لێبوردنی ناودەوڵەتی: ڕژیمی ئێران لە پێشەوەی ڕیزی ئێعدامە

ئەمڕۆ رژیمی ئێران سزای لە کوردستان نەوجەوانێکی ئێعدام کرد.هاوکات مەترسی لە سێدارەدانی بە کۆمەڵی چەند کەس تر لە زیندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیادی کردووە. رێکخراوە ناودەوڵەتیەکان رژیمی ئێران لەوبارەیەوە گازندە دەکەن.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ شایان سەعیدپوور لە زیندانی شاری سەقز ئێعدام کرا. شایان تاوانەکەی کوشتنی بە ئەنقەست بوو. ناوبراو تاوانبار بووە بەوەی کە کاتێک ١٧ ساڵان بووە لە تێکهەڵچوونێکدا کەسێکی کوشتووە. 

چالاکانی سەقز و خەڵکی ئەو شارە هەوڵانیان داوە کە بنەماڵەی کوژراوەکە ڕازی بکەن لە شایان خۆش بێت بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون.

شایان سەعیدپوور لە ٢٧ی مارسدا لە گەڵ ٧٠ بەندکراوی تر لە زیندانی سەقز هەڵهاتبوو. چەند رۆژ دواتر لە دەڤەری بانە دەستبەسەرکرایەوە و رەوانەی زیندانی سەقزیان کردەوە.

سەلاح سەعید پوور باوکی شایان دوێنێ بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی راگەیاندووە کە عەلیڕەزا ڕەزاپوور دادستانی سەقز سوورە لە سەر ئەوەی کە حوکمی ئێعدامەکە جێبەجێ بکرێت. تەنانەت پەیوندی بە ماڵی کوژراوەکەوە گرتووە و داوای لێیان کردووە لێی خۆش نەبن.

رژیمی ئێران لە کۆڕ و کۆبوونەوە ناودەوڵەتیەکاندا بەردەوام ئیدعا دەکات کە سەرەڕای حوکمی سێدارە لە یاساکانیدا هەوڵ دەدات کە رەزایەتی خاوەن خوێنەکان وەربگرێت.

رژیمی ئێران رەوتی لە سێدارەدانی ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵان تاوانێکیان کردووە بەرنەداوە و ئێران لە بابەتی ئێعدەام کردنی نەجەوانان لە هەموو جیهاندان پلەی یەکەمی هەیە.

هاوکات لە گەڵ ئێعدامی شایان سەعیدپوور دەنگوباسی تر سەبارەت بە ئەگەری لە سێدارەدانی زیندانیەکان لە زیندانەکانی سنە و ڕەجایی شەهری کەرەج لە رۆژانی داهاتوودا بڵاوبوتەوە.


هاوکات ڕێکخراوی لێبوردنی ناودەوڵەتی ئامارێکی نوێ سەبارەت بە سێدارەدان لە جیهاندا ئاشکرا دەکات. ئەو رێكخراوەیە کە کاری چاوەدێری رەوشی مافەکانی مرۆڤە ڕژیمی ئێران سەبارەت بە سێدارەدان لۆمە دەکات.

لە راپۆرتی ساڵانەی لێبوردنی ناودەوڵەتی سەبارەت بە ئێعدام رژیمی ئێران لە دوای چین لە پلەی دووهەمینی ئێعدامی کردندایە.

ئەو رێکخراوەیە رایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠١٩دا لە سێدارەدان لە ئاستی هەموو جیهاندا لە سەدا ٥ کەمی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە رژیمی ئێران پێداگرە لە سەر ئەو سزایە.

وەشانی ڕاستەوخۆ