جەواد بەیزانی: بۆچوونەکانی ئۆجالان شیاوترین بژاردەن بۆ ناوچەکە

دکتۆر جەواد بەیزانی، لێکۆڵەر و بەرپرسی پەیمانگای عێراقی بۆ توێژینەوەی کوردی پێیوایە، بۆچوونەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد ڕەنگە لای هەندێک ناڕوون و ناکۆک بێت لەگەڵ زمانی ئێستا، بەڵام شیاوترین و زۆرترین گرنگییان هەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی.


لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا کە لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز ئەنجامیداوە، دکتۆر جەواد بەیزانی بەرپرسی پەیمانگای عێراقی بۆ توێژینەوەی کوردی، کە هەمان کات مامۆستای بەشی مێژووە لە زانکۆ، باس لە گرنگی بۆچوون و تێزەکانی ئۆجالان دەکات بۆ پێکەوە ژیانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەو لێکۆڵەرە عێراقییە باس لەوە دەکات، بەڕێز ئۆجالان حەقی تەواوی پێ نەدراوە، هەرچەندە لە سەرەتاشەوە داوای دەوڵەت نەتەوەی دەرکرد، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنی زیاتر لە دۆزی کورد، تێگەیشت کە دەوڵەت نەتەوە بۆ کورد پێکنایەت.

هەروەها دەڵێت ڕێبەی گەلی کورد دوای لێکۆڵینەوەی لە پێکەوەژیانی گەلان، لە لیکۆڵینەوەی مێژووشدا گەیشتە ئەو ڕاستیەی کە گەلان ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لەو پێکەوەژیانە و بەدەر لەوە سیستمی زۆرینە و کەمینە دێتە ئاراوە، بەڵام لەناو زۆربەی گەلاندا چینی کەمینە زۆرینەی کۆمەڵگایان پێکهێناوە، واتە دەسەڵات لە دەستی کەمینەدایە، هەر ئەوەش وایکردووە دەوڵەتی نەتەوە دژوار پێکبێت و لەبری ئەوە تیۆریەی نەتەوەی دیموکرات دەکرێت وا لە کۆمەڵگا بکات ڕێکبکەون لەسەر ئیدارەدانی خۆیان بەشێوەیەکی هاوبەش لەگەڵ پێکەوەژیانی گەلان.

بەپێی بۆچوونی بەیزانی، دەسەڵات بەمانای نەتەوە یان دین پێکنایەت، چونکە کۆمەڵگا هەمە جیاواز و هەمە ڕەنگە و بڕیاردانیش لەڕێگەی ئەنجومەنی گوندەکانەوە دەستپێدەکات بۆ ئەنجوومەنە باڵاکان بۆ بەڕێوەبردنی جوگرافیایەکی فراوانتر.

ئەو مامۆستای زانکۆیە پێیوایە ئەو تیۆریەی ڕێبەر ئۆجالان ڕەنگە کۆک نەبێت لەگەڵ زمانی سەردەم یان ڕوون نەبێت، بەڵام باشترین و زۆرترین گرنگی تێدایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، بەڵام بەداخەوە ئەم تیۆرییە بە دروستی جێی خۆی نەکردووەتەوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ