هەواڵ

پەیامی ئەمەگناسی و پێزانینی شەش حزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات

شەش حزب و لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشتر لە بانگەوازێکی هاوبەشدا داوایان لە خەڵکی رۆژهەڵات کردبوو ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، بکەنە ڕۆژی مانگرتنی گشتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەدەنگەوە هاتنی ئەو بانگەوازەیان دەربڕیوە.

لە بەیاننامەکەدا کە شەوی ڕابردوو بڵاو کراوەتەوە، ڕوو لە "خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی کوردستان" هاتووە: "ئێوەی خەڵکی خەباتکاری کوردستان سەرەڕای میلیتاریزەکردنی پتری کوردستان و کۆی گوشار و هەڕەشەکانی ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم و هەموو ئەو ڕێکارە ئەمنییەتییانەی بۆ خنکاندنی دەنگ و هەناسەتان گرتبوویانە بەر، جارێکی دیکە بە مانگرتنی بەربڵاو و داخستنی دووکان و بازاڕەکان، یەکگرتووانە پەیامی خۆڕاگری و هاوخەباتیی خۆتان بەگوێی کۆماری ئیسلامیدا دایەوە."

ئەو شەش حیزبە سیاسییە کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکهاتوون، "ئه‌مه‌گناسیی" خۆیان له به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندووە.

جەختیشیان کردۆتەوە کە "ئەو دەسکەوتە سیاسییە نوێیە" دەکەنە "سەرمایەیەکی بەنرخ بۆ په‌ره‌پێدانی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و یه‌کڕیزیی کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی کوردستان."

ئەو شەش حزب و لایەنە سیاسییە هەروەها تەئکیدیان لەسەر یەکگرتوویی کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە: "ئەو مانگرتنە جارێکی دیکە نیشانی دا کە کوردستانی یەکگر و یەکڕیز هەروەها سەنگەری لەشکان‌نەهاتووی خەبات بۆ ئازادییە و بزووتنەوەی سیاسیی کورد هەڵگری ڕەسالەتێکی مێژووییە و هەتا وەدیهێنانی ئامانجە بەرزە مرۆییەکانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت."

دەقی ڕآگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:

خەڵکی مافخواز و ئازادیخوازی کوردستان!

‏ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ی خەرمانان ئێوەی خەڵکی سەربەرز و شۆڕشگێڕی کوردستان لە ورمێ، شنۆ، پیرانشار، ڕەبەت، سەردەشت، مەهاباد، بۆکان و سەقزەوە تا دەگاتە بانە، مەریوان، سنە، کامیاران، ڕوانسەر، دێولان، دیواندەرە، بیجاڕ، پاوە، کرماشان، ئیلام و کەنگاوەر بەگەرمی بە مانگرتنەکەتان بەپیل بانگەوازی شەش حیزبی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوون.

‏ئێوەی خەڵکی خەباتکاری کوردستان سەرەڕای میلیتاریزەکردنی پتری کوردستان و کۆی گوشار و هەڕەشەکانی ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم و هەموو ئەو ڕێکارە ئەمنییەتییانەی بۆ خنکاندنی دەنگ و هەناسەتان گرتبوویانە بەر، جارێکی دیکە بە مانگرتنی بەربڵاو و داخستنی دووکان و بازاڕەکان لە شار و شارەدێیەکان وێڕای مەحکوومکردنەوەی کوشتنی ژینا ئەمینی و تاوانەکانی دیکەی ڕێژیم لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) لە یەک‌ساڵی ڕابردوودا، هاوکات جینایەتەکانی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیم دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانتان ڕیسوا کردەوە. ئێوە لەو مانگرتنەدا جارێکی دیکە یەکگرتووانە پەیامی خۆڕاگری و هاوخەباتیی خۆتان بەگوێی کۆماری ئیسلامیدا دادایەوە و هاوکات پشتیوانی و پشتگیریتان بۆ داوای حیزبە سیاسییەکانتان دووپات کردەوە. بۆیە ئێمە، ئەو شەش حیزب و لایەنە سیاسییەی بانگەوازی مانگرتنەکەمان ڕاگەیاندبوو، ئه‌مه‌گناسیی خۆمان له به‌رانبه‌ر هه‌ڵوێست و ئیراده‌ی بەرز و هەرگیز نەچەماوی ئێوەدا ڕاده‌گه‌یه‌نین و ئەو دەسکەوتە سیاسییە نوێیە دەیکەینە سەرمایەیەکی بەنرخ بۆ په‌ره‌پێدانی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و یه‌کڕیزیی کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسیی کوردستان.

‏هەڵوێستی سیاسی و مانگرتنەکەی ئێوە کە دیسانەکە پێداگری لەسەر "نا"گوتنەوەکان بە کۆماری ئیسلامی و خاوەندارەتیتان لە پرسی سیاسیی ڕەوای گەلەکەمان بوو، جارێکی دیکە پێشانی دا کە پلان و پیلانەکانی دوژمن چەند زۆریش بن نەک هەنگاوی خەبات و بەرخۆدانی پێ شل نەکردووین، بگرە لەسەر ئیمان بە ڕەوایی خەباتەکەمان سوورتری کردووین و لە ئێستادا ئیرادەی سەرکەوتنمان لە هەموو کاتێک بەهێزترە. ‏ئەو هەڵوێستە سیاسییە مانادارەی ئێوە جارێکی دیکە سەلماندی کە سەرکوتی خوێناوی، گرتن و ئەشکەنجە، ئێعدام و سێدارە، تێرۆر و مووشەک‌باران ناتوانن ئیرادەی نەتەوەی کورد بۆ بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشان هەتا دەستەبەری مافە ڕەوا و دێموکراتیکەکانیان بەچۆک دابێنن. ‏ئەو مانگرتنە جارێکی دیکە پێشانیداکە کوردستانی یەکگر و یەکڕیز هەروەها سەنگەری لەشکان‌نەهاتووی خەبات بۆ ئازادییە و بزووتنەوەی سیاسیی کورد هەڵگری ڕەسالەتێکی مێژووییە و هەتا وەدیهێنانی ئامانجە بەرزە مرۆییەکانی لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت. ‏سڵاو لە ئیرادەی بەرز و خەباتگێڕانەتان ‏سڵاو لە ئەرک‌وەخۆگری و خۆڕاگریتان ‏ ‏- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ‏- کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) ‏- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ‏- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران ‏- پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) ‏- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ‏ ‏٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی ‏(١٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣)

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە