سەبری ئۆک: فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە تێکچووە

سەبری ئۆک ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان،کەجەکە دەڵی هێرش و پەلامارەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر گڵکۆی شەهیدان نیشانەی ئەوپەڕی ترس و لاوازیی ئەو ڕژیمەیە. چونکە پێشتر دەیانگوت کوردی باش کوردی مردووە، بەڵام ئێستا تەنانەت لە کوردی مردووش دەترسن.

سەبری ئۆک ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە گفتوگۆیەکدا شڕۆڤەی بۆ شپرزەیی ڕژیمی تورکیا و ڕەوشی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و هەروەها هێرشەکانی فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە کرد.

سەبری ئۆک کە لەگەڵ بەرنامەی “ڕۆژەڤا وڵات”ی تەلەفزیۆنی ستێرک قسەی دەکرد، ئاماژەی بەوە دا کە ئاکەپەش وەک هەموو دیکتاتۆرەکانی تر سەرەتا بە کۆمەڵێ بەڵێنی درۆ، چەواشەکاری و فریودان گەیشتە سەر دەسەڵات. بەڵام لەگەڵ بەردەوامیی دەسەڵاتەکەیدا ڕووی فاشیستی و پاوانخوازیی ئەو پارتە وردە وردە بۆ خەڵک ئاشکرا بووە. 

سەبری ئۆک گەورەترین ئاوانتاژی ئاکەپە و هۆکاری سەرەکیی ئەوەی کە هەژدە ساڵە لەسەر دەسەڵاتە بۆ لاوازیی یان نەبوونی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا گەڕاندەوە. بەڵام هاوکات جەختیشی کردەوە کە تەمەنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاکەپە-مەهەپە وەکوو هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی ترە و دریژخایەن نابێت. بەتایبەت ئێستا کە هەم لە ڕووی ئابوورییەوە ئیفلاسی کردووە و هەمیش لە ڕووی سیاسییەوە درۆ و دەلەسەکانی ئاشکرابووە، کەوتۆتە دۆخێکی تەواو شپرزەوە.

سەبری ئۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێرشی ڕژیمی تورکیا بۆسەر گڵکۆی شەهیدان لە باکووری کوردستانی وەک نموونەیەکی ئاشکرای لاوازیی و تێکچوونی ئاکەپە هێنایەوە. سەبری ئۆک گوتی ڕژیم ئەگەر باوەڕی بەخۆی بووایە، بە پێویستی نەدەزانی ڕەفتارێکی تا ئەو ئاستە هۆڤانە نیشان بدات. پێشتر دەیانگوت کوردی باش کوردی مردووە، ئێستا ئیتر لە کوردی مردووش دەترسن و قبووڵی ناکەن. ئەو ڕەفتارە هۆڤانەی ئاکەپە لەڕاستیدا نەک لە بەهێزییەوە بەڵکوو لە ترس و لاوازییەوە دێت.

ئەندامی کۆنسەی کەجەکە لەبەرامبەر ئەو ئاستە لە دڕەندەیی و هۆڤێتیی ڕژیمدا داوای لە گەلانی تورکیا چ کورد و چ تورک کرد کە تێکۆشانی خۆیان بەهێزتر بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. گوتی ئەگەر جڤاک لە ڕووی سیاسییەوە خۆی بە ڕیکخستن بکات و ڕۆڵ بگێڕێت، ئاکەپە چیدی لەسەر پێیان نامێنێت.

سەبری ئۆک سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە ئەگەری ڕوودانی کوودەتایەکی تر لە تورکیا یانیش هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، گوتی کە ئەو دەنگۆیانە دەسکردی خودی ئاکەپەیە. ئەردۆغان خۆی ئەو مژارانە دەکاتە ڕۆژەڤ و بەوشیوەیە کۆمەڵگە سەرقاڵ دەکات. وەک ڕێبەر ئاپۆش پێشتر ئاماژەی پێ داوە ئاکەپە تواو خۆی تەسلیمی ئەرگەنەکۆن کردووە. ئیتر کوودەتا پێویست ناکات. ئەوەش دەزانن کە ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن ئەو کورسیانەی ئێستا ناهێننەوە. بۆیە مژاری وەک کوودەتا یان هەڵبژاردنی پێشوەختە مژاری ساختەن و خودی ئاکەپە دەیکاتە ڕۆژەڤ.

لەو ڕووەوە سەبری ئۆک سەرهەڵدانی گەلانی تورکیای وەک چارەسەری ڕاستەقینەی ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە ناو برد و جارێکی جەختی لەسەر کردەوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ