ئامەد شاهۆ: رژیمی ئێران لە ناو قەیرانەکاندا تل‌دەخواتەوە

ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلسی پەژاک لە بابەتێکدا لە گۆڤاری ئاڵترناتیڤ قەیرانەکانی رژیمی ئێران تاوتوێ کردووە. ئامەد شاهۆ جەخت دەکاتەوە کە رژیمی ئێران بە شەڕەنگێزیەکانی لە ناوچەکە قەیرانەکانی قووڵ تر کردوتەوە و بەرەو لێواری مەرگ شۆڕبوتەوە.

کۆنگرەی شەشەمی پەژاک لە ١٠ و ١١ی مارسی ٢٠٢٠ لە هەلومەرجێکی تایبەت لە چیاکانی کوردستان بەسترا.
ئامەد شاهۆ ئەندامی مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک هەلومەرجی کاتی بەستنی کۆنگرە وەبیردێنێتەوە و ڕایدەگەینێت:

رژێمی داگیرکەری ئێران بە بیانووی کۆرۆنا دەیەوێت چەکەرەی ئازادی لە کۆمەڵگا ریشەکێش بکات. کۆمەڵگابوون و رێکخستن بوونی کۆمەڵگا تێکدەدات. کۆمەڵگا بەرەو بێکاری دەبات. کۆمەڵگا مۆحتاجی خۆ دەکات. گەل لە ئافرێنەری و بەرهەم هێنان دوور دەخاتەوە. ئەو رژیمە داگیرکەرە کورۆنا وەک دەرفەتێکی خۆرێکخستن کردن و نووژەن کردنەوەی دەزگاکانی کەڵک وەردەگرێت.

لە درێژەدا ئامەد شاهۆ ئاماژە بە هەلومەرجی زیندانیانی سیاسی دەکات و دەنووسێت: رژێمی داگیرکەری ئێران گیراوانی سیاسی وەک بارمتەیەک لە دژی گەلانی ئازادیخوازی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد بە کار دەبات. گیراوانی سیاسی نوێنەرایەتی ناسنامەی گەل و کۆمەڵگا دەکەن. لە هەمبەردا گەل و کۆمەڵگا خاوەندارێتی لە ناسنامەی سیاسی خۆیان دەکەن.

ئامەد شاهۆ سەبارەت بە ئاڵترناتیڤی پەژاک بۆ چارەسەری نووسیویە: تاکە کلیلی چارەسەری ئەو دۆخە ئالۆزە، بەرپاکردنی شۆڕشی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان و دیمۆکراتیزە کردنی ئێرانە. ئەمڕۆ پەژاک ئەو تێکۆشانە بە نرخ و پیرۆزەی لە ئەستۆ گرتووە. پەژاک لە پێناو بونیادنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک، ئیستراتیژی خۆی لە کۆنگرەی شەشەمدا لە سەر سێ خاڵی سەرەکی دامەزراندووە.

یەکەم: گەشەپێدانی سیاسەتی دیمۆکراتیک،
دووهەم: بەرەو پێشبردنی یەکێتی و یەکڕیزی نەتەوەیی
سێهەم: یەکگرتوویی دیمۆکراتیک لە گەڵ گەلانی ئێران

ئامەد شاهۆ دەستنیشانی دەکات: یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد تەوەری سەرەکی تێکۆشانی پەژاکە. بۆیە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەرامبەر ‌هێرشی داگیرکەران لە سەر گەلی کورد، چ ئەرک و بەرپرسیارێتی بکەوێتە سەر شانی ئامادەی جێبەجێ کردنیەتی.

لەو چوارچێوەیەدا پەژاک خۆی بەرپرسی بەئەنجام‌گەیاندنی پرۆژەی یەکێتی نەتەوەیی لە کوردستان دەزانێ.

هەروەها لە پێناو یەکگرتن و یەکڕیزی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هاوتەریب لە گەڵ پارتە سیاسیەکان، سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و سەرجەم کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان ئامادەی کار و خەباتە. بۆ بەشداری سەرجەم هێز و لایەنەکان بە مەبەستی درووست کردنی هێزێکی یەکانگیر، بە توانا و کارامە بێوچان تێدەکۆشیت. ئەو تێکۆشانەی پەژاک بێگومان هیوای گەلی کورد گەشاوەتر دەکات و ئازادی و دیمۆکراسی مسۆگەر دەکات.

وەشانی ڕاستەوخۆ