هەواڵ

سەید ئەڤران ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەری بە ئەزموونی "ڕاگەیاندنی ئازاد" ماڵئاوایی لە ژیان کرد

یەکێتیی ڕاگەیاندنی ئازاد، یەرەئا، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە هاوڕێ و هاوکاری بە ئەزموونیان، سەید ئەڤران ڕۆژی ٢٢ی سێپتەمبر لە هەرێمە خۆسەرەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهۆی وەستانی دڵییەوە، گیانی بەخت کردووە.

لە لێدوانەکەی "یەرەئا"دا هاتووە: " کۆڵەکەیەکی دیکەی راگەیاندنی ئازادی کوردستان بەرەو بێکۆتایی کۆچی کرد. هەڤاڵمان کە ماوەیەکی زۆر بوو گیرۆدەی نەخۆشی بوو، لەو نەخۆشخانەیەی چارەسەری بۆ دەکرا، شەهید بوو."

یەرەئا شەهید سەید ئەڤرانی وەک بیر و یادوەری راگەیاندنی ئازاد بە درێژایی ٣٠ ساڵی رابردوو وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە: "لە سەر رێگەی شکۆ و پەیوەستبوون بووە رێبوارێکی چالاکی نەسرەوتوو. تامەزرۆیی، خەبات بۆ رۆشنکردنەوەی کۆمەڵگەکان و پێداگرییەکەی لە سەر تێکۆشان هەموو ئاستەنگ و لەمپەر و تەنگوچەڵەمەکانی لە بەردەمی رادەماڵی. بە هەڵوێست، جموجۆڵ و پێنووسەکەی، لە لاپەڕەکانی راگەیاندنی ئازاددا جێگەیەکی بێهاوتای گرتووە."

یەرەئا ئەزموونی دەیان ساڵەی سەید ئەڤران لە بواری ڕاگەیاندنی ئازادی بەبیر هێناوەتەوە و ڕایگەیاندووە: " لەو کاتەدا کە مرۆڤەکان دەترسان رۆژنامە بخوێننەوە، ئەو بە بێ دوودڵی ئەو کارەی بەڕێوەدەبرد. لە پێناو ئەوین و ئەشقی راستی و ئازادیدا زۆر جار رووبەڕووی مەرگ بووەوە."

سەید مەحموود ئەڤران ناسراو بە سەید ئەڤران ساڵی ١٩٦٩ لە ناوچەی "هێنی"ی ئامەد، لە باکووری کوردستان، لەدایک بوو. لە سەرەتای ١٩٩٠ەکانەوە بەشداری تێکۆشانی ئازادی بوو و هەر لەو کاتەوە دەستی بە خەباتی ڕاگەیاندن کرد.

وەک یەرەئا لە ڕاگەیاندنەکەیدا ئاماژەی پێداوە، لە دژوارترین ساڵەکانی ئەو سەردەمەی باکووری کوردستاندا کە "گوندەکان دەسووتێنران، ڕۆژنامەنووسەکان لەسەر شەقامەکان تیرۆر دەکران و بە هەزاران کەس خرابوونە زیندانەوە، سەید ئەڤران بەبێ دردۆنگی کاری ڕاگەیاندنی دەکرد.

هەر ئەو ساڵانە بەهۆی ڕاپۆرت و هەواڵەکانییەوە، چەند جار دەستبەسەر و زیندانی کرا.

شەوی ٤ی دێسەمبری ساڵی ١٩٩٤ نووسینگەکانی ڕۆژنامەی "ئوزگور ئولکە" لە ئەستەمبووڵ، ئامەد و ئەنکەرە لە یەک کاتدا تەقێندرانەوە. ئەو شەوە لەو هێرشەدا سەید ئەڤران و ٢٣ هاوکاری ڕۆژنامەنووسی دیکەی بریندار بوون.

سەید ئەڤران دواتر ڕووی کردە چیاکان و ئەمجارە بووە زمانحاڵی تێکۆشانی سەر چیا. هەوڵی دا بە پێنووسەکەی ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت بۆ ڕای گشتی بگوازێتەوە.

دواتریش بۆ چەند ساڵێک ڕووی لە ئەرمینیا و رووسیا کرد و لە دۆخی کۆمەڵگەی کورد لەو وڵاتانە و کەسایەتییە ناودارەکانیانی کۆڵیەوە.

ساڵی ٢٠١٢ دوای دەست پێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، گۆڕەپانی خەباتی گواستەوە بۆ ڕۆژاڤا و بووە یەکێک لەو کەسانەی بەردی بناغەی ڕاگەیاندنی شۆڕشی دانا.

وەک لە لێدوانەکەی یەرەئادا ئاماژەی پێ کراوە، "لە دێرکەوە تا عەفرین لە تەواوی جوگرادیای هەرێمەکە هەنگاو بە هەنگاو دەگەڕێت، چاودێری قۆناغەکانی شۆڕش دەکات و بە دەیان خوێندکار پەروەردە دەکات. بەو خەباتەیەوە دەبێتە یەک لە کۆڵەکە و پایەکانی شۆڕشی رۆژئاوا و راگەیاندنی شۆڕش. ئەو بەرپرسیارێتی خۆی لە سەرخستنی، رۆڵ و گرنگی راگەیاندنی تا دواساتی ژیانی بە سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد.

لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە دۆخی تەندرووستیی تێکچوو. دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ بوو و چەند جار نەشتەرگەریی بۆ کرا.

لەم دواییەدا جارێکی تر نەخۆشییەکەی سەریهەڵدایەوە و دۆخی تەندرووستیی تێکچوو. جارێکی تر لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە. بەڵام سەرباری هەموو هەوڵەکان بەیانیی ڕۆژی ٢٢ی سێپتەمبر دڵی لە لێدان وەستا و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

یەرەئا لە لێدواکەیدا سەید ئەڤرانی هاوشێوەی ئاپێ مووسا، غوربەتللی ئەرسۆز و دەیان خەباتکاری دیکەی بواری ڕاگەیاندن وەک "مەشخەڵ"ێک وەسف کردووە کە بەردەوام ڕۆشنکەرەوەی رێگەی ڕاستین.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە