پژاک: هونەرمەندان، رووناکبیران و چالاکان بۆ یەکیەتی نەتەوەی تێبکۆشن

مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک ستراتژی خەباتی پارتەکەیانی شرۆڤەکردووە و وێرای جەختکردنەوە لە هێڵی سێهەم بۆ تێکۆشانی ئازادی جەخت لە سەر یەکیەتی نەتەوەیی دەکاتەوە.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پەژاک لە بەشێکی لێدوانەکەیدا پێداگری لە سەر هێڵی سێهەم دەکاتەوە و رایدەگەنێت: بۆ گەیشتن بە مافە دیموکراتیکەکانی گەلی کورد و پێشخستنی نەتەوەی دیموکراتیک سیاسەتمان بەرەوەپێشبردووە. بێ ئەوەی بکەوینە بازنەی ئەوانەی کە بەناوی دیموکراسی هەوڵی دەستوەردان لە هەرێمەکە دەدەن. سیاسەتێکی سەربەخۆمان لەسەر بە بنەما گرتنی بەرژوەندی و هێزی جەوهەری گەل داڕشتووە. بە کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان بووینەتە ئاکتەرێکی کارای سیاسەت لە هەرێمەکەدا.

پژاک بە ئاماژە کردن بە چالاکی ژنان، جەوانان و ژینگەپارێزان، قۆناغەکە وەکوو قۆناغی تێپەڕاندنی کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکات و رایدەگەینێت: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گێژاوێکی مەزندایە. زلهێزە هەرێمی و جیهانیەکان هەولی ئاراستەکردنی گێژاوەکە لە بەرژوەندی خۆیان دەدەن. لە کاتێکدا هەموو هێزەکان لاسەنگن،دەرفەتی نوێ بۆ هێزی پێشکەوتخواز دەڕەخسێت.

پژاک ئاماژە بە تێکۆشانی گەلی کورد لەمساڵانەی دوایی دەکات و رایدەگەنێت: گەلی کورد بە پێشکەشکردنی هەزاران شەهید توانیویە مۆرکی خۆی لە ڕەوتی گۆڕانەکانی جیهان بدات. بەرخودانی رۆژاوا گەلی کوردی بە جیهان ناساند. هێزەکانی دیکە ناتوانن گەلی کورد لە بەرچاونەگرن و دەزانن کە کورد بەشێکە لە چارەسەری قەیرانەکان.

پژاک پێداگری لە سەر پێویستی یەکیەتی نەتەوەیی بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان دەکات و رایدەگەینێت: گه‌لی كورد ئه‌مڕۆکە زیاتر له‌ هه‌ركاتێكی دیكه‌ یه‌كگرتووه‌. مێژوو پێمان ئه‌ڵێت كه‌ گه‌لی كورد وه‌كوو گه‌ل به‌رده‌وام پشتیوانیان له‌ یه‌كدی كردووه‌ و یه‌كیه‌تی خۆیان پاراستووه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ له‌م نێوانه‌دا له‌ به‌رامبه‌ر درووست بونی یه‌كیه‌تی سیاسی و هه‌روه‌ها پێشخستنی ستراتێژی هاوبه‌ش ئاسته‌نگی درووست كردووه‌، پارت و رێكخراوه‌ كوردیه‌كانن.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان له‌ بن رێنماییه‌كانی كۆنگره‌ی پێنجه‌می خۆی له‌ ساڵی رابردوودا به‌شێكی زۆری له‌ كار و چالاكییه‌كانی هه‌م له‌ ئاستی چوارپارچه‌ی كوردستان و هه‌میش له‌ ئاستی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ پێشخستنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی ته‌رخان كردووه‌.

پژاک وێڕای ئاماژەدان بە ئەزموونی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، سەبارەت بە تێکۆشانیان بۆ یەکیەتی نەتەوەیی رایدەگەینێت: پارتەکەمان بۆ دروست كردنی یه‌كیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه‌ و هه‌موو كاناڵه‌ دیپلۆماتیكه‌كانی به‌كار هێناوه‌. پارته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رده‌وام ده‌ستی ره‌دیان ناوه به‌ سینگی داخوازی و پرۆژه‌كانی پژاك.‌ له‌ هه‌مان كاتدا خۆشیان به‌ هیچ شێوازێك پرۆژه‌یەكیان بو یه‌كیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێشكه‌ش نه‌كردووه‌. له‌م ناوه‌یشدا به‌رده‌وام هه‌وڵیان داوه‌ له‌ به‌ر یه‌كیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ته‌گه‌ره‌ بنێنه‌وه‌. ئه‌وان له‌بن كاریگه‌ری پلانی زلهێزانی جیهانی جێگایان گرتووه‌ و باوه‌ڕیان به‌و واقیعه‌ هێناوه‌ كه‌ هه‌ر به‌شێك له‌ كوردستان هی وڵاتێكه‌.
بۆیە دژی هه‌ر پلانێكی كوردستانین. ئه‌وان وه‌كوو موڵكێكی حزبی سه‌یری كوردستان ده‌كه‌ن و له‌ رۆژهه‌ڵاتیشدا هه‌رێمه‌كانیان له‌ نێوان خۆیان دابه‌ش كردووه.‌ بۆیە له‌ پژاك و چالاكیه‌كانی وه‌كوو ده‌ستێوه‌ردانێك له‌ مۆڵكه‌كه‌یان دەڕوانن.

پژاک لە بەردوامیدا ئاماژە بە ئامانجیان بۆ بەشداری گەل بە تایبەت ژنان لە بەڕێوەبەری کۆمەڵگا دەکات و دەستنیشانی دەکات: ئەو لایەنانە لە روانگەی تەسکی حزبیەوە بەشداری کردنی ژنان و دژایەتی پیاوسالاری و بەرتەسک کردنەوەی حزب لە بەڕێوەبەریدا بە مەترسیەک لە سەر خۆیان دەزانن. له‌ ڕاستیدا دژایه‌تی ئه‌وان و په‌راوێز خستنی پژاك له‌ لایه‌ن ئه‌و پارتانه‌وه‌ ته‌نیا وه‌كوو حزبێك نیه‌. ئەوان لەو گۆڕانکاریە هزریانەی کە بە ڕێگای پەژاک دەستی پێکردووە دەترسن. به‌شێكی بەرچاوی جه‌ماوه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌ی هزر وچوارچێوه‌ی حزبه‌كاندا جێگا ده‌گرن. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و حزبانه‌ بە پێوانەی حزبیی باشووری كوردستانه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن. یه‌كیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی پێویسته‌ كه‌ به‌ به‌شداری و هاوكاری هێزه‌ سیاسیه‌ ناحزبیه‌كان، رووناكبیران، بیرجیاوازان، هونەرمەندان و چالاكانی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌بچێت و پێكبێت.

پژاک لە کۆتاییدا ئاماژە بانگەوازی بۆ دروست کردنی هێزی پاراستنی هاوبەش، دیپلۆماسی هاوبەش و ڕاگەیاندنی هاوبەش دەکات و رایدەگەینێت: ئەو سێ یەکە پێویستی بێ ئەم لاو و ئەو لای قۆناغەکەیە. تێپەڕاندنی رژیمی ئێستای ئێران بە شێوازێکی ئارام نابێت. پێویستی هێزە کوردستانیەکان بە یەکیەتی و هاوبەشی لە بواری دیپلۆماسی، خۆپاراستن و ڕاگەیاندن هەیە.

وەشانی ڕاستەوخۆ