هەواڵ

جەمیل بایک: پەدەکە لەسەر ئەم هەڵوێستەی بەردەوام بێت، لە دەرەوی ویستی ئێمەش بێت، پێکدادان ڕوودەدات

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، هۆشداریی داوەتە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، پەدەکە، کە ئەگەر بێتوو دەست لە سیاسەتی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان هەڵنەگرێت، ئەوا پێکدادان دێتە ئاراوە.

هاوسەرۆکی کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی "شارپرێس" بە ئاماژەدان بە جووڵەی چەکدارانی پەدەکە بەرەو ناوچەی سیدەکان گوتی: "سەنگەرگرتنی پەدەکە لە گەریلا بیانووی شەڕە. ئێمە هەوڵ دەدەین بە عەقڵی سەلیم و بەرپرسیارانە ڕووبەرووی ئەم دۆخە ببینەوە. بەڵام ئەگەر پەدەکە پێداگریی لەسەر ئەم هەڵوێستەی ئێستای بکات، ئەوە بە دڵنیاییەوە، بەبێ ویستی ئێمەش بێت، شەڕ و پێکدادان دێتە ئاراوە."

هاوسەرۆکی کەجەکە ئەم جووڵانەی پەدەکەی وەک ئاکامێکی سەردانی ئەمدواییەی هاکات فیدان وەزیری دەرەوەی ڕژیمی تورکیا بۆ هەولێر لێکدایەوە و گوتی: "ئەم دۆخەی ئێستا برادۆست و سیدەکان لە درێژەی هێرش و پەلامارەکانی ڕژیمی تورکیا بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایە. وادیارە ئەمەش بەرهەمێکی چاوپێکەوتنی هاکان فیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەدەکەیە. ئاشکرایە ئەم پەیوەندییانەی پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و گێرەشێونی و جووڵەپێکردنی هێزەکانی ئامادەکارییە بۆ شەڕ."

جەمیل بایک داوای لە چین و توێژە جیازوازەکانی کوردستان کرد دژی هاوکارییەکانی پەدەکە لەگەڵ سوپای داگیرکەری تورکیا هەڵوێستی جیددی نیشان بدەن. جەمیل بایک گوتی: "پێویستە گەلەکەمان لە ماهیەتی پەیوەندیی نێوان پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا ورد ببنەوە. ئەگەر سەرنج بدەن بە دڵنیاییەوە دەزانن کە ئەم پەیوەندییە لەسەر بنەمای "بەکرێگیراوی" بونیات نراوە. پەدەکە هەموو هاوکارییەکی تورکیا دەکات. زانیاری هەوڵگریی پێدەدات. جێگە و ڕێگەیان بۆ دابین دەکات. لۆجستیک و خۆراکیان پێدەدات و لەسەر شوێنی مانەوەی گەریلاکان سیخوڕی دەکات. وا دیارە لە چاوپێکەوتنی ئەمدواییەیان لەگەڵ هاکان فیدان ئەو هاوکاری و بەکرێگیراوییە قووڵتریش کراوەتەوە.

هاوسەرۆکی کەجەکە ئاماژەی بەوە کرد کە گوایە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ڕژیمی تورکیا لە سەردانی ئەمدواییەیدا بۆ بەغدا نەیتوانیوە بە تەواوی داخوازییەکانی بگات و گوتی: "سەیر لەوەدایە کە بەغدا ملکەچی داواکارییەکانی تورکیا نەبوو، بەڵام بەداخەوە هەولێر ملکەچی ئەردۆغان بوو."

جەمیل بایک لە بەشێکی تری وتوێژەکەدا سەبارەت بە ئەجێندای ڕژیمی تورکیا بەرامبەر بە گەلی کورد بەبیری هێنایەوە کە "ئەگەر فاکتەری تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لەسەر دەوڵەتی تورکیا نەبوایە، ئەوا مسۆگەر تورکیا هەلومەرجی نوێی لە عێراق و ستاتۆی باشووری کوردستانی قبووڵ دەکات."

هاوسەرۆکی کەجەکە سەبارەت بە هێرشی ئەمدواییەی ڕژیمی تورکیا بۆسەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی گوتی: ""ئه‌وه‌ بۆ چاوترسێنکردنی گەلی سلێمانی‌ و بەگشتی خەڵکی ئەو هەرێمەیە. دەیانەوێت هەروەک چۆن هەرێمی بادینانیان کردۆتە شوێنی تەراتێنی میت و سوپای داگیرکەری تورکیا، هەرێمی سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنن‌ و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانیش ناچاربکەن کە ئەویش وەک پەدەکە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا بکات. به‌ڵام هێشتا سلێمانی‌ و گەلی ئەو هەرێمە دەستی لەهەڵوێستی نیشتمانپەروەریی خۆی بەرنەداوە. هەربۆیە هێرشێکی نوێیان ئەنجامدا. ئێمە ئەم هێرشە بەتوندی شەرمەزاردەکەین‌ و ڕایدەگەیه‌نین کە بڕوای تەواومان هەیە کە سلێمانی‌ و گەلەکەمان لەو هەرێمە لەسەر لەهەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەیان بەردەوام دەبن، لەمەدا هیچ گومانێکمان نییە."

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە