان بۆ ڕێگری لە تەشەنەی زیاتری پەتاکە گرتۆتە بەر. سەرەڕای ئەوەی ئەو ڕێکارانە چەند هەفتەیە لە هەندێ‌ وڵاتی ئەورووپا پەیڕەو دەکرێن، هێشتا دیار نییە تاچەند توانیوییەتی کاریگەری لەسەر خێرایی بڵاوبوونەوەی پەتاکە دابنێت.

بۆ نموونە لە ئیتالیا و ئیسپانیا نزیکەی مانگێکە شارەکان قەرەنتینە کراون و لە سەرتاسەری وڵات قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە. بەڵام دیسانیش ڕێژەی تووشبووان و قوربانیان رۆژانە بەڕێژەیەکی بەرچاو لە بەرزبوونەوەدایە.

بۆریس جانسۆن سەرۆک وەزیری بەریتانیا پێشبینی کردووە تەشەنەی پەتاکە لە وڵاتەکەی، سەرەڕای ڕاگەیاندنی قەرەنتینەی گشتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا زۆر زیاتر بێت.

بۆریس جانسۆن کە دەڵێ خۆیشی تووشی کۆرۆنا بووە و چووەتە قەرەنتینەوە، ئەمڕۆ لە نامەیەکدا بۆ خەڵکی وڵاتەکی ڕایگەیاندووە کە ڕەوشی ئێستا پێش ئەوەی بەرەو باشی بچێت، خراپتر دەبێت. داواشی لە خەڵک کردووە کە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

تا ئێستا زیاتر لە ١٧ هەزار کەس لە بەریتانیا تووشی کۆرۆنا بوونە. جانسۆن پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لەوانەیە زۆرینەی هاوڵاتیانی تووشی پەتاکە بن و بە هەزاران کەسیش گیانیان لەدەست بدەن.

سەرۆکوەزیری سوید و ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش لێدوانی هاوشێوەیان داوە. پێدەچێت زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی جیهان لەگەڵ بۆریس جانسۆن هاوڕا بن. بە واتایەکی تر ئێستا ئیتر ڕێوشوێنی قەرەنتینەی گشتی لە وڵاتان بەمەبەستی کۆنتڕۆڵی یەکجارەکی یان بنەبڕ کردنی پەتاکە نییە. بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە خێرایی ڕێژەی تووشبوون به ڕادەیەک کەم بکەنەوە کە دەرفەت و ئیمکانیاتی پزیشکیی وڵاتان توانای وڵامدانەوەی هەبێت.

وەشانی ڕاستەوخۆ