حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لە بابەتەکە بێ‌ئاگایە

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ مستەفا سەلیمی، یەکێ لەو زیندانیانەی ماوەیەک لەمەوبەر لە زیندان هەڵهاتبوو، لە بەندیخانەی سەقز لە سێدارە درا. بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە و لە ئاوایی “ئیلۆ” سەر بە ناوچەی تیلەکۆی سەقز بەخاکسپێردرا.


دوێنێ ئێوارە کاربەدەستانی بەندیخانەی سەقز پەیوەندییان بە بنەماڵەی مستەفا سەلیمییەوە کردبوو و گوتبوویان کە بۆ دوایین چاوپێکەتن لەگەڵ کوڕەکەیان دەتوانن سەردانی زیندان بکەن. ئەمڕۆش تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

مستەفا سەلیمی خەڵکی ئاوایی “ئیلۆ”، یەکێ لەو دەیان زیندانییەی بەندیخانەی سەقز بوو کە ماوەیەک لەمەوبەر سەریانهەڵدابوو و بە کۆمەڵ لە زیندان هەڵهاتبوون.

ئەندامێکی بنەماڵەی مستەفا سەلیمی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوتووە کە ئەو خۆی گەیاندبووە ناوچەی پێنجوێن لە باشووری کوردستان.

بەڵام لەوێ هێزەکانی ئاسایشی حکوومەتی هەرێم قۆڵبەستیان کردووە و ڕادەستی ڕژیمی ئێرانیان کردۆتەوە. هەندێ سەرچاوەی دیکەش باس لەوە دەکەن کە مستەفا سەلیمی لە سنووری بانە و پێش ئەوەی خۆی بگەیەنێتە باشووری کوردستان لەلایەن هێزەکانی ڕژیمی قۆڵبەست کراوە.

مستەفا سەلیمی سالی ١٣٨٢ی هەتاوی لە شاری نەهاوەند لە پارێزگای هەمەدان قۆڵبەست کرابوو و دوای ماووەیەک سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

ئەو نزیکەی ٢٥ ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەی چەند ساڵێک پێشمەرگەی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران بوو. بەڵام دواتر خۆی تەسلیم کرەەوە و لە شاری نەهانەوەندی هەمەدان نیشتەجێ بوو.

ساڵی ١٣٨٢ دوای هێرشێکی چەکداری لە ناوچەی تیلەکۆی سەقز، مستەفا سەلیمی و چەند کەسی دیکە بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان لەو هێرشەدا هەبووە قۆڵبەست کران.

مستەفا سەلیمی دواتر لە لایەن قازیی “گوودینی”ەوە کۆمەڵێ تۆمەتی وەک “ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکان”، “دژایەتی لەگەڵ خوا” و هەروەها “دزی چەکدارانە” خرایە پاڵی و حوکمی پازدە ساڵ زیندان و ئیعدامی بەسەردا سەپا.

چەند ساڵ لەمەوبەر کوڕێکی مستەفا سەلیمی کە بەدوای کاروباری باوکییەوە بوو، بەهۆی هەڵسوکەوتی خراپی قازیی گوودینییەوە خۆی کوشتبوو.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە کاردانەوەی هەبوو و بە لێدوانێک لە سایتی فەرمی حکوومەت بێ ئاگایی خۆی لەو بابەتە راگەیاند.

وەشانی ڕاستەوخۆ