هەواڵ

میلیتاریزەکردنی شارەکانی ڕۆژهەڵات لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە شاری بۆکانەوە تایبەت بە دەست تەلەفزیۆنی ئاریەن گەیشتووە، سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران هێزێکی زۆری لە بنکە و بارەگاکانی خۆی لەو شارە کۆ کردووەتەوە؛ هاوکات لە چەندین شاری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گواستنەوەی هێز و جبەخانەی هێزەکانی ڕژیم بۆ نا شارەکان بینراوە.

سەرچاوەیەک کە نەیوەیست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تەلەفزیۆنی ئاریەنی گوت کە لە دوانیوەڕۆی دوێنێ دووشەمەوە هێزێکی زۆر بۆ بنکەی سپای پاسداران لە گەڕەکی مەجبوورئاوای بۆکان گواستۆتەوە. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، کاتژمێر دووی دوانیوەی دوێنێ دوو ئۆتووبووس چەکدار لەگەڵ ١٣ ئۆتۆمبیل لە جۆرەکانی "سێ.ئێف"، پیکاب و ئامبوڵانس چوونەتە ناو بنکەکەوە. هەروەها نزیکەی کاتژمێرێک دواتریش جارێکی دیکە هێز و کەرەستەی سەربازیی تر بۆ ئەو بنکەیە گواستراونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەندێک دیمەن لەسەر پلاتفۆرمەکانی میدیای مەجازی بڵاو کراونەتەوە کە دەبیندرێت، هێزەکانی ڕژیمی ئێران هێز و کەرەستەی سەربازیی بۆ ناو شارەکانی ڕۆژهەڵات دەگوازنەوە. لە دیمەنەکێکدا کە لەناو شاری سەقز گیراوە، چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازی دەبیندرێن کە بە شەقامێکی ئەو شارەدا تێپەڕ دەبن و لە دیمەنێکی دیکەدا چەندین بارهەڵگر و ئۆتۆمبیلی سەربازی بەسەر جادەیەکدا بەرەو شار دەچن.

بەپێی زانیارییەکان جموجۆڵی هێزەکانی ڕژیم و گواستنەوەی چەک و چەکدار بۆ ناو شارەکانی مەهاباد، سنە، کرماشان و ئیلامیش بینراوە.

ئەم جموجۆڵەی چەکدارانی ڕژیمی ئێران تەنیا چەند ڕۆژ پێش دەست پێکردنی ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی "ژینا ئەمینی" لە دەستبەسەرگەی "گەشتی ئیرشاد" لە تاران دێت.

کوشتنی ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی "گەشتی ئیرشاد" سەرهەڵدانی بەرفروانی خەڵک لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی لێکەوتەوە و بووە چەخماخەی شۆڕشێک کە بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ناسراوە.

ڕژیمی ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە ترسی دەست پێکردنی شەپۆلێکی نوێی سەرهەڵدانەکان گوشارەکانی بۆسەر چالاکانی مەدەنی و بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر کردووە. لەو ماوەیەدا بە سەدان چالاکوانی مەدەنی و ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووان ڕاپێچی ناوەندە ئەمنییەکان کراون، خراونەتە زیندانەوە یان هەڕەشەیان لێکراوە.

هەفتەی ڕابردوو، شەش حیزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ یەکەمجار لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە سەرجەم چین و توێژەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە لە ساڵڕۆژی قەتڵی "ژینا ئەمینی"دا مانگرتنی گشتی ڕابگەیەنن و سەردانی گڵکۆی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بکەن.

ئەو بانگەوازە هاوبەشەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ترس و دڵەڕاوکێی زیاتری لای ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران درووست کردووە.

ئەو جموجۆڵە سەربازیانە هاوکات هەفتەیەک پێش ئەو وادەیە دێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بە گوتەی خۆی "چەکداماڵین"ی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی نیشتەجێی باشووری کوردستان بۆ حکوومەتی هەرێم و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دایناوە. دیار نییە داخۆ ئەم جموجۆڵە سەربازیانەی ناو شارەکانی ڕۆژهەڵات پەیوەندیی بەو هەڕەشە و گوڕەشانەی ڕژیم لە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانەوە هەیە یان نا.

ئێران داوای لە هەولێر و بەغدا کردووە کە دەبێ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕۆژی ١٩ی سێپتەمبر، ٢٨ی خەرمانان، چەک بکرێن و ئەندامەکانیان بۆ چەند کەمپێک لە دەوروبەری هەرێمی مووسڵ بگوازرێنەوە.

حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەم ساتەوەختە هەڕەشەکانی ڕژیمیان ڕەت کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئامادە نین چەک دابنێن.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە