موراد قەرەیلان: “ئێمە فەدایی گەلی کوردین و بەڵێنمان داوە کوردستان بپارێزین”

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل نەپەگە ڕایگەیاند کە پیلان و ستراتیژیی شاراوەی ڕژیمی داگیرکەری تورکیا گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی “میساقی میللیە”. هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەوان وەکوو گەریلاکانی ئازادی، فەدایی گەلی کوردن و بەڵێنیان داوە خاکی کورستان لەدژی داگیرکاریی بپارێزن.

موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی “ناوەندی پاراستنی گەل”، نەپەگە، لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تی.ڤیدا هەڵسەنگاندنی بۆ ڕووداوەکانی ئەمدواییەی کوردستان و بەتایبەت پەلامارەکانی ڕژیمی تورکیا کرد.

فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە سەرەتا شەهیدبوونی قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستانی بەبیر هێنایەوە. قەرەیلان گوتی: قاسم ئەنگین لە زانکۆکانی ئەورووپا خوێندکاری کۆمپیۆتەر بوو. بەڵام دەستی لێ بەردا و بۆ خزمەتکردن بە گەلەکەی هاتە چیاکانی کوردستان. ٣٥ ساڵ لە هەموو بوارەکاندا خەباتی کرد. دەیتوانی چەندین ساڵی تریش خەبات بکات.

فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە سەبارەت هەڕەشەکانی ڕژیمی تورکیا لە ڕۆژئاڤای کوردستان بەتایبەت لە کاتێکدا کە هەوڵی یەکێتیی نێوان لایەنە کوردییەکان دەدرێت، گوتی: ڕژیمی تورکیا بە ئاشکرا هەڕەشە لە هەر لایەنێک دەکات کە هەوڵ بۆ ئەو یەکێتییە بدات.

قەرەیلان هەروەها ئاشکرای کرد کە پەلامارەکانی ڕژیمی تورکیا بە ڕواڵەت بۆ درووستکردنی هەرێمی تامپۆن لە باشووری کوردستانە. بەڵام لە ڕاستیدا ستراتیژیی شاراوەی ڕژیم لەناوبردنی قەوارەکانی باشوور و ڕۆژئاڤای کوردستان و گەیشتن بە سنوورەکانی “میساقی میللیە”

فەرماندەی نەپەگە لەو بابەتەدا ڕەخنەی لە بێدەنگی و بێهەڵوێستیی کاربەدەستانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر ئەو داگیرکاریانە گرت.

فەرماندەی بریارگەی ناوەندی پاراستنی گەل سەبارەت هێرشەکانی ڕژیم بۆسەر هەرێمی حەفتانین گوتی کە ئێستا لە حەفتانین بەرخۆدانێکی مێژوویی بەڕێوە دەچێت. بەرخۆدانێکە لەدژی سیاسەتی داگیرکاریی ڕژیم لە باشووری کوردستان و لەوبابەتەدا هەموو گەریلا بڕیاری خۆیان داوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ