کۆرۆنا لەناو سوپای وڵاتدانا.. لە چەندین وڵات سەربازان تووشی کۆرۆنا بوون

لە ئێران و تورکیە ژمارەیەکی بەرچاو سەرباز و هێزی چەکدار تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوون.
بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکادا بووە هۆی دەست لەکار کێشانەوەی سەرپەرشتی هێزی دەریایی ئەو وڵاتە. تاکە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری فەڕەنساش بە هەمان هۆکار ناچار بووە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

نزیکەی هەفتەیەکە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا جەنجاڵی لەناو هێزە دەریاییەکانی ئەو وڵاتەدا درووست کردووە.

هەفتەی ڕابردوو ئاشکرابوو کە زیاتر لە ١٥٠ سەرباز و خەدەمەی ناو کەشتیی فڕۆکە هەڵگری تیۆدۆر ڕۆڤێڵت تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوون. کاپیتانی کەشتییەکە لە نامەیەکدا کە دزەی کردبووە ڕۆژنامەکان، لایەنی سەرووی خۆی لە مەسەلەکە ئاگادار کردبووەوە. هۆشداریشی دابوو کە بەهۆی ئەوەی خەدەمە و سەربازان لە شوێنی داخراو و لەنزیک یەک دژین ئەو ڤایرۆسە دەتوانێ زیاتر لە چوار هەزار کەسی سەر کەشتییەکە تووش بکات.

دواتر کاپیتانی ئەو کەشتییە تۆمەتی ئەوەی خرایە پاڵ کە بووەتە هۆی ئاگاداربوونی ڕۆژنامەکان لە ناوەڕۆکی نامەکەی و لەسەر کار لادرا. ئەو تۆمەتبار کرابوو بەوەی کە ئەو گومانەی لای خەڵک درووست کردووە کە هێزی دەریایی وڵامی داخوازییەکانی نەداوەتەوە. هاوکات تێکڕای خەدەمە و سەربازانی کەشتییەکە لە دوورگەی گوام لە زەریای ئارام قەرەنتینە کران. بەڵام کێشەکە بەوە کۆتایی نەهات. چەند ڕۆژ دواتر لە ئەنجامی ڕەخنەی ڕۆژنامەکان و هەروەها دیموکڕاتەکان، تۆماس مۆدلی سەرپرشتی هێزی دەریایی ئەمریکا لە شێوازی دەرکردنی کاپیتانی کەشتییەکە دەستی لەکار کێشایەوە.

پەتای کۆرۆنا هەر کێشەی بۆ هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا درووست نەکردووە. بەڵکوو چەند وڵاتی دیکەی وەک فەڕەنسا، تورکیا و ئێرانیشی تووشی قەیران کردووە.

تاکە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری فەڕەنساش بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەناو سەربازەکانیدا ناچار بووە ئەرکەکانی بەنیوەچڵی بەجێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە.

دوێنێ دوای ئەوەی نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ٤٠ خەدەمەی سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری شارل دوگولدا دەرکەوت، وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسا بڕیاری دا، کەشتییەکە لە زەریای ئەتڵەسەوە بۆ کەنارەکانی فەڕەنسا بگەڕێنێتەوە.

لە ئێرانیش ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مکوڕ هاتووە کە ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوون. فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە کە ٥٤ سەرباز لەناو پادگانەکاندا تووشی کۆرۆنا بوون.

ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژێک پێشتر هەندێ فەرماندەی سەربازی لە وڵامی نیگەرانیی بنەماڵەی سەربازەکان ئیدعایان کردبوو کە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆرۆنا لەناو پادگانەکاند تۆمار نەکراوە.

لە تورکیاش هەر لە ڕۆژانی یەکەمی بڵاوبووەنەوەی پەتاکەوە چەندین سەرباز تووشی کۆرۆنا بوون. سوپای داگیرکەری تورکیا نزیکەی مانگێک لەمەوبەر تووشبوونی چەند سەربازێکی لە ناوچەکانی شەڕ لە باکووری کوردستان و باکووری سووریا ڕاگەیاندبوو. لەو کاتەوە هەتا ئێستا ژمارەی سەربازانی تووشبوو لە بەرزبوونەوەدایە.

هەروەها دەگوترێت کە پەتای کۆرۆنا لەناو گرووپە چەتە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا لە سووریاشدا بڵاو بۆتەوە. بەپێی زانیارییەکان ڕژیمی تورکیا ئەو سووریانەی تووشی کۆرۆنا دەبن، بەزۆر دەگوازێتەوە بۆ ناوچە داگیرکراوەکانی باکووری سووریا.

وەشانی ڕاستەوخۆ