بە هۆی ڤیروسی کۆرۆناوە گیانی زیندانیانی سیاسی لە مەترسیدایە

نیگەرانیەکان سەبارەت بە ژیان و سڵامەتی زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێرانا تا دێ زیاتر دەبێ.
بڵاو بونەوەی ڤیروسی کۆرۆنا و سیاسەتی ڕژیم لەهەمبەر زیندانیە سیاسیەکان جێگەی دڵەروکێی بنەماڵەی زیندانیەکان و چالاکانی مافەکانی مرۆڤە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و ڕیکخراوەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بە بەردەوامی داوایان لە ڕژیمی ئێران و کۆمەڵگای ناودەوڵیتی کردوە کە ئیمکانی ئیزنی کاتی بە زیندانیانی سیاسی لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێران فەراهەم بکرێ. هەروەها بنەماڵەی زیندانیەکان لە هەوڵیکی بەردەوام دان بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی کاتی بۆ زیندانیەکان بەڵام بێ ئاکام بووە.

ئەوەی جێگەی سەرەنجە ئەوەیە کە ژمارەیەک زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی ڕژیم دا هەن و وەڵاتی ئیران نین. سەبارەت بەو زیندانیانە کەمترین قسە کراوە و ئەوەندە باسیان ناکرێ.لە لایەک دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێران هیچ چەشنە گرینگیەک بە ڕەوشی ئەو زیندانیانە نادا و لە لایەکیترەوە وەڵاتانی دیکەش خۆیان ناکەنە خاوەن چارەنوسی ئەو گیراوانە.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی توڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێنج کورد کە وەڵاتی عیراق، تورکیە و سوریەن بە تاوانی سیاسی و ئیدئولۆژی لە زیندانەکانی ئورمیە و کاشمەردا ڕاگیراون. ئەو پێنج کەسە بریتین لە کەماڵ حەسەن ڕەمەزان، عەلی ئەحمەد سلێمان، سەردار ئەزموش، حاتەم ئۆزدەمیر و شاکر باغی.ئەو پێنج کەسە وەک ئەندامانی پ ک ک و پژاک دەستگیر کراون و حکومی درێژماوەیان بەسەردا سەپاوە.

عەلی ئەحمەد سلیمان وەڵاتی عیراقە و ساڵی ١٣٨٤ دەستگیر کراوە و هەتا ئیستا لە زیندانی ئورمیەدا راگیراوە. عەلی ئەحمەد بە تاوانی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک- دەستگیر کراوە و سەرەتا بە پێنج ساڵ و نیو زیندانی حوکم درا. بەڵام دواتر تاوانێکی دیکەی کوشتنی روبەڕو کرایەوە و حوکمی ئێعدامیان بەسەر دا سەپاند. حکومی ئێعدامەکەشی گوڕدرا بە خۆێنباێی و ناوبراوا هەروا لە زینداندا ڕاگیراوە.

کەماڵ حەسەن ڕەمەزان وەڵاتی سوریەیە، ساڵی ١٣٩٣ دەستگیر کراوە و لە زیندانی ئورمیەدایە، سەرەتا بە تاوانی ئەندامەتی لە پارتیا کارکەرێن کوردستان پەکەکە بە ٧ ساڵ حوکم درا بەڵام ٣ ساڵ لەمەوبەر بە بێ ئامادەبونی خۆی لە دادگادا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا و هۆکاری ئەو حوکمەش ئەوەیە کە گویا هاوناوێکی ئەو کەسێکی کوشتوە و دەیان بەڵگە هەیە کە ئەو کاتە ئەو کەسە کوژراوە ئەم لە زیندان دا بووە بەڵام هێزە ئەمنیەتیەکانی رژیم پێداگرن لەسەر هێشتنەوەی لە زیندان دا.

سەردار ئۆزموش وەڵاتی تورکیەیە، ساڵی١٣٩٨ دەستگیر کراوە و لە زیندانی ئورمیەدایە.لە دادگادا بە تاوانی ئەندامەتی لە پارتیا کارکەرین کوردستان پەکەکە بە ١٥ ساڵ زیندان حوکم دراوە. ناوبراو بە پاسپۆرتی ڕەسمی سەردانی ئیرانی کردوە.

حاتەم ئۆزدەمیر وەڵاتی تورکیەیە و ساڵی ١٣٩٨ دەستگیر کراوە و بە تاوانی ئەندامەتی لە پەکەکە دا حوکم دراوە و روبەڕوی شکەنجەی قورس بوەتەوە.

شاکر باغی وەڵاتی تورکیەیە و ساڵی١٣٨٧ دەستگیر کراوە و لە زیندانی کاشمەر لە پارێزگای خۆراسانی رەزەویدایە، لە دادگادا بە تاوانی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک بە ٣٠ ساڵ زیندایکردن حوکم دراوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ