تەڤگەری ئازادیی: دەبێت بۆ ئاسودەیی ڕۆحی قازی یەکڕیزیی بپارێزین

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ساڵیادی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد-دا دەڵێت، کە ئەزمون لە دڵسۆزیی قازی وەردەگرن، جەختیش دەکاتەوە بۆ ئاسودەیی ڕۆحی قازی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەبێت هێزە سیاسیەکان یەکڕیزیی ماڵی کورد بپارێزن و بە دوور بین لە کێشە و ئاڵۆزیی ناوخۆیی.

لە ٧٣-مین ساڵیادی لەسێدارەدانی قازی محەمەد و هاوڕێیانیدا، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:”٧٤ ساڵ بەر لە ئیستا کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا ، دوای ئەوەی قوربانییەکی زۆر لە کوردستان دا درا، سەرئەنجام گەلەکەمان بە پێشەنگایەتیی(قازی محمد)ئەو دەستکەوتە مەزنەی بەدەستهێنا، هەرچەندە کۆمار تەمەنێکی زۆر کەمی هەبوو، بەڵام کاریگەری لەسەر بەرز کردنەوەی مەعنەویەتی گشت کوردستان هەبوو”.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتوە:”دوای ڕێکەوتنی وڵاتی ئێران و وڵاتانی زلهێز ، مخابن لە جیهان دا پشت لە کۆماری کوردستان و دۆزی گەلی کورد کرا، بە ماوەیەکیش دوای ڕوخاندنی کۆمار ، پێشەنگەکەی قازی محمد و سەدری قازی لە ۳/۳۱/ ۱۹٤۷ دا لەمەیدانی چوارچرا لە سێدارە درا”.

تەڤگەری ئازادیی، دەشڵێت:”ئێمە ئەزموون لە دڵسۆزیی قازی وەردەگرین و لە هەمانکاتدا ئەگەر کەموکورتییەک لە کۆماردا هەبێت بۆ خۆمانی بە بنەما دەگرین، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەو وانەیەمان فێر دەکات، کە پشت بەستن بە وڵاتانی بێگانە و تێکدانی نێو ماڵی کورد کارەساتی گەورە بە دوای خۆیدا دێنێت”.

لە کۆتاییشدا هاتووە:”بۆ ئاسودەیی ڕۆحی قازی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەبێت هێزە سیاسیەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان یەکڕیزیی ماڵی کورد بپارێزن و بە دوور بین لە کێشەو ئاڵۆزیی ناوخۆیی”.

وەشانی ڕاستەوخۆ