هاکان فیدان سەرۆکی میت سەردانی لیبیای کردووە

هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ڕژیمی تورکیە ناسراو بە میت بۆ جێبەجێ کردنی پیلانێکی نوێی ئەو ڕژیمە بە دزییەوە چووەتە لیبی. ئامانجی سەرۆکی میت لەو سەردانە ئەوە بووە بیانوو بۆ دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕژیمی تورکیا لە لیبی ببینێتەوە.


بەپێی زانیارییەکان هاکان فیدان سەرۆکی میتی تورکیا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەنهێنی سەردانی لیبیای کردووە و پیلانی بۆ دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی تورکیا لە لیبیا داڕشتووە.

سەردانی سەرۆکی میت بۆ لیبیا دوای ئەوە هاتووە کە هێزەکانی حکوومەتی ویفاق سەرەڕای گواستنەوەی هەزاران چەتەی بەکرێگیراوی سووری بۆ لیبیا نەیانوانی ئامانجەکانی ڕژیمی تورکیا بپێکێت. ئەمەش ئەردۆغانی ناچار کردووە بیر لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە لیبیا بکاتەوە.

بە تایبەت دوای ئەوەی هێرشەکانی حکوومەتی ویفاق و چەتەکان بۆ داگیرکردنی شاری ستراتیژیکی “تەرهوونە” لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تەرابلۆس پایتەختی لیبیا شکستی هێنا، ڕژیمی تورکیا کۆمەڵێ پیلانی نوێی داڕشتووە.

دوای شکستی هێرش بۆسەر شاری تەڕهوونە، چەند ڕووداوی گوماناوی لە تەرابلۆس هاتنە ئاراوە کە گومانی ئەوە دەکرێت پەیوەندیی بە سەردانە نهێنییەکەی هاکان فیدان و پیلانی نوێی ڕژیمی تورکیاوە هەبێت.


یەکێ لەو ڕووداوانە هێرشی مووشەکی بۆسەر باڵیۆزخانەکانی تورکیا و لیبیا لە تەرابلۆس بوو کە هەفتەی ڕابردوو ڕوویدا.

حکوومەتی ویفاق کە لەلایەن تورکیا، قەتەر و ئیتالیاوە پشتگیری دەکرێت سوپای نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی خەڵیفە حەفتەری بە ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی بۆسەر باڵیۆزخانەکان تۆمەتبار کرد. وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی تورکیاش یەکسەر دوای ڕووداوەکە هاتە سەر خەت و ڕایگەیاند کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەکەمان ئەوا ڕاستەوخۆ هێزەکانی حەفتەر دەکەینە ئامانج. 

بەڵام گوتەبێژی سوپای نیشتمانی هەر زوو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانە پەیوەندیی بەوانەوە نەبووە.


ڕووداوێکی تریش کە گومان دەکرێت پەیوەندیی بە سەردانەکەی هاکان فیدانەوە هەبێت، کوژرانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی حکوومەتی ویفاق لە تەرابلۆس بوو.

لایەنگرانی حکوومەتی ویفاق دەڵێن ئەلتەهامی بە جەڵتەی دڵ مردووە. بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە عەرەبییەکان لەلایەن میلیشیاکانی حکوومەتی ویفاقەوە رفێندراوە و دواتر کوژراوە.

دوابەدوای کوژرانی ئەلتەهامی بەرپرسێکی سەربازیی ئەلقاعیدە بووەتە ئەندامی ژووری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تەرابلۆس. دەگوترێت ئەرکدارکردنی ئەو بەرپرسەی ئەلقاعیدە کە ماوەیەکی زۆر لە تورکیا ژیاوە، لەژێر گوشاری ئەنکەرەدا بووە تا پیلانەکانی داهاتووی میت لە تەرابلۆس جێبەجێ بکات.

بەباوەڕی چاودێران ئەو دوو ڕووداوە لە لایەن هاکان فیدانەوە پیلانی بۆ داڕێژڕاوە. ئامانجیشی ئەوە بووە بیانوو بۆ دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە لیبیا ببینێتەوە.

واتە هەمان ئەو پیلانەی کە هاکان فیدان ساڵی ساڵی ٢٠١٤ بەنیازبوو لە سووریا جێبەجێی بکات. بەپێی تۆمارێکی دەنگی کە دەرکەوتۆتە دەرەوە، هاکان فیدان لەو ساڵەدا گوتوویەتی ئێمە ئەتوانین بیانووی دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا ببینینەوە. دەتوانی کەسانێک بنێرینە سووریا تا لەوێوە چەند مووشەک ئاراستەی خاکی تورکیا بکەن. بەمشێوە ئیتر بیانووی ئۆپەراسیۆنی سەربازی فەراهەم دەبێت.

وەشانی ڕاستەوخۆ