هەواڵ

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: لە هێرش بۆ سەر نووسینگەی هەولێری کەنەکە یەکێتی نەتەوەیی کراوەتە ئامانج

ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی سێپتەمبر ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە، لە شاری هەولێر دژی هێرشە چەکدارییەکەی دوێنێ بۆسەر نووسینگەی ئەو دامەزراوە کوردستانییە، شەهیدکردنی "دەنیز هێڤی" گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا.

بەشدابرووانی ئەو گردبوونەوەیە کە زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکەشیان لەگەڵ بوو، لەکاتێکدا کە وێنەکانی شەهید "دەنیز هێڤی" بە دەستیانەوە بوو، ئەو هێرشەیان بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناو و برد و ڕایانگەیاند: "ئەم کردەوە تیرۆرستییە تەنیا تاوان و دەستدرێژیی بۆ سەر گیانى ئەندامێکی کەنەکە و چالاکوانێکی مەدەنی نییە، بەڵکو دەستدرێژییە بۆ سەر خاکی کوردستان و ئاسایشی هەولێر."

دواتر زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بەو هێرشە قسەی بۆ ڕۆژنامەونووسان کرد.

هاوسەرۆکی کەنەکە گوتی: "دووژمنەکانمان بەم هێرشانە نیشانی دەدەن کە چەندە بە یەکڕیزیمان ناڕەحەتن و لە خەباتی یەکێتی نەتەوەیی دەترسن. لەبەر ئەوەى یەکدەنگیی کورد دەبێتە وڵامێک بۆ ئەو پیلانانەی کە داگیرکەران دەرحەقی گەلەکەمان و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد دەیکەن."

لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا هەروەها ڕاگەیەندراوی فەرمیی کەنەکەی لەسەر ئەو "هێرشە تیرۆریستییە" بۆ ڕاگەیاندنەکان خوێندەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکەدا تیرۆرکردنی دەنیز جەڤدەت بولبوون ناسراو بە "دەنیز هێڤی" بە توندی شەرمەزار کراوە وەک بە ئامانج گرتنی خەباتی یەکێتیی نەتەوەیی و سەرجەم گەلی کورد لێکدراوەتەوە.

کەنەکە، لە بەرامبەر ئەو هێرشە و هەموو هێرشی هاوشێوەی دیکەدا، تەئکیدی لەسەر پێویستیی پتەوکردنی "هێڵی نەتەوەیی و یەکڕیزیی نێوان هەموو هێزە کوردستانییەکان کردۆتەوە. لەو چوارچێوەشدا ڕایگەیاندووە: "سەرەتا داوا لە پارت و رێکخراوەکانی ئەندامی کەنەکە، هەروەها بانگەوازیی لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانییەکانی دیکەش دەکەین لەدژی ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن. لە دژی هەموو هێرشەکانی داگیرکەران یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن."

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە:

رۆژی ١٨ی سێپتەمبری ٢٠٢٣ کاتژمێر یەک و نیوی پاش نیوەڕۆ، هێرشێکی دڕندانە کرایە سەر نووسینگەی کەنەکە لە هەولێر و بەرپرسی نووسینگە و ئەندامی کەنەکە، "دەنیز جەودەت بولبون" شەهید کرا.

ئەم هێرشە هەروا بە رێکەوت نییە. بە ئامانجگرتنی نووسینگەی کەنەکە لە چوارچێوەی بڕیار و پەیامێکی ستراتیژێکی فراواندایە. ئامانجی ئەو هێرشە تەنیا نووسینگە و خەباتکار و ئەندامێکی کەنەکە نییە. لەو هێرشەدا یەکێتیی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، ناخ و مێشکی ستراتیژیی گەلی کوردستان بە ئامانج گیراوە. دوژمنان بەو هێرشانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە چەند لە یەکێتی و یەکریزیی ئێمە دەترسن و چەند پێی قەڵسن. پێویستە هەموو کوردێک ئەو راستییە بزانێت و بەو پێیەش هەنگاو بنێت.

ئێمە هێرشکاران دەناسین، ئەمە هەر درێژەی ئەو هێرشانەیە کە ئەکرێنە سەر رۆژاوای کوردستان، شەنگاڵ، مەخمور، زاپ، مەتینا، ئاڤاشین، سلێمانی و هەموو باشووری کوردستان. ئەو هێرشە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانییەوە پیلانی بۆ دانراوە و جێبەجێ کراوە.

نووسینگەی کەنەکە لە ناو شاری هەولێرە. شەو و رۆژ لەژێر چاودێریی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێردایە. چەندین کامێرای چاودێری لەو دەوروبەرە هەن. ئەگەر بکوژان نەپارێزرێن، چۆن ئاوا بە رۆژی رووناک جەسارەت دەکەن دەست بوەشێنن و پەلاماری نووسینگەی کەنەکە بدەن و مرۆڤ تیرۆر بکەن؟ چۆن دەزگای میت ئاوەها بە ئاسانی لەو شارەدا تەراتێن دەکەن و کەسانی خۆفرۆش دەکەنە سیخوڕ و بکوژی نیشتمانپەروەران؟ کێ مۆڵەتی بە ئەوان داوە و رێگایان بۆ خۆش ئەکات؟

ئەو کارە تیرۆریستییە زۆر پرسیار لەخۆ دەگرێت. وەڵامدەری ئەو پرسیارانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەولێرن. ئەگەر رۆژێک زووتر ئەو تاوانکارانە نەگیرێن و ئەوانەی لە پشتییەوەن ئاشکرا نەکرێن و نەدرێنە دادگا، ئەوا بەرپرسیار دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەولێرە.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن. هەر کەمێک دوای هێرشەکەی هەولێر پەلاماری فرۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی دراو هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرانە ئامانج. ئەجمای ئەو هێرشەششەهیدبوونی ٣ پێشمەرگەو بریداربوونی ٣ پێشمەرگەی دیکە بوو. رۆژێک پێش ئەو هێرشانەش لە شەنگاڵ ٣ فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال، یەبەشە، شەهید کران. لە هەمانکاتیشدا لە رۆژئاڤا، لە مینبج، قامیشلۆ، عاموودا و ترپەسپی، شەڕڤان و کارمەندانی ئاسایش کرانە ئامانج و شەهید و برینداری لێکەوتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە هێرش بۆ سەر هێزەکانی گەریلا بە چەکی قەدەغکراو و کیمایی بە هەموو شێوازێک بەردەوامە.

دەوڵەتی تورکیا بە گشتی لەگەڵ گەلی کوردستان لە شەڕێکی سەختدایە. ئەو شەرەش نەک هەر دژی هێزێکی کوردستانییە، بەڵکوو دژی هەمووگەلی کورد و هەموو کوردستانە. ئەو دەولەتە نەک تەنیا هەر خۆی، بەڵکو دەوڵەتانی تری داگیرکەریش لەدژی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خۆی ئەخاتە جووڵە. پێوستە هەموو کورد و هێزە کوردستانییەکان ئەو راستییە بزانن و بەپێی ئەو راستییەش کار بکەن. هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا و هاوکاریکردنی داگیرکەران، خیانەتە. هێڵی سوورە. نابێ هیچ کوردێک و هیچ هێزێکی کوردستانی ئەو هێڵە ببەزێنێت.

هێرش بۆسەر نووسینگەی کەنەکە بەئامانجگرتنی یەکێتیی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە. لە دژی ئەو هێرشەو هەموو هێرشەکانی دی، پێویستە هێڵی نەتەوەیی بەهێز و پتەو بکرێت و هەموو هێزە کوردستانییەکان یەکڕیز بن. لەو بارەیەوە سەرەتا لە پارت و رێکخراوەکانی ئەندامی کەنەکە، هەروەها بانگەوازیی لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانییەکانی دیکەش دەکەین لەدژی ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن. لە دژی هەموو هێرشەکانی داگیرکەران یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە یەک هەنگاو بەرەو دواوە ناچین. خاوەندارێتی لە شەهیدانمان دەکەین، لە دژی هەموو هێرشەکان رادەوەستین و هێڵی یەکێتی نەتەوەیی ئەپارێزین. لە کەسێتی شەهید دێنیزدا، شەهیدانی فڕۆکەخانەی عەربەتدا، شەهیدانی شەنگاڵ و رۆژاوادا، هەموو شەهیدانی کوردستان بە شکۆوە بەبیردێنینەوە و سەری رێز لە بەرامبەریان دائەنەوێنین. سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان و هەموو گەلی کوردستان ئەکەین.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

٢٠٢٣-٠٩-١٩ برۆکسل

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە