گوشارەکانی ڕژیم لەسەر گیراوانی سیاسی بەردەوامە

هیدایەت عەبدولڵاپوور زیندانیی سیاسیی کورد کە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە لە زیندانی ئورمییەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. پەناخوازێکی کوردیش کە ڕژیمی تورکیا ڕادەستی ئێرانی کردبووەوە، ڕاپێچی زیندان کراوە. مریەم ئیبراهیم وەند دەرهێنەری سینەمایی کە نزیکەی دوو ساڵە لە زیندانە، لە سەرەتای مانگی گوڵانەوە مانی لە خواردن گرتووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم دوێنێ هیدایەت عەبدولڵاپوور زیندانیی سیاسیی کوردیان لە زیندانی ئورمییەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.

دەگوترێت ئەو هێزە ئەمنییەی هیدایەت عەبدولڵاپووری گواستۆتەوە سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران بووە.
هیدایەت عەبدولڵاپوور هاوینی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە گوندی “قەرەسەقەل”ی شنۆ قۆڵبەست کرا. دادگای رژیم لە شاری ئورمییە زستانی هەمان ساڵ سزای ئیعدامی بەسەر ئەو بەندکراوە سیاسییەدا سەپاند.

پەنجا ڕۆژ بەر لە دەستبەسەربوونی هیدایەت عەبدولڵاپوور، پێکدادانێک لەو گوندە لە نێوان سپای پاسداران و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هاتبووە ئاراوە. ئەو زیندانییە سیاسییە لە دوو مانگی یەکەمی دەستبەسەربوونیدا ڕووبەڕووی خراپترین شێوەکانی ئازار و ئەشکەنجە بووبووەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پەناخوازێکی سیاسیی کورد دوای ئەوەی ڕژیمی تورکیا ڕادەستی ڕژیمی ئێرانی کردۆتەوە، ڕەوانەی زیندان کراوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە پێدەچێت ئیبراهیم خالیدی ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ ٣٣ پەناخوازی دیکەی ئێران و ئەفغانستانی ڕادەستی ئێران کرابێتەوە.
ئیبراهیم خالیدی خەڵکی سەردەشت و خوێندکاری زانکۆ، پێشتر بەهۆی بەشداریی لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو.

چارەنووسی دوو بەندکراوی خەڵکی سەردەشتیش کە لە مانگی ڕەشەمێی ڕابردووەوە لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرابوون، نادیارە.

لە هەواڵێکی دیکەدا سەبارەت بە گوشاری ڕژیمی ئێران بۆسەر زیندانیانی سیاسی ئاشکرا بووە کە دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنیی لە تەورێز گواستراونەتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی هەرانا، “ئالان بەنگین” و “یەحیا ئیبراهیمی” خەڵکی گوندی کانی ڕەش سەر بە شاری شنۆ، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کرابوون.

چالاکێکی کرێکاریش بەناوی “هیراد پیربودا‌‌غی” کە پێشتر سزای شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپابوو، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی بانگ کراوە.

پارێزەر و چالاکێکی مافی مرۆڤیش بەناوی “پەیام دوڕەفشان” سزای دوو ساڵ زیندان و دوو ساڵ سڕکردن لە پارێزەریی بەسەردا سەپاوە.

لە گرتووخانەی ئیڤینی تارانیش بەندکراوێکی سیاسی بەناوی “مریەم ئیبراهیموەند” لە سەرەتای ئەم مانگەوە مانی لە خواردن گرتووە.

مریەم ئیبراهیموەند دەرهێنەری سینەما بەهۆی فیلمەکان و لێدوانەکانی لەلایەن ئیتلاعاتی سپا و هەروەها نووسینگەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و خراوەتە زیندانەوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ