زەینەب جەلالیان گوازراوەتەوە بۆ زیندانی وەرامین

دوای دوو ڕۆژ لە بێئاگایی سەبارەت بە چارەنووسی زیندانیی سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان، ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا کە بۆ گرتووخانەی قەرەچەک لە شاری وەرامین گواستراوەتەوە. دوێنێ ئێوارە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر هەڵمەتێکی تویتەری بۆ دیاریکردنی چارەنووسی زەینەب جەلالیان وەڕێ خرابوو.


دوو ڕۆژ بوو چارەنووسی زەینەب جەلالیان زیندانیی سیاسیی کورد دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران لە زیندانی شاری “خۆی”ەوە گواستبوویانەوە، نادیار بوو.

ئێستا تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە کە جەلالیان دوو ڕۆژ دوای گواستنەوەی کتوپڕی لە زیندانی خۆی، ڕادەستی زیندانی قەرەچەک لەشاری وەرامین لە نزیک تاران کراوە.

زەینەب جەلالیان لەو دوو ڕۆژەدا بە ئۆتۆمبێل و بەچاوی بەستراو و دەستی کەلەپچەکراوەوە، بۆ زیندانەکانی ئوورمییە، کرماشان و هەروەها زیندانی ئیڤینی تاران نێردراوە. دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەو سێ زیندانە وەریاننەگرتووە، بۆ زیندانی وەرامین گواستراوەتەوە 

بە گوێرەی هەواڵەکە زەینەب جەلالیان ئێستا لە بەندی قەرەنتینەی زیندانی قەرەچەک ڕاگیراوە. . زیندانی قەرەچەک یەکێ لە خراپترین زیندانەکانی ئێرانە و وەک تەبعیدگای ژنانی زیندانی دێتە ئەژمار. زیاتر لە دوو هەزار ژن لەو زیندانە لە ڕەوشێکی خراپ و ناستانداردا بەسەر دەبەن.

دوێنێ ئێوارە کە هێشتا چارەنووسی زەینەب جەلالیان ئاشکرا نەبوو، بەکارهێنەرانی تویتەر هەشتەگێکیان وەڕێ خستبوو و داوای ئاشکراکردنی شوێنی ئەو زیندانییە سیاسییەیان کردبوو. لە ماوەی چەند کاتژمێردا هەزاران تویت بە ناونیشانی “زەینەب جەلالیان لەکوێیە”، بە بەشداریی کوردانی هەر چوارپارچەی کوردستان و دۆستانی کورد بڵاو کرایەوە.

هێشتا هۆکاری گواستنەوەی کتوپڕی ئەو زیندانییە سیاسیە بۆ گرتووخانەی وەرامین دیار نییە و نازانرێت داخۆ پەیوەندیی بەو دۆسییە تازەیەوە هەیە کە لەدژی جووڵێندراوە یان نا. بەرپرسانی زیندانی خۆی پێشتر بە بنەماڵەی جەلالیانیان گوتبوو کە پێدەچێت دۆسییەکی تازە لەدژی کرابێتەوە و بۆ لێپێچینەوە لەبارەی ئەو دۆسیەوە گواسترابێتەوە. 

باوکی زەینەب جەلالیان دوێنێ گوتبووی کە دوای ئەو هاوبەندییەکانی زەینەب پێیان ڕاگەیاندم کچەکەم لە زیندانی خۆی نەماوە، یەکسەر خۆم گەیاندە ئەوێ و سۆراخی کچەکەم لە بەرپرسانی زیندان گرت. بەگوتەی عەلی جەلالیان بەرپرسانی زیندانی خۆی وڵامێکی ڕاست و درووستیان بەو نەدواوەتەوە و تەنیا ئەوەیان گوتووە کە لەوانەیە کچەکەت بۆ لێپێچینەوە گواسترابێتەوە تاران.

لێپێچینەوەی تازە لەگەڵ زەینەب جەلالیان و کردنەوەی دۆسیەی نوێ لە دژی لە کاتێکدایە کە ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە نزیکەی سێزدە لە زیندانە. زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر کراوە. سەرەتا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پژاکدا سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا، بەڵام دوای چەند ساڵ حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

زەینەب جەلالیان لە ناو زینداندا بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە بۆتەوە. هەروەها تووشیی نەخۆشیی “ناخونەکی چاو” و “بەرفەکی دەم” بووە و بینایی چاوەکانی تووشی کێشە بووە.

وەشانی ڕاستەوخۆ