زیلان ڤەژین: گەلانی ئێران توانای دامەزراندنی کۆنفدڕاڵیسمی دیموکراتیکەیان هەیە

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک دەستنیشانی دەکات کە بەستێنێکی لەبار بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەیە. زیلان ڤەژین پێداگری پەژاک لە سەر سیاسەتی هێڵی سێهەم دووپات دەکاتەوە دەستنیشانی دەکات ڕژیمی ئێران هیچ چارەسەریەکی پێ‌نیە.

زیلان ڤەژین هاوسەرۆکی پەژاک لە سەرەتای گوتوبێژێکدا لە گەڵ گۆڤاری ئاڵترناتیڤ ئاماژە بە جۆراوجۆری کەلتوری و ئیتنیکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و رایدەگەینێت: جۆراوجۆری و دەوڵەمەندی کەلتووری دەبێتە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگا. ئامانجی سیاسەتی دیموکراتیک دیموکراتیزەکردنی سیستمە بۆ ئەوەی گەل بەڕێوەبەریەکی دیموکراتیک هەڵبژێردرێت.

ئەگەر رژیمی ئێران روو لە گۆڕانی بنەڕەتی نەکات ئەوە چارەنووسی هەڵوەشاندنەوەیە. بۆ دەرچوون لە قەیرانەکانی ئێستا تەنیا رێگا چارە سیاسەتی دیموکراتیکە. کۆمەلگا داخوازی بۆ دیموکراسی و ئازادی هەیە و ئامانجی تێکۆشانی ئێمەش لەو چوارچێوەیەدایە.

لە درێژەی گوتوبێژەکەدا زیلان ڤەژین جەختی لە سەر سیاسەتی پەژاک بۆ یەکیەتی نەتەوەیی کردەوە و رایگەیاند: هەموو پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن بەهای هاوبەشن. لە هەمبەر یەک زیهنیەت و یەک دوژمن تێدەکۆشن و لەو ڕێگاشدا شەهیدان پێشکەش کردووە. بەڵام ئێستا لە بەرامبەر رژیمی ئێرانا هەڵوێستێکی هاوبەشیان نیە.
دوژمنانی گەلی کورد بۆ پێکهێنانی پلانەکانیان پێویستیان بە گەلی کورد هەیە. بەڵام دەستوردانی دەرەکی کێشەی گەلان لە ئێران چارەسەر ناکات. دەستوردانی زلهێزەکان کێشەکانی قووڵتر کردووە. ئامانجی زلهێزەکان دامەزراندنی دیموکراسی نیە و بەڵکوو دەیناوێت دەسەڵاتیان لە ناوچەکە بسەپێنن. ئاکامی ئەو سیاسەتە ئاوارەیی و کوشتوبڕی خەڵکی بێتاوانە.

زیلان ڤەژین پێداگری پەژاک لە سەر هێڵی سێهەم دووبارەدەکاتەوە و ئەو ستراتژیە وەها شرۆڤە دەکات: هێڵی سێهەم سیاسەتێکی بە جێگە و ڕێگەیە. واتەی ئەو ستراتژیە ئەوەیە کە لە بەرەی هیچکام لە دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکە و زلهێزە جێهانیەکان جێگە نەگریت. هێڵی سێهەم پێشکەوتنی سیاسەتی دیموکراتیک و پشتبەستن بە داخوازی گەل و هێزە گەلییەکان بە بنەما دەگرێت.

زیلان ڤەژین لە درێژەی گوتوبێژەکەدا رایدەگەینێت: گەر چاوەڕوانی ئەوە بین کە دەوڵەتی ئێران بۆ گەلی کورد و گەلانی تری ئێران رێگاچارەیەک ببینێتەوە ئەوە بە هەڵە رۆیشتووین. وەکوو پەژاک هەموو کات بەستێنی تێكۆشانمان خولقاندووە و بۆ وەدیهاتنی پڕۆژەکانمان تێکۆشاوین. بە پێچەوانەی ڕژیمی ئێران کە جۆراوجۆری کەلتووری و ئیتنیکی بە هەڕەشە لە سەر خۆی دەزانێت، ئەو یەکە بە دەرفەتێک بۆ تێکۆشانی دیموکراتیزە کردنی ئێران دەزانین. نەتەوەی دیموکراتیک بە واتای دانپێنان و خۆبەڕێوەبەری ئەو جۆراوجۆریەیە. لە کۆنفدڕاڵیسمی دیموکراتیک هەموو ناسنامە جیاوازەکان بە تایبەتمەندیەکانیانەوە دەتوانن ژیانێکی بێکێشەیان پێکەوە هەبێت.سەرەڕای هەموو گوشارەکانی رژیمی ئێران هەلومەرجێکی لە بار بۆ دامەزراندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە ئێراندا هەیە. گەلانی ئێران لێهاتووی پێویستیان بۆ پێکهێنانی ئەو سیستمەیان هەیە.


لە کۆتایی گوتوبێژەکەدا زیلان ڤەژین دەستنیشانی دەکات کە لە ١٦هەمین ساڵیادی تێکۆشانی پەژاکدا لە لایەک هێرشەکانی دژ بە گەلی کورد چڕبوونەتەوە لە لایەکی تر کورد بوتە هێزێکی یەک لایی کەرەوە لە ململانێیە ناوچەیەکان. پەژاک وەکوو هێزێکی کاریگەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستکەوتی پڕبەهای تۆمار کردووە و جێگەیەکی بەرچاوی لە ناو کۆمەڵانی خەڵکدا وەدەست هێناوە.

وەشانی ڕاستەوخۆ