هاوسەرۆکی پژاک: گەلی کورد بە تێکۆشان ئێرادەی سیاسی خۆی سەلماند

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پژاک لە بابەتێکدا لە گۆڤاری ئاڵترناتیڤ شرۆڤەیەکی وردی بۆ هەلومەرجی شەڕی جیهانی سێهەم و پێگەی رژیمەکانی ئێران و تورکیە لەو شەڕەدا کردووە. سیامەند موعینی دەستنیشانی دەکات کە ئیرادەی گەلی کورد بۆ ژیانی ئازاد گەمە سیاسیەکانی گۆڕیوە. هەر ئانوسات ئەگەری گۆڕانکاریەک هەیە کە لە دەرەوەی پێشبینی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدایە.

هاوسەرۆکی پژاک ئاماژە بە پلانی نوێی هێزە جیهانیەکان لە سەرەتای دەیەی نوەد دەکات و رایدەگەینێت: ئەو هێزانە بۆ داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی, بەشێک لە هێزە ناوچەیەکانیان کردە شەریکی پلانەکانیان. بەو هیوایەی کە دەستیان ئاسانتر بە سەرچاوەسروشتیەکان بگات و دەسەڵاتەکەیان زیاتر پەرەپێبدەن.

سیامەند موعینی ئاماژە بە وەخۆهاتنەوەی رووسیە لە ساڵانی دوای ٢٠١٢ بۆ ڕۆڵ گێڕان لە ناوچەکە دەکات و رایدەگەینێت: رووسیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوەی لە دەستی دابوو، بە ڕۆیشتن بۆ سووریە، خۆی لە ناوچەکەدا چالاکەوە کرد. بەو هیوایەی کە بتوانێ دەسەڵاتی ڕابردووی زیندوو کاتەوە.

ئاکتەرە سیاسیەکان بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجیان و لە ڕەوشەکە کاریگەریان بێت، پێویستیان بە شتێک زیاتر لەوەیە کە لە ناوچەیەکی سنوورداردا هێزیان هەبێت. لە بەر ئەوە شەڕە کلاسیکەکان جێگیای خۆیان داوە بە جەنگی بە وەکالەت.

بە یەک گەیشتنی گلوبالیزم و نیۆلیبرالیسم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کارەساتی کوشتوبڕ و ئاوارەیی بە دوابوو.

لە درێژەدا هاوسەرۆکی پژاک دەپرسێت: داخۆ لە ڕەوتی ڕووداوەکان و بەردەوامی شەڕەکاند رێنێسانێک لە ناوچەکەدا دێتە ئاراوە؟

سیامەند موعینی لە روانگەی پژاکەوە وڵامی ئەو پرسیارە بەمجۆرە دەداتەوە:
هێزە جیهانی و ناوچەیەکان لە سەرەتای دەیەی نەوەدەی سەدساڵی ٢٠ هەوڵی دامەزراندنی نەخشەیەکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن. ئێستە شەیپووری شەڕ لە سووریە لێدراوە.
هەموو هێزە دەسەڵاتخوازەکان خۆیان ڕێکخستەوە. لە ئیسلامی سیاسی و بناژۆخوازەوە بگرە هەتا وڵاتانی ناوچەکە کەوتنە قۆناغێکی نوێ.
ناوچەکە خەریکی گۆڕانیی بنەڕەتیە. ناکرێت هەلومەرجی ناودەوڵەتی نەدیتووبگرین. سیستمی ناودەوڵەتی بە ساکاریی رابردووە نیە. رەوشێکی ئاڵۆز و چەند رەهەندی لە گەڵ چەندین ئەکتەر کە لە سەر یەکدی کاریگەریان هەیە ناوچەکەیان داگرتووە.هیچ دەسەڵاتێکی سەرکەوتوو لە ئارادا نیە و هیچ هێزێک تەنانەت گەر بچووکیش بێت ناکرێت لە بەرچاوی نەگرین.لە وەها دۆخێکدا گۆڕانکاریەکان پێشبێنی ناکرێن. هەر ئانوسات دەکرێت شتێک رووبدات کە لە دەرەوەی خواستی دەوڵەتداران بێت.

سیامەند موعینی لە بەردەوامیدا ئاماژە بە پیلانگێڕی ناودەوڵەتی دژی رێبەر ئوجەلان دەکات و دەنوسێت: ڕێبەر ئاپۆ بە پڕۆژەی کۆنفدرالیسمی دیموکراتیک قەیرانی ناوچەکە لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک وڵام داوەتەوە. کۆنفدرالیسمی دیموکراتیک لە دژی روانگەی دەوڵەت-نەتەوەیە کە لە لایەن داگیرکەران دامەزراوە. ئەو سیستمە هەر وەها جیاوازی ئیدیۆلۆژیکی لە گەڵ پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نوێ هەیە. لە بەر ئەوەش ڕێبەر ئاپۆیان بە لەمپەرێک لە بەرامبەر سیاسەتەکانیان بینی و ڕادەستی تورکیەیان کرد.

دواتر تورکیە لە ئیسلامی سیاسی نەرم، ڕێگای بەرەو زیندووکردنەوەی ئیمپراتووری عوسمانی گۆڕی. لە سەرەتای داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستا کوردان ئاوڕێکیان لێ نەدرایەوە. ئیرادەی گەلی کورد بۆ ژیانی ئازاد و هاوبەش لە گەڵ گەلانی تر بەربەستێک لە بەرامبەر پڕۆژەی داگیرکاران بوو. لە دژی ڕێبەر ئاپۆ پیلانگێڕی کراو و تێکۆشانی گەلی کورد لەلایەن میدیای جەهانیەوە بێدەنگی لێکرا.

هاوسەرۆکی پژاک ئاماژە بە بەرخودانی ڕۆژاوا دەکات و رایدەگەینێت: بەرخودانی کۆبانێ هەموو حەسابێکی گۆڕی. ئازادیخوازان لە رۆژاوا ڕەوایەتی خۆیان بە جیهان سەلماند. لە بەرامبەردا تورکیە دەستی لە سووریە وەردا. تورکیە بە داگیرکردنی عەفرین، ئیدلیب و گرێسپی ویستی ناتۆ پەلکێشی سووریە بکات. ناتۆ خواستێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ رووسیە لە سووریەدا نیە.

قەیرانی ئیدلیب پێناوەتە قۆناغێکی نوێ. رووسیە وای لێکدەداتەوە کە بە شکستی لە ئیدلیب تورکیە براوە دەبێت و ئەوەش بە واتای سەرکەوتنی ئامریکایە. لە بەر ئەوە ئەگەری کەمە رووسیە دەست لە سووریە هەڵبگرێت. لە لایەکی تریش تورکیە بە رووسیە ناوێرێت و توانای تێکهەڵچوونی راستەوڕاستیشی لە گەڵ رووسیە نیە. تورکیە ڕۆیشتووەتە ناو گەمەیەکەوە کە توانانی دەرهاتنی لێ نیە. ئەوە ڕەهەندەکانی شەڕی جیهانی سێهەمە و هەر لایەنێک بە شێوەیەک دەست لە مەیدانی شەڕی سووریە وەردەدات.

لە بەشێکی تری هەڵسەنگاندنەکانیدا سیامەند موعینی قەیرانەکانی رژیمی ئێران دەستنیشان دەکات و رایدەگەینێت رژیمی ئێران بەرەو لە ناوچوون هەنگاو دەنێت و بۆ تێپەڕاندنی ئەو رژیمە پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە.

هاوسەرۆکی پژاک سەبارەت بە بەشداری ڕژیمی ئێران لە شەڕی سێهەمی جیهانیدا رایدەگەینێت: رۆڵی ڕژیمی ئێران سەرەتا پاراستنی رژیمی ئەسەد بوو. دواتر مەیدانەکە پێی چۆڵکرا. سیاسەتی دەرەوەی رژیمی ئێران دوای کوژرانی قاسم سلێمانی بە گشتی تووشی کێشە بووە. لە داهاتوودا رژیمی ئێران هیچ بژاردەی تر جگە لە پاشەکشێی هەمە لایەنەی بۆ نامێنێتەوە.

سیامەندی موعینی دەپەژرێتە سەر قەیرانە ناوخۆیەکانی رژیمی ئێران و دەنووسێت: ڕژیمی ئێران تووشی دەیان قەیرانی سیاسی، ئابوووری و کۆمەڵایەتیە. ئەو رژیمە داگیرکەرە هیچ هێزێکی بۆ دەرچوون لەو قەیرانانە نەماوە. پەتای کۆرونا و دەسەوەستان مانەوەی کاربەدەستانی رژیم نموونەیەکە لەو بێدەسەڵاتیە کە رژیم تووشی هاتووە.

ئەمڕۆکە رژیمی ئێران لە سەرەولێژایی لە ناوچوون گلۆردەبێتەوە. هەڵدێرێک لە سەر ڕێگای ئەو رژیمە داگیرکەرەیە. بۆ تێپەڕاندنی رژیم پێویستی بە لێکنزیکبوونەوە هەیە. دەبێت بە روانگەیەکی دیموکراتیک و باز جارێکی تر بە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان بچینەوە. نزیکبوونەوەی روانگە جیاوازەکان لەم قۆناغەدا دەتوانێت بەشێک لە کێشەکانی نەتەوەپەرەستی چارەسەر بکات.

دیموکراسی پرووسەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیە کە پێویستی بە هەلومەرجەكی لەبارەوە بۆ ئەوەی کە پێبگات.
دەبێت هەر لە ئێستەوە مشووری رەخساندنی هەلومەرجی پێویست بۆ پێشخستنی دیموکراسی بخۆین. ئەو پڕووسەیە پێویستی بە تێگەیشتن لە راستینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران هەیە.

هاوسەرۆکی پژاک تێبینەکانی لە سەر هەندێ پڕۆژەی سیاسی پێشنیار کراو بۆ داهاتووی ئێران بەمجۆرە راگەیاندووە: باس لە کۆمار و جۆرێک فدرالیسمی پێناسە نەکراو دەکرێت. ئەو پڕۆژەیە لە ئێراندا رووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە. دیموکراسی لە هەناویدا لە گەڵ حکوومەتی هیرارشیک و دەوڵەت نەتەوە دژایەتی هەیە. ئەو فۆرم و پێکهاتەیە هەلومەرجێکی لەبار بۆ دیموکراسی لە ئێراندا وەدیناهێنێت. تێگەیشتن لە جیاوازیەکانی کۆمەڵگاکانی ئێران پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە.

حکوومەتێک بۆ کاتی تێپەڕاندن لە رژیم کاتێک دیموکراتیکە کە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە وەلاوە بنێت و دیموکراسی و ئازادی تاک و کۆمەڵگا بە بنەمابگرێت.
لە ڕوانگەی پژاکەوە سیستمی خۆەبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە کۆمەڵگایەکی کۆنفدرال کێشە و قەیرانەکان چارەسەر دەکات. داهاتووی دوای رژیم دەبێت بەرنامەی بۆ کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و سکۆلار هەبێت کە مافەکانی هەموو کۆڕ و کۆمەڵێک لە سەر بنەمای ئەو کۆمەڵگا ئازادی مسۆگەر بێت.

وەشانی ڕاستەوخۆ