هەواڵ

جوانا سنە، ئەندامی کژار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کژار، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە چارەنووسی "جوانا سنە" ئەندامی ئەو ڕێکخراوە سیاسییە، هۆشداری داوە و بەرپرسیاریتیی ژیانی ئەو ئەندامەیانی خستووەتە سەر ڕژیمی ئێران.

لە ڕاگەیەندراوەکەی کژاردا هاتووە کە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژ، هێزەکانی رژێمی ئێران، "وریشە مورادی" بە ناسناوی "جوانا سنە"یان لە نزیک شاری سنە ڕفاندووە و لەو کاتەوە چارەنووسی نادیارە.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی کژاردا ئاماژەی پێکراوە، جوانا سنە بۆ چالاکیی سیاسی و ڕێکخراوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە.

کژار لە راگەیاندنەکەیدا کە ئاڕاستەی ڕای گشتیی، ڕاپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کردووە، نووسیویەتی: "بە درێژایی ئەم ماوەیە سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی جوانا سنە بەدەست نەگەیشتووە. ئەمەش نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەکەی و کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست کردووە."

کژار هەروەها هۆشداریی داوە کە "بەهۆی بێسەروشوێن کردنی زۆرەملێی هەڤاڵ جوانا سنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بەرپرسیارێتیی ژیانی لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە.

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داواشی لە ڕای گشتی و ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ کردووە سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملیی هەڤاڵ جوانا و سیناریۆی دامەزراوە ئەمنییەکان لەدژی، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە