لەیلا قاسم و چوار شوڕشگێڕی کورد چل و شەش ساڵ لەمەوبەر لە بەغدا لە سێدارە دران

چل و شەش ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی ژنە شۆرشگێڕی باشوری کوردستان لەیلا قاسم تێپەڕی. ١٢ی مانگی مای ساڵی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و چوار کەسیتر لە چالاکانی سیاسی کورد لە شاری بەغداد لە لایەن ڕژیمی ئەوکاتی عێراقەوە لەدار دران.


لەیلا قاسم ناوێکە هاوتای جەسارەت، ئازایەتی، بەرپرسیارەتی و تێکۆشان. ناوێ کە مێژوویەکی پرشنگداری بەرەنگار بوونەوەی داگیرکارانی خوڵقاندوە.

لەیلا قاسم ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە دەڤەری خانەقین لە دایک بووە. ساڵی ١٩٥٨ لە خانەقین چوەتە بەر خۆێندن.

قوناخەکانی سەرەتایی و دواناوەندی لەو شارەدا تەواو کردوە. دواتر ساڵی ١٩٧١ لە زانکۆی بەغداد لە بەشی کومەڵناسیدا وەرگیراوە.

لەیلا قاسم بەرانبەر بە پرسی نەتەوەکەی هەستیار بووە. لە ساڵی ١٩٧٠ بەشداری ڕیزی یەکیەتی قوتابیانی کوردستان دەبێ.

لەو سەردەمەدا ژن بەشداری کار و خەباتی رۆژانەی شەقام و بەتایبەت سیاسەت نەدەبوو. لەیلا قاسم وەک پێشەنگی شکاندنی بەربەستە باوەکان شان بە شانی کوڕە قوتابیەکان لە ڕێپێوان و چالاکیەکانی ڕۆژانەدا بەشدار دەبوو. ژنگە شۆڕشگێڕ لەیلا قاسم لە لایەک ببوە جێگەی سەرنجی کۆمەڵگا و لەلایەکی تر ببووە چقڵی چاوی داگیرەکەرەکانی ئەو کاتی باشوری کوردستان.

لەیلا قاسم بۆ ماوەیەک چووە چیاکانی کوردستان و بە کردەوە شێوەی ژیانی پێشمەرگایەتی تەجروبە کرد.

ساڵی ١٩٧٤ شەڕ لە نێوان ئەرتەشی داگیرکەری عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستیپێکردەوە. لەیلا قاسم و هەڤاڵەکانی بڕیاریان دا لە شارا بمێننەوە و درێژەیان بە تێکۆشانی خۆیان دا.

دەزگای هەواڵگری عێراق گوشارەکانی لەسەر چالاکانی سیاسی چڕ کردەوە. شەپۆلێکی بەرفروانی دەستگیرکردنی دەست پیکرد. لە ئەنجاما ڕۆژی ٢٨-مانگی مانی ساڵی١٩٧٤ لەیلا قاسم و چۆار هەڤاڵی بە ناوی جەواد هەمەوەندی، نەریمان فواد، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سڵێمان میران دەستگیر کران. دوای دوو حەفتە بە بێ لێکوڵینەوە و تەنیا لەبەر کورد بون و ئازادیخوازی حوکمی هەڵواسینیان بۆ دەر کرا. لە ١٢ی مانگی ساڵی ١٩٧٤ هەر پێنج کەس لە سێدارە دران. هەڤاڵی لە سێدارەدانی ئەو تێكۆشەرانە لە ڕۆژنامە و ڕادیو و تەلەفزیونی فەرمی دەوڵەتی عێراقدا بڵاوکرایەوە.

لەیلا قاسم بە هەڵویستە بەرزەکانی بە نەترسی و جەسارەت و فیداکاریەکانی ببوە جێگەی باسی هەموو کۆمەڵگا و خەڵک بە تاسە و تامەزرۆیەوە باسیان دەکرد و هیستاش باسی دەکەن و بە نەمری ماوەتەوە.

لە کاتی لەسێدارەدانا لەیلا قاسم بە جەلادەکانی وتبوو: بە کوشتنی من هەزاران کورد لە خەونی نەزانی وەشیار دەبنەوە. زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانی خۆم فیدای ڕزگاری کوردستان دەکەم.

وەشانی ڕاستەوخۆ