له عەین عیسا شەڕڤانانی قەسەدە بەرپرچی پەلامارێکی دیکەی گرووپە چەتەکانیان دایەوە

سوپای داگیرکەری تورکیا و گرووپە چەتەکان بۆسەر ناوچەی عەین عیسا شەوی ڕابردووش وەک زۆربەی شەوانی ڕابردوو، پەلاماری عەین عیسا و جادەی ئێم.چواریان دا. بەڵام پەلامارەکە لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدەوە بەرپەرچ درایەوە.

گرووپە چەتەکان ئێوارەی ڕابردوو پەلاماری گوندی “جەهبەل” لە سێ کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی عەین عیسایان دا. لەو شوێنە شەڕێکی قورس هاتە ئاراوە و تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو . لە ئەنجامی وڵامدانەوەی شەڕڤانانی قەسەدەدا چەتەکان ناچار بە پاشەکشێ کران.
فەرماندەیەکی قەسەدە بە ئاژانسی دەنگوباسی هاواری ڕاگەیاندووە کە لەو شەڕەدا لانیکەم دوازدە چەتەی بەکرێگیراوی تورکیا کوژراون.
سوپای داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی لە ڕۆژی ١٨ی نۆڤەمبەرەوە هێرشەکانیان بۆسەر ناوچەی عەین عیسا چڕ کردووەتەوە. ئامانجی ئەو ڕژیمە و گرووپە چەتەکان ئەوەیە ڕێگەی ئێم چوار لەو ناوچەیە کۆنترۆڵ بکەن و پەیوەندیی کۆبانێ بە حەسەکەوە بپچڕێنن.
لەلایەکی دیکەوە پارتیێن یەکێتیی نیشتمانیی کورد، پەیەنەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا پەلامارەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر عەین عیسای شەرمەزار کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها ڕەخنەی توند لە بێهەوڵێستیی ڕووسیا و ئەمریکا گیراوە کە سەرەڕای ڕێککەوتنەکانی پێشوویان لەگەڵ ڕژیمی تورکیا، هیچ هەنگاوێکیان بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامارانە نەگرتووەتە بەر.

وەشانی ڕاستەوخۆ