جارێکی تر کرمان ڕۆیشتە ژێر لافاوەوە

لە سەرەتای هەر وەرزێکی بارانبارین لە چەندین ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لافاو هەڵدەستێت. هەر چەندە هەستانی لافاو بە رووداوێکی سروشتی دەزانرێت، بەڵام ژینگەناسان باس لە پەیوەندی لافاوەکانی ئێران بە سیاسەتی هەڵەی رژیم و دەستوەردانی نابەجێ لە سروشت و جوگرافیا دەگەڕێنەوە.

جارێکی تر لافاو لە هەرێمەکانی رۆژهەڵاتی ئێران هەستاوەتەوە. دوابەدوای بارانبارین چەندین گوند و شار و شارۆچکە چوونەتە ژێر لافاو.

بە پێی راگەیننە خۆجەییەکان دوای هەستانەوەی لافاو لە هەرێمی کرمان دەیان ماڵ ئاو پڕ بوون لە ئاو. .خەڵکی ناوچەکە بە ناچاری ماڵوحاڵیان بەجێ هێشتووە و لە هەلومەرجێکی نەگونجاو رۆژیان کردوتەوە.

لافاو رێگا هاتن و چوون و کارەبای دەیان گوندی بڕیوە. تۆڕی کارەبا و ئاوی خواردنەوە لە ناوچەکە تووشی خەسار بووە. 

بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ لانیکەم ٢٩ گوند لە باشووری هەرێمی کرمان کەوتوونەتە گەمارۆی لافاوەوە. خەڵکی گوندەکان بۆ پاراستنی گیانیان پەنای بردوتە سەر بەرزایەکانی ناوچەکە.

لافاو خەساریشی لە کەرتی کشتوکاڵ داوە. لە هەندێ ناوچە لە نێوان ٢٠ بۆ ٨٠ لە سەدی رووبەری زەویە کشتوکاڵیەکان تووشی زەرەر هاتوون. لە ناوچەی شەهداد لە هەرێمی کرمان ئامارە بەراییەکان باس لە چەندین میلیارد تمەن زەرەر دەکەن. خەڵکی ئەو ناوچە بە گشتی ژیانیان بە کاری كشتوکاڵ دەگوزەرێت.

لافاو لە شارەکانی “پەرەند” و “کەهریزەک” لە هەرێمی تارانیش کێشەی ناوەتەوە. کاناڵی گوازتنەوەی ئاوی شارەکان بە هۆی لافاوەوە گیراون. بەپێی ئەو دەنگوباسانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبوونەتەوە ئاو چەندین ئوتومبێلی بردووە.

شارەزایانی ژینگەناسی رایدەگەینن: سیاسەتی رژیمی ئێران لە کەرتی کشتوکاڵ و هەروەها دروستکردنی چەندین سەدوبەنداو بێ ڕەچاوکردنی توانای سروشتی ناوچەکان، وەها بڕستی لە ژینگەی جوگرافیای ئێران بڕیوە کە بە بارینی چەند سانتیمتر باران دەیان شار و سەدان گوند دەکەونە بەر مەترسی لافاو.

وەشانی ڕاستەوخۆ