هەواڵ

لە سلێمانی ڕێگری لە نمایشتی شانۆگەرییەک بۆ یادی ژینا ئەمینی کرا

لە سلێمانی رێگری لە شانۆگەریی "پەرچەمی ئاگرین" کرا کە بڕیاربوو بۆ ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی نمایشت بکرێت.

شانۆگەرییکە بە پاڵپشتیی ڕێکخراوی "نوێگەر"ەوە ئامادە کرابوو و بڕیار بوو لە پاری ئازادیی شاری سلێمانی نمایشت بکرێت. بەڵام وەک هێڤی مستەفا بەڕێوبەری ڕێکخراوەکە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوزی گوتووە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە "بەبێ هیچ بیانوویەک" قەدەغە کراوە.

هێڤی مستەفا گوتوویەتی: "مۆڵەتی یاساییمان وەرگرتبوو کە ئەم ئێوارەیە شانۆکە پێشکەش بکەین. بەڵام ئاسایشی سلێمانی لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە شانۆکەیان قەدەغە کرد و هەڕەشەی داخستنی ڕێکخراوەکەمانیشیان کرد.

رزگار ئەمین دەرهێنەری شانۆگەرییەکەش، لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبوک نووسیویەتی: "لەگەڵ داوای لێبوردن، ڕایدەگەیەنم وەک پارساڵ، شانۆگەرییەکەمان وەستێنرایەوە. ئەگەر پە مۆڵەتنامە نەبووبێت، ئەمڕۆ دوای مۆڵەت وەرگرتنیش، ڕێگریمان لێکرا. وەک ئەوەی بە نیو کاتژمێر نمایشتی ئێمە شۆڕش هەڵبگیرسێت، یان بە وەستانی نمایشتەکەی ئێمە، شۆڕشی ئازادیی ژن و دەنگی ئازاد دابمرکێتەوە."

ئەو هەروەها نووسیویەتی: "بۆ من ڕۆژی شەهیدبونی ژینا ئەمینی، ڕۆژی ژنانی کوردی ئازادیخوازە و تا بژیم لەو ساڵیادەدا شانۆ نمایشت دەکەم و هەڵوێستم دەبێت... ژن ژیان ئازادی."

ساڵی رابردووش لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی رژیمی ئێران، رزگار ئەمین شانۆگەرییەکی سەر شەقامی بە ناوی: یاران بێدەنگ دامەنیشن، ئامادەکردبوو.

ئەو شانۆگەرییەش سەرەتا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بەبیانووی نەبوونی مۆڵەت ڕێگریی لێ کرابوو.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە