ئاماری ڕاستەقینە بیست قاتی ئاماری فەرمییە

مامۆستایەکی زانکۆی تاران ڕایگەیاندووە کە ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووان بە نەخۆشیی کۆڕۆنا لە ئێران بیست قاتی ئامارە فەرمییەکان زیاترە. لەلایەکی دیکەشەوە ناوەندێکی حکوومی ڕایگەیاندووە کە لە ١١ پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕیژەی تووشبوون بە کۆڕۆنا جارێکی تر بەرز بۆتەوە.

کۆمیتەی ئیپیدمۆلۆژی سەر بە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆڕۆنا پشتڕاستی کردۆتەوە کە دوای بڕیاری ئاسایی کردنەوەی شارەکان، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیی کۆڕۆنا لە ١١ پارێزگا بەرز بۆتەوە.

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا تاکە ناوەندی سەر بە حکوومەتە کە سەبارەت بە ڕیکارەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو پەتایە بڕیار دەدات. 

ئەو کۆمیتەیە لە ڕاپۆرتێکدا دانی بەوەدا ناوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕێژەی تووشبوون و مردن بە کۆڕۆنا لە نۆ پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووی لە زیادبوونە. پارێزگای ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێ لەو پارێزگایانەیە کە لە ڕاپۆرتی کۆمیتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە. ناوی کرماشانیش لەگەڵ ئەو پارێزگایانە هاتووە کە بەهۆی کەمیی داتاکانەوە نەتوانراوە شرۆڤەیان بۆ بکرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە هەروەها لە دوو پارێزگای گوڵستان و خۆراسانی باکووریش، شەپۆلێکی تری تووشبوون دەستی پێکردووە و گەیشتۆتە لووتکە.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە پێش ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی شارەکان، ڕیژەی تووشبوون لە هەندێ لەو پارێزگایانە ڕووی لە کەمی کردبوو.

لەلایەکی دیکەوە مامۆستایەکی زانکۆی تاران ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی لەبارەی ژمارەی تووشبووان بردۆتە ژێر پرسیار. 

دوکتور مەسعوود یوونسیان مامۆستای زانکۆی تاران ڕایگەیاندووە کە لە ئێران تەنیا بیست لەسەدی تووشبووان لە نەخۆشخانە دەخەوێندرێن. تەنیا نیوەی ئەوانەش کە لە نەخۆشخانەن پشکنینیان بۆ دەکرێت و تەنیا ئەنجامی نیوەی پشکنینەکان بڵاو دەکرێتەوە. بۆیە ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووان بیست قاتی ئەو ئامارانەیە کە حکوومەت بڵاوی دەکاتەوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ