پژاک: ڕژیمی ئێران بەرپرسی ژیانی زیندانیانی سیاسیە

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک سەبارەت بە ڕەوشی زیندانیەکان لە ئێراندا و کەمتەرخەمی رژیمی ئێران لەوبارەیەوە رایدەگەینێت: رژیمی ئێران بەرپرسی ژیانی زیندانیانی سیاسیە. هەرجۆرە مەترسیەک لە سەر ژیانی زیندانیانی سیاسی بە ئەنقەست دەزانین.

مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک ئاماژە بە بەرژەوەندیخوازی رژیمی ئێران دەکات و ڕایدەگەنێت:
سیاسەتی رژیمی داگیرکەری ئێران لە سەر بنەمای بەرژوەندی یەک لایەنەی دەوڵەت و حکوومەت دامەزراوە. لەو سیاسەتەدا بەرژەوەندی خەڵک هیچ جێگە و پێگەیەکی نیە. لە نێوان رژیم و کۆمەڵگادا کەلێنێکی گەورە هەیە. رژیم بە دروشمی بێ بنەما هەوڵی پەرەدەپۆش کردنی قەیرانەکانی دەدات.

پژاک سیاسەتەکانی رژیمی ئێران بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆرونا دەزانێت و دەستنیشانی دەکات: قەیرانی کۆرونا لە ئێراندا کاتێک سەری دەرهێنا کە رژیم هەوڵی دۆزینەوەی ڕەوایەتیی دەدا. رژیمی ئێران کێشەکان تەنیا لە روانگەی ئەمنیەتیەوە دەبینێت و هەر لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە. رێبازێک کە رژیم گرتوویەتە بەر بۆ ئەوەیە کە شان لە ژێر باری بەرپرسیارەتی خاڵی بکاتەوە.

پژاک ئاماژە بە پێشێلکاریەکان دژی زیندانیان دەکات و ڕایدەگەینێت: بەپێچەوانەی هەموو پەیماننامە و رێکەوتنە ناودەوڵەتیەکان مافەکانی زیندانیان بن پێدەکرێت. رەوشی زیندانیان گەیشتوتە ئاستێکی مەترسیدار. ئەو یەکە بۆ کۆمەڵانی خەڵک، بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ جێگای نیگەرانیە.

پژاک لە درێژەدا جەخت دەکاتەوە: رژیمی ئێران بەرپرسی سەلامەتی هەموو زیندانیان بە تایبەت زیندانیانی سیاسیە. دەبێت ئەو رژیمە لە سەر بنەمای ڕێکەوتنە ناودەوڵەتیەکان لەو بابەتە بەرپرسیاربێت.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان هەر جۆرە سستی و کەمتەرخەمیەک لەو بارەیەوە کە ببێتە هۆی مەترسی لە سەر زیندانیانی سیاسی بە ئەنقەست دەزانێت و رایدەگەینێت: بەرپرسیارەتی هەر جۆرە رووداوێک کە ژیانی زیندانیانی سیاسی بخاتە مەترسیەوە لە ئەستۆی رژیمە. لەو بابەتە هیچ جۆرە چاوپۆشیەک لە ئارادا نیە. داوا لە هەموو لایەنەکان، چالاکانی مەدەنی و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی دەکەین کە لەوبارەوە هۆشیار بن.

وەشانی ڕاستەوخۆ