ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێژەی بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە

پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ چەند پارێزگایەکی دیکەی زاگرۆس زیاترین ڕێژەی بێکارییان لەچاو هەرێمەکانی دیکەی ئێران هەیە. ئەو ڕێژە بەرزەی بێکاریی لە هەرێمەکانی زاگرۆس لە حاێکدایە کە زۆربەی هەرە زۆری سەرچاوە سرووشتییەکانی ئێران لەو هەرێمانە دابین دەکرێن.

بەپێی ئەو ئامارانەی ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردۆتەوە، زیاترین ڕێژەی بێکاری لە زستانی ڕابردوودا لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانە پارێزگای سنە بەرزترین ڕێژەی بێکاریی هەیە. ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگایە ٢٠ لەسەدە و دوو قاتی ڕێژەیە کە ڕژیمی ئێران وەک میانگینی ڕێژەی بێکاری ڕایگەیاندووە.

دوای سنە، پارێزگای کرماشان بە ڕێژەی بێکاریی ١٧،٨ لەسەد لە پلەی دووەمدا هاتووە. پارێزگای ئورمییەش لە ڕووی ڕێژەی بێکارییەوە لە ڕیزی چوارەمدایە.

هەروەها هەرێمە لوڕ و عەرەبنشینەکانی زاگرۆسیش لەپاڵ هەرێمە کوردییەکان زیاترین ڕێژەی بێکارییان تێدا تۆمار کراوە.

پارێزگای لوڕستان دوای سنە و کرماشان سێیەم پارێزگایە کە زیاترین ڕێژەی بێکاریی هەیە. ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگایە نزیکەی ١٦،٩ لەسەدە. ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی بەختیاری و ئەحوازیش گەیشتووەتە ١٤،٥ و ١٢،٥ لەسەد.

بەم پێیە شەش پارێزگای یەکەم لەڕووی بەرزبوونی ڕێژەی بێکارییەوە لە هەرێمە کورد، لوڕ و عەرەبنشینەکانی زاگرۆس هەڵکەوتوون.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو هەرێمانە لە ڕووی سەرچاوەکانی ئاو، خاک و هەروەها نەوت و گازەوە دەوڵەمەندترین هەرێمەکانی ئێرانن. زاگرۆس بەپیتترین خاکی بۆ کشتوکاڵ هەیە و زۆربەی سەرچاوەکانی ئاوی ئێرانیش لە چیاکانی زاگرۆسەوە دابین دەکرێت. هەروها زۆرینەی ڕەهای سەرچاوەکانی نەوت و گازی ئێران لە هەرێمە عەرەب و لوڕنشینەکانی زاگرۆس هەڵکەوتووون.

وەشانی ڕاستەوخۆ