کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: زمانی کوردی هەبوون و ناسنامەی گەلی کوردە

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی رۆژی زمانی کوردی ئاماژە بە مەترسیەکان لە سەر زمانی کوردی و بانگەوازی بۆ پاراستنی دەکات.


کونگرەی نەتەوەیی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٦دا ڕۆژانی ١٤، ١٥ و ١٦ی مانگی مای وەکوو ڕۆژی زمانی کوردی دیاری کردووە. 

بەوبۆنەیەوە کۆمیسیۆنی زمان، کەلتور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ڕایدەگەینێت: سەدان ساڵە گەلی کورد لە پێناو مانەوە و هەبوونی خۆی و زمانەکەیدا تێدەکۆشێت. لەو تێکۆشاندا سەنگەری پاراستنی زمان لە بەرەی هەرە پێشەوەی پاراستنی ناسنامەی گەلی کوردایە. داگیرکەران بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد بە لەناوبردنی زمانەکەی دەستیان پێکردووە.

ئەو هەوڵانە بە تێکۆشانی بزاڤی ئازادیخوازی کوردستان، دایکانی کورد و دڵسۆزانی زمانی کوردی پووچەڵکرایەوە.
زمانی کوردی لە هەلومەرجێکی دژواردا توانی هەبونی خۆی بپارێزی.  گەلی کورد توانی بە پاراستنی زمانەکەی هەبوونی خۆی بپارێزێت.

کەنەکە وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی کوردی ڕایدەگەینێت: مەترسی تواندنەوەی زمانی کوردی لە ئارادایە. زمانی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە یاساکانی دەوڵەتانی تورکیە، ئێران و سووریە دانی پێدا نەنراوە. لەو بەشانەی کوردستاندا زمانی کوردی لە بەردەم هەڕەشەدایە.

پێوێستە گەلەکەمان بە هەستیاری و بەرپرسیارەتیەوە بۆ پاراستنی زمانی کوردی هاوئاهەنگ بن. دەبێت گەلی کورد لە هەموو بوارەکانی ژیاندا زمانی کوردی پێشبخەن.

کەنەکە جێگیربوونی زمانی کوردی لە باشووری کوردستان و عێراقدا بە ئەرێنی دەزانێت و بۆ ئەوەی کە زمانی کوردی لە سیستمی پەروەردە و خوێندنی تورکیە، ئێران و سووریە دانی پێدابنرێت بە دروشمی “زمانمان هەبوون و ناسنامەمانە” تێکۆشان بۆ چەسپاندنی مافی پەروەردە و خوێندن بە کوردی چڕ بکرێتەوە.

کەنەکە رایدەگەینێت: لەلایەک داگیرکەران زمانی کوردی ئاستەنگ دەکەن. لەلایەکی تر کوردان خۆشیان گرینگی پێویست بە زمانەکەیان نادەن. 

کەنەکە لە درێژەدا رەخنە لە گەلی کورد دەگرێت و دەستینشانی دەکات: گەلی کورد دەرفەتی بەکار‌هێنان و بەرەوپێشبردنی زمانەکەیان بەرتەسک دەکەنەوە.

پێویستە ڕێگە نەدەین کە پیلانی سڕینەوەی زمانی کوردی سەربگرێت. دەبێت گەلی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەیان یەکدەنگ و یەکدڵ و یەک هەڵوێست بن.

وەشانی ڕاستەوخۆ