کەنەکە: ئەوەی داعش لە باشور بۆی نەکرا تورکیا دەیەوێت بیکات

کەنەکە ڕایگەیاند، لە مێژووی دەوڵەتانی داگیرکەردا هیچ کاتێک وەک ئێستا لە قەیراندا نەبوون و ئەوەی دەیکەن دژی کورد نیشانەی دۆڕانی خۆیانە، داوای یەکدەنگیش لە هەمووان دەکەن، هەروەها ڕایدەگەیەنن: ئەوەی داعش نەیتوانی لە باشوری کوردستان بیکات، دەوڵەتی تورکیا بەنیازە بە ئەنجامی بگەیێنێت.


دەربارەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیان لە بادینان و سەرهەڵدانی گەل لە بەرامبەریدا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەوەی داعش نەیتوانی لە باشوری کوردستان بیکات، دەوڵەتی تورکیا بەنیازە بە ئەنجامی بگەیێنێت، “هەر لە زووەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ لەناوبردنی دەستکەوت و سەروەریەکانی خەڵکی کوردستان لە هەوڵداندایە، بە هەموو توانا و مێتۆدە دوژمنکارییەکانی، زەمینە و ئاسانکاری بۆ کۆنتڕۆڵکردن و داگیرکردنی باشوری کوردستان ئەکات، سەرەتا بە هاتنە ناوەوەی سەربازی و دانانی مۆڵگە لەشکرییەکان و داکوتانی دەزگا جاسووسی سیخوڕیەکانیەکانی دەستی پێکرد، دواتر دەستەمۆکردنی ژیانی ئابوری و دەستێوەردانی جومگەکانی پەروەردە و رۆشنبیریی، لە رێگای مێدیاکانی خۆی و سێبەرەکانیەوە”.

کەنەکە باسی لە هەوڵە داگیرکاریی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان کردووە و ئاماژەی بە شەهیدبوونی شەش هاوڵاتی لە ١٩ی ئەم مانگەدا کردووە، ڕاشیگەیاندووە: ئێمە وێڕای ئەوەی سەرخۆشی خۆمان بە بنەماڵەی ئەو شەهیدە سەربەرزانە رادەگەیێنین، تیرۆر و شۆڤینیی دەوڵەتی تورکیا مەحکوم و شەرمەزار دەکەین.

کەنەکە لە پەیامەکەدا بانگەوازیی لە “گەلەکەمان، هێزە سیاسییەکان و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین، کە بە تێکڕا لە بەرامبەر ئەو تاوان و دەستدرێژیی و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا هەڵوێست وەرگرن و شەرمەزاری بکەن، لە هەمان کاتدا بانگ لە هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی دەستەڵاتی باشوری کوردستان دەکەین ئەرکی مێژوویی خۆیان لەبەرامبەر ڤاشیزم و داگیرکاریی حکومەتی ئاکپارتی تورکیا بگەیەننە جێ و بێ دەنگ نەبن، ئەگەر نا گەلی کوردستان و مێژوو بێدەنگی و بێ هەڵوێستیتان دەخاتە ژێر پرسیارەوە”.

کەنەکە ڕاشیگەیاندووە، نابێت دەزگا ئەمنییەکان ناڕەزاییەکانی شەرمەزارکردنی دەوڵەتی تورک ئاستەنگ بکەن و ڕێگرییان لێبکەن.

بە پێی بەیاننامەکەی کەنەکە، لە مێژووی سەدساڵەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستاندا هیچ کاتێک وەک ئەمڕۆ دەوڵەتانی داگیرکەر لەناو قەیران و لاوازیدا نەبوون، هەروەها ڕایانگەیاندووە: هەر بۆیەشە ئەو رەفتارانەی کە لە بەرامبەر بە گەلەکەمان و دەستکەوتەکانمان دەیکەن، هێمای پەلەقاژەیی و دۆڕاندی دیپلۆماسی و ناوخۆییانە، سەنگیی مەحەکی سەرکەوتنی ئیرادەی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان بڕوابوونە بە هێزی لەبن نەهاتوو و  فیداکاری خەڵکی کوردستان و هێزە نشتیمان پەروەرەکانی، یەکێتی و یەکسەنگەریی هێزی چەکدار و هێزی جەماوەر و هێزی دیپلۆماسی لە یەک سەنگەری بەرخۆدان و بەرەنگاری دوژمنکاران، زامنی گەیشتنی رۆژی سەرفرازی و ئازادی کوردستانە.

وەشانی ڕاستەوخۆ