گوشار لە دژی زیندانیانی سیاسی وەکوو پێشترە

کاربەدەستانی رژیمی ئێران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد بە هۆی کۆروناوە دەیانەوێت ژمارەیەک زیندانی ئازاد بکەن. ئەو پڕۆژەیە کە کۆتاییەکەی دیار نەبوو بوو بە چی! زیندانیانی سیاسی، ژینگەپارێزان و چالاکانی مافەکانی ژنانی نەگرتەوە. بە پێی زانیاری ناوەندەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤی گوشاری رژیمی ئێران لە دژی چالاکانی سیاسی و مەدەنی هەر وەک خۆی ماوە.

زیندانی رژیم لە شاری ئورمیە زیندانێکی تایبەتە. ئەو زیندانە تایبەت کراوە بۆ راگرتنی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی و لەۆێدا بە سیستمێکی دیارکراو گوشار دەخەنە سەر زیندانیەکان.

لە رۆژانی رابردوو چوار زیندانی سیاسی کورد لەو زیندانە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە. ئەو زیندانیانە بریتیی بوون لە ئێبراهیم عیساپوور، ئەحمەد تەموویی، کەماڵ حەسەن رەمەزان و عەلی ئەحمەد سلێمان. دواتر ئاشکرا بوو کە ئەو ٤ گیراوە سیاسیە کوردە گوازراونەتەوە بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنیەتی.

خزمی یەکێک لەو زیندانیانە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتووە: دوای زیاتر لە دوو حەفتە بە دواداچوون بۆمان ڕوون نەبوتەوە ئەو چوار زیندانیەیان بۆ کوێ بردووە و لە کامە زیندانی سەر بە ئیتلاعات یا سپای پاسداران راگیراون؟

ئەو سەرچاوەیە رایگەیاندووە: بە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە زیندانی ئورمیە هەلومەرجی زیندانیان رۆژ خراپتر دەبێ. شیمانە دەکرێت دامودەزگای ئیتلاعات بە هۆی ترسیان لەو چوار زیندانیە سیاسیە و بۆ رێگری کردن لەوەی کە ئەو زیندانیانە ناڕەزایەتی و مانگرتن لە زیندانەکە رێکبخەن، راپێچی گرتووخانە ئەمنیەکانیان کردبن.

هەر لە چوارچێوەی گوشارەکانی رژیم لە دژی زیندانیانی سیاسی، کاربەدەستانی رژیم رێگریان لە ئازادی کاتی ژنە زیندانی سیاسی نەرگس موحەمەدی کردووە.

مەحموود بێهزادی راد وەکێڵی نەرگس موحەمەدی بە میدیاکانی راگەیاندووە کە بریگرتەکەی لە زیندانی زنجان هەروا دەستبەسەرە و سەرەڕای ئەوەی دەکەوێتە بەر یاسای ئازاد کردنی کاتی کاربەدەستانی قەزایی رژیم نایەنەوێت ئازادی بکەن.

نەرگس موحەمەدی بە تۆمەتی ئەوەی کە رێکخراوەیەکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزای ئێعدام رێکخستووە بە ١٦ ساڵ زیندان سزا دراوە و لە ساڵی ١٣٩٤ەوە لە زیندانی رژیمدایە.

وەشانی ڕاستەوخۆ