ڕژیمی ئێران بە گیانی خەڵک گەمە دەکات

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە قوتابخانەکان و دووکان و بازاڕەکان لە هەفتەی داهاتووەوە دەستپێدەکاتەوە. ئەو بڕیارەی رۆحانی بە پێچەوانەی هۆشدارییەکانی شارەزایان و تەنانەت وەزیری تەندرووستیی ڕژیمیشە کە بە ڕاشکاوی دژایەتیی خۆیان سەبارەت بە بڕیارێکی لەوچەشنە دەربڕیبوو.

هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران چەندین کەس و لایەنی شارەزا داوایان کرد شارەکان قەرەنتینە بکرێن و شوێنە گشتییەکان دابخرێن.
بەڵام ڕژیم تا ماوەیەک دژی قەرەنتینەکردنی شارەکان بوو. دواتر کە ئاماری تووشبووان بەتایەبت لە تارانی پایتەخت خەریک بوو دەگەیشتە لووتکە، هەندێ ڕێوشوێن سەبارەت بە قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەکان گیرانە بەر.

ئێستا ڕژیم هەوڵ دەدات ئەو ڕێوشوێنانە وەلا بنێت و بە قەولی خۆیان ڕەوشەکە ئاسایی بکەنەوە. حەسەنی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ڕژیم بڕیاری داوە کە لە هەفتەی داهاتووەوە قوتابخانەکان و کەسب وکارەکان جارێکی تر بکرێنەوە و قەدەغەی ناو شارەکان هەڵبگیرێت.

دەگوترێت وەزیری تەندرووستیی ڕژیم لە نامەیەکدا بۆ ڕۆحانی، هۆشداری داوە کە هەرچەشنە بڕیارێک لەو بارەیەوە بەپێچەوانەی ڕای شارەزەیان بگیردرێت، سیستەمی تەندرووستیی و دواتر ئابووریی ئێران دەخاتە مەترسییەوە. بەرپرسێکی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای ئەلبورزیش هۆشداریی داوە کە ئەگەر قەدەغەکان بەتەواوی هەڵگیرێن ئەوا کارەساتی مرۆیی ڕوودەدات و نزیکەی یەک ملیۆن کەس گیانیان لەدەست دەدەن.

بڕیارەکانی حەسەن ڕۆحانی و کاربەدەستانی باڵای ڕژیم لە چەند مانگی ڕابردوودا هۆکارێکی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای کۆرۆنا لە سەرتاسەری ئێرانن.

هێشتا هەفتەیەک لە ڕاگەیاندنی بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران تێنەپەڕیبوو کە ڕۆحانی هاتە سەر تەلەفزیۆن و ڕایگەیاند کە لە شەممەوە هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە. بەپێچەوانەی ئەو قسەیەی ڕۆحانی نەک لەو شەممەیەوە ڕەوشەکە ئاسایی نەبووەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر چوو.

کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دیکەی دنیا لە سەرەتاوە ڕێوشوێمی قەرەنتینەکردنی ئەو شارانەیان نەگرتە بەر کە پەتای کۆرۆنا زیاتر تیایاندا بڵاو بووبووەوە. ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاکە لە سەرتاسەری ئێران.

هەروەها وێڕای هۆشدارییەکان، تەنیا زانکۆ و قوتابخانەکان داخران هیچ بڕیارێک لەبارەی داخستنی فەرمانگە حکوومییەکان یان کارگە و کۆمپانیاکان نەدرا. ئەوەش لە حاڵێکدابوو کە هەر لە ڕۆژانی یەکەمەوە کۆبوونەوەکانی ناوەندە باڵاکانی بڕیاری ڕژیم وەک پەرلەمان، مەجلیسی خوبرەگان، شوورای نیگابان و مەجمەعی مەسڵەحەت هەڵپەسێردران. زۆربەی کۆبوونەوەکانی حەسەن ڕۆحانیش لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی لە ماڵەوە و لە ڕ‌ێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە دەبەستران.

ڕژیم لەباتی ئەوەی سیاسەتەکانی لەبارەی بەرەنگاربوونوەی پەتای کۆرۆنا بگۆڕێت، بە دەستکاری کردنی ئاماری تووشبووان و قوربانیان هەوڵی داوە شکستی سیاسەتەکانی ئەم دوو مانگەی خۆی پەردەپۆش بکات.

بەگوێرەی هەندێ زانیاریی دوایین ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران نزیکەی هەشت هەزار کەسە بەڵام ڕژیم تەنیا ئاماری ٣٥٠٠ کەسی ڕاگەیاندووە. هەروەها ژمارەی تووشبووانیش بەپێی لێدوانی هەندێ بەرپرسیی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی پێنج قاتی ئەو ئامارانەیە کە ڕژیمی ئێران بڵاویان دەکاتەوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ