دڵخواز چەولک ١٤ ساڵ لەمەوبەر لە کۆساڵان گیانی بۆ یەکیەتی و ئازادی کوردستان بەختکرد

لە شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستاندا چەندین تێکۆشەر لە پارچەکانی تری وڵات بە گیانبەختکردنیان هەموو سنوورە دەستکردەکانیان بێواتا کردووە.

یەکێک لەوانە موحەمەدعەلی ئالگونەرخان ناسراو بە دڵخواز چەولکە. ئەو تێکۆشەرەی ئازادی ١٤ ساڵ لەمەوبەر لە کۆساڵان گیانی بۆ یەکیەتی و ئازادی کوردستان بەختکرد.

لە ڕەوتی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی کوردان بۆ دامەزراندنی کۆمەلگایەکی ئازاد و دیموکراتیکدا هەزاران تێکۆشەر گیانیان بەختکردووە.

لە هەر چوار پارچەی کوردستان کوڕان و کچانی شۆڕشگێڕی کورد بێ ئەوەی کە جیاوازیەک لە ناوبەری پارچە، ناوچە، شار و گوندەکان دابنێن بۆ ئازادی گەلی کورد تێکۆشاون. ئەو تێکۆشەرانە هیچ سنوورێکی دەستکردیان پەسەند نەکردوە هەموو کۆسپ و لەمپەرێکیان تێپەڕاندووە.

یەکێک لەو تێکۆشەرانەی لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانا هەروا لە بەرزیدا ماوەتەوە، موحەمەدعەلی ئالگونەرخان ناسراو بە دڵخواز بینگوڵە.

موحەمەد عەلی ئالگونەرخان لە ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی سیمسۆر لە دەڤەری چەولک لە باکووری کوردستان لە دایک بووە.

بنەماڵەکەی لە کوردستانەوە کۆچبەردەکەن بۆ ئورووپا و لە وڵاتی فەڕانسە دەگیرسێنەوە.

موحەمەدعەلی هاوکات لە گەڵ گەشەکردنی تەمەن چەندین پرسیاری بۆ دێتە پێش. ژیان و سیستمی ئورووپای نابێتە هۆی ئەوەی کە زێد و وڵاتی لە بیربکات. ڕاستینەی مێژوو، کەلتوور و زمانی کوردان ئەو پرسیارانە بوون کە تەنیا بە لێگەڕینی حەقێقەت وڵام دەدرانەوە. بۆیە هەر لە ئوروپادا دەست بە تێکۆشانی ئازادی دەکات و بڕیار دەدات کە هەموو ژیانی لەو پێناوەدا دانێت. لە ساڵی ١٩٩١ بەشداری رێزی بەرخودان دەبێت.

لەو لاپەڕە نوێیەی ژیانی، ناسناوی دڵخواز هەڵدەبژێرێت و دڵخوازانە هەموو جۆرە ئەرکێکی شۆڕشگێڕی لە ئەستۆ دەگرێت. بۆ وەدێهنانی ئامانجەکانی بزاوتی ئاپۆیی چیا بە چیا ، گوند بە گوند و شار بە شاری کوردستان دەپێوێت.
دڵخواز چەولک بێ ئەوەی کە جیاوازیەک لە ناو پارچەکانی کوردستان دابنێت لە هەر چوارپارچەی کوردستان ئەرکی شۆڕشگێڕی بە سەرکەوتوویی پێکدێنێت.

لە موکریان و سنە و کرماشان هەتا تاران و خوراسان هەوڵی ڕاگەیاندنی فەلسەفەی ئاپۆیی بە گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەدا.لە پێناو وەدیهێنانی ئازادی و دابینکردنی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلاندا لە هیچ چەشنە فەداکاری و ئەرکێک ناپرینگێتەوە.

لە ماوەی تێپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕیدا لە تاران هەموو لایەنی زیهنیەتی داگیرکاری دەوڵەتی ئێران دەناسێت.

دواتر خۆی دەگەینێتە خوراسان. هەوڵی بەڕێکخستن کردنی ئەو کوردانە دەدات کە سەدان ساڵە لە کوردستان دوور خراونەتەوە. لە گەڵ جەوانان دەکەوێتە پەیوەندی و هەموو دەرفەتێک بۆ رێکخستنی جەوانان بەکاردێنێت. هیچ لەمپەرێک لە هەمبەر ئیرادەی بۆ تێکۆشانی ئازادی لە تاران و خوراسان بە ڕێگر نازانێت.

پێنج ساڵان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەکۆشێت. لە هەر ناوچەیەک کە بەرخودانی کردبێت هەوڵی فێربوونی زمان و کەلتووریانی داوە. لە هەر شوێنێک کە تێکۆشابێت هەوڵی ناساندنی بزاوتی ئازادی و فەلسەفەی رێبەر ئوجالانی داوە.

شەهید دڵخواز بینگوڵ هەتا دوایین چرکەی ژیانی بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی کرد.
لە ١٣ جوولای ٢٠٠٦دا لە چیاکانی کۆساڵان لە هەرێمی مەریوان لە تێکهەڵچوونێک لە گەڵ چەکدارانی رژیمی ئێران پەیوەست بوو بە کاروانی گیانبەختکردوانی ئازادی.

وەشانی ڕاستەوخۆ